بەربژێرێکی پارتی: مادەی 140 جێبەجێ نەکرێت، دەبێت بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر دەڵێت، "رێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان متمانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکردووەتەوە." دەشڵێت، "مادەی 140 دەبێتە پێشینەی کارەکانیان، یان دەبێت جێبەجێ بکرێت یاخود بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکرێت."
 
ئەمڕۆ هەینی 07-11-2025 سیروان عارەب، بەربژێری پارتی لە بازنەی هەولێر میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی بەیانیی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، "پرۆسەی بانگەشە هێمن و لەسەرخۆ بوو، بەتایبەتی بەربژێرانی پارتی کە توانیمان پەیام و ئامانجی پارتی بە ئارامی و دوور لە گرژی و خەڵک بێزارکردن بگەیێنین، بۆ ئەوەی بتوانین زۆترین دەنگ کۆبکەینەوە و داکۆکی لە ماف و شایستە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین."
 
ئەو بەربژێرەی پارتی لە بازنەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "پارتی ئەمجارە باشتر خۆی ئامادە کردبوو، بە جۆرێک کە بگاتە سەرجەم کوچە و کۆڵانەکان، ببێتە هۆکارێک بۆئەوەی 11ی تشرینی دووەم ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕین."
 
سیروان عارەب دەڵێت، "بەڵێنم داوە کار بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 بکەم، ئەمە بەڵێنێکی قورس نییە، بەهۆی پسپۆڕییەکەمان و ئەو رابردووەی کارمان تێیدا کردووە، بەهۆی پارتی بوونمان کە سازش ناکات لەسەر پرسە نەتەوەییەکان."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، "ئیستا مادەی 140 بە گرنگترین مادەی دەستووری هاتووە لە کارنامەی پارتیدا، لە خولی شەشەم بە چڕی کار لەسەر ئەوە دەکەین پرسی مادەی 140 یەکلایی بکرێتەوە، کە دەبوو ساڵی 2007 یەکلایی کرابایەتەوە، بەڵام نەتواندرا بە باشی کاری لەسەر بکرێت."
 
ئەو بەربژێرەی پارتی جەختی لەوە کردەوە، مادەی 140 دەبێتە پێشینەی کارەکانیان، "یان دەبێ جێبەجێ بکرێت یاخود بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکرێت."
 
گوتیشی، "ئەگەر لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی کوردستانی توانیمان بە یەکدەست کار بکەین، پرۆژەیاسای نەوت و گاز کە لە 2007ـەوە نووسراوە و دەستکاری دەکرێت، تێدەپەڕێنین و دەکرێت ماف و شایستەی هەرێمی کوردستان و هەرێمەکانی دیکە کە لە عێراق دروست دەبن، دیاری بکرێت."
 
بە بڕوای سیروان عارەب، "دەبێت نەوت و گاز بخرێتە گەڕ بۆ خزمەتی عێراق و ئابووریی عێراق سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە، ئەم پرسە تاوەکو ئێستا بە نەتەوەیی و نیشتمانی نەکراوە و بووەتە هۆی ئەوەی مافی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە بودجەی گشتی گرفتی بۆ دروست ببێت."
 
لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بۆ ئەم قۆناخە زۆر باش بوو، دەکرێ بکرێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێ ببینین."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا نیەتپاکی لەنێوان هەردوولا دروست بووە و ئەو رێککەوتنە بووەتە هۆی دروستبوونەوەی متمانە، چونکە ئێمە پێشتر متمانەمان بە حکومەتی عێراق نەمابوو، بەڵام دوای رێککەوتنە سەرەتاییەکە کە بۆ 60 رۆژ بوو و ئێستا زیاتر بووە، ئێستا لەم قۆناخەدا هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی بە جیاوازی کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت و بخرێتە خزمەت خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان."