ئاماری نوێی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان؛ 856 هەزار وەرنەگیراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دهۆک یەکەم و هەولێر سێیەمە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدان، لە کەرکووک نزیکەی 130 هەزار لەو کارتانە دابەش کراون، نەجەف کەمترین رێژەی وەرگرتنەوەی کارتی هەیە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدانی بڵاو کردەوە کە تاوەکو 6ی تشرینی دووەمی 2024 وەرگیراونەتەوە.
 
لە 3 ملیۆن و 583 هەزار و 649 کارتی نوێی دەنگدان، دوو ملیۆن و 727 هەزار و 549یان وەرگیراونەتەوە کە 76.1%ی هەموو کارتەکانى پارێزگاکە دەکات. 856 هەزار و 145 کارت وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە 23.9%.
 
ئەو کارتە نوێیانە هی ئەو دەنگدەرانەن کە یەکەمجارە بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن و تۆماریان نوێکردووەتەوە و ئەوانە دەگرێتەوە کە یەکەمجارە تەمەنیان دەگاتە ئاستی دەنگدان لەگەڵ ئەوانەی پێشتر مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ئەو کارتانەیان نەبووە.
 
پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمە لە وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدان، کە 85 هەزار و 751 کارت بووە و دەکاتە 93.4%.
 
نەینەوا لە پلەی دووەمدایە و 412 هەزار و 52 کارت دابەش کراون کە 90.4%ی کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایەیە.
 
لە هەولێر، 145 هەزار و 571 کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە 89.7%ی هەموو کارتەکان و کە سێیەمە لەسەر ئاستی عێراق و دووەمە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و  16 هەزار و 659 کارت لەو پارێزگایە ماون کە وەرنەگیراونەتەوە.
 
ژمارەی ئەو کارتە نوێیانەی کە لە پارێزگای سلێمانی وەرگیرانەوە، 110 هەزار و 943 کارتن کە دەکاتە 82.3%ی ئەو پارێزگایە، 23 هەزار و 880 کارت ماون دابەش بکرێن.
 
لە کەرکووک 129 هەزار و 390 کارتی نوێی دەنگدان دابەش کراون کە 86.1%ی هەموو کارتە نوێیەکانی دەنگدانی پارێزگاکەیە و تاوەکو 6ی تشرینی دووەم 20 هەزار و 950 کارت ماون وەربگیرێنەوە.
 
بەگوێرەی رێکارەکانى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق تاوەکو رۆژی دەنگدان لە 11ی تشرینی دووەم دەنگدەران دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان.
 
لەسەر ئاستی عێراق کەمترین کارتی نوێی دەنگدان کە وەرگیرابێتەوە لە پارێزگای نەجەف بووە کە 69 هەزار و 159 کارتی دەنگدان دابەش کراون و دەکاتە 54.5%ی تێکڕای ژمارەی کارتەکان،  57 هەزار و 710 کارتی نوێی دەنگدان لەو پارێزگایە وەرنەگیراونەتەوە.