وەزارەتی پێشمەرگە: گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و عێراق دەستیپێکردووەتەوە و لە رێککەوتنی ستراتیژی بەشدارین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەستیپێکردووەتەوە و سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەش بەشدارە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەستیپێکردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتی ئەمریکا و عێراق لە 6ی تشرینی دووەمی 2025 راوێژێکی تەکنیکییان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوولا بە بەشداریی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا."
 
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستووەتەڕوو، "پێشمەرگە لە رێککەوتنی ستراتیژی بەشدارە."
 
"نوێنەرانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە: بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییە درێژخایەنەکان لەنێوانیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردن، بەرگریکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنیی عێراق، بە هێزی پێشمەرگەشەوە،" ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا باس لەوە کراوە، "ئەم هاوکاریانە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پاراستنی سەروەری عێراق و تێکشکاندنی تیرۆرە."
 
ئەمڕۆ هەینی 7ی تشرینی دووەمی 2025 لیوا سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 6ی تشرینی دووەم شاندێکی باڵای ئەمریکی و عێراقی لە بەغدا راوێژێکی تەکنیکییان لەبارەی داهاتووی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ساڵی 2008 و بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "بەشداربووان پابەندبوونی خۆیان بە دامەزراندنی قۆناخێکی نوێی هاوکاریی ئەمنی دووپاتکردەوە، کە عێراقی فیدراڵ بەهێز دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی و سوودی بەرچاوی بۆ گەلانی ئەمریکا و عێراق دەبێت."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەرپرسە باڵاکان لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە راوێژەکانیان بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاریی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەسەر ئاستی درێژخایەن.
 
ئامانج لەو هاوکارییە نوێیە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بریتییە لە "پشتگیریکردن و بەهێزکردنی توانست و ئامادەیی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانی عێراق، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، هەروەها پاراستنی سەروەریی عێراق، تێکشکاندنی تیرۆر، بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵى 2008 رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژییان واژۆ کرد لەبارەى گۆڕینى ئەرکى سوپاى ئەمریکا لە شەڕەوە بۆ مەشق، دواى ئەوەى لە ساڵى 2011 سوپاى ئەو وڵاتە لە عێراق کشایەوە. هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
 
27ی ئەیلوولی 2024 ئەمریکا و عێراق گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە هاوئاهەنگی سەربازیی نێوانیان راگەیاند کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی جەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی داعش لە عێراق.
 
ئێستا بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون، تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەمێننەوە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە کە لە ئەیلوولی 2026 ئەو هێزانە باشووری کوردستان چۆڵ بکەن، "ئەوکاتە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ مانەوەی ئەو هێزانە و هەڕەشەکانی تیرۆر و داعش دەکەین، ئینجا بڕیار دەدەین هێزەکان بە تەواوی بکشێنینەوە یانیش مانەوەیان درێژ بکەینەوە.