سەرلیستی کۆمەڵ لە هەولێر: دەستوور لەژێر هەڕەشەدایە
رووداو دیجیتاڵ
سەرلیستی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەندێک لە بەربژێرە عەرەبەکان پلانیان هەیە بە زیانی هەرێمی کوردستان دەستوور هەموار بکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەگەر دەنگ بهێنم، کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکەم.''
رۆژی هەینی، 07-11-2025، شوان رابەر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکیشیکرد رایگەیاند، زۆر بە گەرمی چوونەتە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن و هێشتا بەردەوامن.
شوان رابەر ئاماژەی دا، ''هەر لە سەرەتاوە پلانێکی باشمان لە سەرکردایەتییەوە هەبوو و لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنیشمانەوە سەرجەم قۆناخە پلان بۆ داڕێژراوەکان [بۆ بانگەشە] جێبەجێکراون.''
سەرلیستی کۆمەڵی دادگەری لە هەولێر ئاماژەی بە توانای حیزبەکەی کرد بۆ بانگەشە و گوتی، ''بانگەشەی هەڵبژاردن پەیوەندی بە توانای داراییەوە هەیە، کۆمەڵ لەڕووی داراییەوە باش نییە، بۆیە بەربژێرەکانی پارەیەکی ئەوتۆیان بەدەستەوە نییە.''
وەک شوان رابەر دەڵێت، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە چەند رێگەیەکەوە بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن کردووە، ''نامە بۆ خەڵک دەنێرین، تەلەفۆن بۆ خەڵک دەکەین و سەردانیان دەکەین. هەروەها کەرنەڤاڵ بەڕێوەدەبەین و لە میدیاش قسە دەکەین. خەڵکیش پەیوەندیمان پێوە دەگرێت.''
بە گوێرەی راپرسییەکانی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هیچ کورسییەک بەدەستناهێنێت یان تەنیا یەک کورسی دەباتەوە. ئەو بەربژێرەی کۆمەڵ باسی لەوە کرد، ''بەداخەوە زۆر شت لە هەرێمی کوردستان بە سیاسەت کراوە، تەنانەت راپرسییەکانیش. ئێمە بە هیچ شێوەیەک پشت بەو راپرسییە نابەستین و ترسیشمان لێی نییە.''
''دەستوور لەژێر هەڕەشەدایە''
کارکردن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، یەکێک لەو خاڵانەیە کە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تیشکیان خستووەتە سەر.
شوان رابەر جەختی لەوە کردەوە، ''دەستوور لەژێر هەڕەشەدایە، لە داهاتوودا هەندێک لە بەربژێرە عەرەبەکان دەیانەوێت لە بەغدا دەستوور بە ئاراستەیەک هەموار بکەنەوە کە لە بەرژەوەندیی عێراقی فیدراڵ و بە زیانی هەرێمی کوردستان بێت.''
ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەشڵێت، ''ئەگەر دەربچم بۆ پەرلەمانی عێراق، کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکەم، ناکرێ هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە. تەنانەت دەبێ لەژێر تیشکی ئەو دەستوورە، هەندێک یاسا دەربچن کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بن.''
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی دوایین رۆژی دەبێت.
رۆژی 11-11-2025، دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.