لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر رۆژی خوێندکاری کورد هاودەنگ نین

رووداو - هەولێر

رۆژی خوێندکار، رێوڕەسمێکی خوێندکارانی کوردە لە زانکۆی تاران دژی لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

خوێندکاران لە هەلێک دەگەڕێن بۆ دەربڕینی نەوتراوەکانیان و بۆ ئەوان رۆژی خوێندکار، لەوانەیە گرینگترین رۆژ بێ کە بتوانن بە ئازادانە، باس لە خواست و ویستەکانیان بکەن.

 لە ئێران رۆژی 16ی سەرماوەزی ساڵی 1332ی هەتاوی واتە لەساڵی 1953ی زاینی، سێ خوێندکاری زانکۆی تاران لەنارەزایەتییەکان بە سەردانی ریچارد نیکسۆن، جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کوژران.

 دوای هاتنەسەرکاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی، ئەو رۆژە وەکو هێمایەکی دژایەتیکردنی خوێندکارانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە گرینگی پێدەدرێ، بەڵام زۆربەی خوێندکاران لە رێوڕەسمە حکومییەکاندا بەشداری ناکەن. بەو هۆکارە کە ئەوان خۆیان لەگەڵ ئەو جۆرە رێوڕەسمانە بەنامۆ دەبینن. دەیانەوێ خوێندکاری ئازاد بن و رێوڕەسمەکانیشیان بۆخۆیان بەڕێوە ببەن.

زانکۆکان لەو ساڵانەی دواییدا بەردەوام خۆپێشاندان و نارەزایەتی لەو جۆرەیان تێدابووە. خوێندکارانی کوردیش هەم لە نارەزایەتییەکاندا و هەم لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی کولتووری و هونەریدا بە پێکهاتەیەکی چالاک و زیندووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران ئەژمار دەکرێن. وەک  ئەو رێوڕەسمە کە لەگەڵ شایی و هەڵپەڕین ئاوێتەکراوە.

لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و زانکۆکانی ئێرانیش، خوێندکارانی کورد خاوەنی چەندین گۆڤار، و دامەزراوەی مەدەنین. تاوەکو ئێستاش چەندینجار هەوڵی دامەزراندنی رێکخراوێکی گشتگیری خوێندکارانی کورد دراوە کە بەهۆی مۆڵەت پێنەدان و گووشاری لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان، زۆر پەرەی نەگرتووە.

لایەنەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرامبەر بە رۆژی خوێندکار لە ئێران و کوردستان وەکوو یەک بیر ناکەنەوە. حیزبی دیموکرات رۆژی 12ی بانەمەڕ، ساڵیادی شەهیدکرانی سمایل شەریفزادە، لەرێبەرانی ئەو حیزبەی کردووەتە رۆژی خوێندکار، بەڵام لایەنەکانی دیکە و بەتایبەت کۆمەڵە کە خۆی بە هەڵقوڵاوی بزووتنەوەی خوێندکاری دەزانێ، هێشتا هیچ رۆژێکیان بە رۆژی خوێندکاری کورد دیارینەکردووە.