ئامارا... لە چاوەڕوانی ئۆجەلاندا
رووداو- ئامارا
كاتێك عەبدوڵلا ئۆجەلان كە دواتر بە ئاپۆ ناوی دەركرد لەدایك بوو، گوندی ئامارا وەكو هەزاران گوندی دیكەی كوردستان نەك هەر لەسەر نەخشەی سیاسیی كوردستان بەڵكو لە دەڤەرەكەی خۆشیاندا ناوبانگی نەبوو. بەڵام دواتر ژیانی ئۆجەلان نەك ئاوایی ئامارا بەڵكو نەتەوەیەكی بەخۆیەوە گرێدا.
گوندی ئامارا، دەكەوێتە نزیك قەزای خەڵەفتێ لە پارێزگای ئورفا. نزیكەی 150 ماڵ دەبێت و دانیشتووانەكەی نزیكەی 1800 كەسن. بەڵام بەهۆی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و گوشاری سیاسییەوە، زۆربەی گەنجەكانی روویان لە ئەڵمانیا كردووە. زۆرینەی دانیشتووانی گوندەكە كوردن، سەرەڕای گوشارەكانی دەوڵەت توانیویانە زمانە كوردییەكەیان بپارێزن.
رێگای چوونە نێو ئامارا، قیرتاو نەكراوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەڤەرەكەوە نەك هیچ خزمەتێك نەكراوە، بەڵكو تا كاتی گرتنی ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا، یەكێك بووە لەو شوێنانەی دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی چاوی لەسەری بووە، فیشەكێك لە دەڤەرەكە بتەقیبایە، گوندی ئامارا بەگشتی و ماڵباتی ئۆجەلان بە تایبەتی رووبەڕووی سووكایەتی و ئەشكەنجە و توندوتیژی دەبوونەوە. سەربازەكان تۆڵەی خۆیان لە دانیشتووانی گوندەكە دەكردەوە و لێیان دەپرسین: ئاپۆ لە كوێیە؟ پرسیارێك كە وەڵامەكەی لای ئەوان نەبوو.
ئەو رۆژەی ئێمە چووین بۆ گوندی ئامارا تا بەشێك لە شوێنی ژیان و جێگای لەدایكبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمار بكەین، رۆژێكی خۆش بوو، بەڵام كزەبای ساردی پایزی ئەو كەمە گەڵایانەی بە دارەكانەوە مابوونە، وشكهەڵگەڕاندبوو، بەتایبەتی دار فستقەكان كە بەدرێژایی نێوان رۆحا و ئامارا لەمبەر و ئەوبەری جادەكەوە بەدوای یەكدا وەكو شەمەندەفەرێك ریزبوون. بستەی ئەو دەڤەرە بەناوبانگە و كاریگەرییەكی باشی لەسەر باری ئابووریی ناوچەكە داناوە.
لای نیوەڕۆ گەیشتینە ناو ئاوایی ئامارا، ناوە توركییەكەی ئومەرلییە. سەت ساڵ پێش ئێستا باب و باپیرانی ئۆجەلان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە لە بایەزیدەوە روودەكەنە ئەو گوندە و ئیدی لەوێ نیشتەجێ دەبن. بە تەنیشت مزگەوتی گوندەكەوە كە لەدوورڕا منارە بەرزەكەی دیاربوو، تێپەڕین. بە چەند كۆڵانێكی تەنگەبەردا رۆیشتین، دوای ئەوەی پرسیاری ماڵی ئۆجەلانمان كرد، گەیشتینە بەردەمی ماڵێك، دەرگایەكی گەورە، بە رەنگێكی شینی ئاسمانی بۆیە كراوە، دوو كۆڵانی تەنگەبەر لەبەردەمی ماڵی ئۆجەلان بەیەك دەگەن.
لە دەرگاماندا، بەڵام كەس بەدەنگمانەوە نەهات، كاتێك خۆمان دەرگاكەمان كردەوە، چووینە ناو حەوشەیەكی گەورەوە، بەشێكی زۆری بە چەو و زیخ داپۆشرابوو، بە چواردەوری حەوشەكەدا چەندین دار بەرزبوونەتەوە، مێزێك و چەند كورسییەكی نایلۆن لە ناوەڕاستی حەوشەكەدا دانراوە. دوو ژوور بەشێوەیەكی كۆن رووەو قیبلە دروستكراون، دەتگوت لەبەر خۆرەكەدا خۆیان پاڵخستووە. بەری ئەمبەری حەوشەكە بە بلۆك یەك دوو ژووری لێدروستكراوە، بەڵام زۆر پەرپووت دەهاتنە پێش چاو و هێشتا دەرگاو پەنجەرەیان تێدا نییە. لەلای راستی ئەو دەرگایەی كە دێیتە ژوورەوە، تەوالێتێكی سەرنەگیرا و تانكییەكی ئاو و سەتڵێك، ئاو بێنەو دەست بشۆ. ئەمە ئەو شوێنەیە كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 4ی نیسانی 1949 تێیدا لەدایك بووە.
گوندی ئامارا و گوندەكەی ماندێلا، كونۆ، كە پارساڵ لە كاتی ناشتنی ماندێلادا سەردانمان كرد، لە زۆر رووەوە لەیەك دەچن. ماڵەكەی ماندێلا و ئۆجەلان بەتایبەتی لە سادەو ساكاریدا زۆر لەیەكەوە نزیكن، جیاوازییەكەیان ئەوەیە كە ماڵی ماندێلا كراوەتە مۆزەخانە و هەموو یادەوەرییەكانی ماندێلای تێدا پارێزراوە، ژوورەكەی ئاپۆ چەند دۆشەكێك و چەند وێنەیەكی خۆی بە دیوارەكەدا هەڵواسراوە و لە شوێنێكدا قسە بەناوبانگەكەی خۆی "ئان ئازادی ئان ئازادی"، لەسەر رۆژژمێرێك نووسراوە و بە دیوارەكەدا هەڵواسراوە.
گوندەكەی ئۆجەلان وەكو زۆرێك لە گوندەكانی دیكەی كوردستان، قوتابخانەی تێدا نەبووە، هەر بۆیە دەبوو رۆژانە بەپێ زیاتر لە حەوت كیلۆمەتر رێگا ببڕێت بۆ گوندێكی دراوسێیان تا لەوێ بخوێنێت. ئۆجەلان یەكێك بووە لە هەژارترین قوتابیانی پۆلەكەی، بەڵام مامۆستایەكی گەواهی ئەوەی بۆ دەدات كە زیرەكیی لە ماتماتیكدا، مامۆستاكانی سەرسام كردووە.
محەممەد ئۆجەلان لەسەر دۆشەكێك خۆی درێژ كردبوو، كاتێك هاوكارەكەم بە دەنگی بەرز هاوارێكی لێكرد، بە پەلە بە روویەكی خۆشەوە هاتە دەرەوە و زۆر بەگەرمی بەخێری هێناین، بە پێكەنینەوە گوتی: هون بەخێر بێن رووداو.
لە ژوورە تەواونەكراوەكەی ئەوبەری حەوشەكەدا، چەند هەنارێك و قاپێكی پڕ لە فستقی هێناو لەسەر مێزە پلاستیكەكە داینا. یەك دوو چەقۆی مشاری لەسەر مێزەكە دانا و گوتی ئەوە بەرهەمی باخی خۆمانە، تامیان خۆشە، بەكەیفی خۆتان بخۆن.
محەممەد ئۆجەلان دوو ساڵ لە ئاپۆ بچووكترە، بەڵام هەموو ژیانی ئاپۆی برای لەبەرە، محەممەد ئاوا باسی منداڵیی ئاپۆی بۆ كردین: "لە منداڵیدا خولیای باڵندەگرتن بوو، دوای ئەوەی كە گەورەی دەكردن، بەرەڵای دەكردن. بەڵام یەكێك بوو لە دوژمنە سەرسەختەكانی مار، بۆیە هەر فرسەتێكی بهێنایە مارێكی دەكوشت".
زۆرجار عەبدوڵلا ئۆجەلان باسی خانەوادەكەی خۆی دەكات و دەڵێت كە دایكی كەسێكی زبردەست بووە، بەسەر باوكیدا زاڵ بووە. محەممەد ئۆجەلان قسەكانی ئاپۆی پشتڕاست دەكردەوە " باوكم كەسێكی سادە بوو، بەڵام دایكم دیكتاتۆر بوو".
زۆربەی ئەوانەی لە گوندەكە لەسەر ژیانی منداڵیی عەبدوڵلا ئۆجەلان قسەم لەگەڵ كردن، باسی قنجێتی (خوڕەوشتبەرزی)ی ئاپۆیان دەكرد و باسی ئەوەیان دەكرد كە لە منداڵی و لاوێتیدا هەتا بڵێی كەسێكی پەیوەست بووە بە ئاینی ئیسلامەوە، كورد گوتەنی (سەری بچووبایە نوێژی نەدەچوو)، هەربۆیە بە گەرما و سەرما، هەروەها كاتێك دەچوو بۆ گوندەكەی دراوسێیان بۆ خوێندن، لە كاتی خۆیدا نوێژەكانی دەكرد و رووی دەكردە خودا، پێش ئەوەی مەلا بانگی بەیانی بدات، ئۆجەلان لە مزگەوتی گوندەكە ئامادە دەبوو.
موسلیم پیاوێكی بەتەمەنە، بە حەسرەتی ئەوەیە جارێكی دیكە لە نزیكەوە ئاپۆ ببینێتەوە، بەڵام ئەوەی كە ئەو لەبیری ناكات نوێژپاكیی ئۆجەلانە لەسەردەمی منداڵیدا "كەسێكی رند و بەدین بوو، بەداخەوە كە وایان بەسەر هێنا و هەقیان خوارد". محەممەد ئۆجەلان باس لەوە دەكات كە عەبدوڵڵای برای زۆرجار منداڵەكانی كۆكردووەتەوە و پێشنوێژیی بۆ كردوون.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە دەست دەكات بە خوێندنەوە و تەنانەت منداڵان و لاوانی گوندەكە هان دەدات بۆئەوەی بخوێننەوە.
ساڵی 1977 دوا ماڵئاوایی لە گوندەكەی دەكات، روو لە شارە گەورەكان دەكات، دەكەوێتە ژێر كاریگەری تەوژمی چەپگەرایی و سۆسیالیستی. بەڵام هاوكات بەدوای ناسنامەی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت "كوردبوون". محەممەد ئۆجەلان كە لە نووكەوە هەموو شتێكی دەربارەی عەبدوڵڵای برای بۆ گێڕاینەوە، دەڵێت "ئاپۆ منداڵێكی كورد بوو، كاتێك چووە ئەنكەرە، دنیایەكی دیكەی بینی، ناعەدالەتی و چەوساندنەوەی گەلەكەی بینی و تەنانەت گوندەكەی كە ئاوی پاكی خواردنەوەمان نەبوو. بەدوای هۆكاری شكستی شۆڕشەكاندا دەگەڕا". ئەو دنیایەی كە ئاپۆ پێی ئاشنا دەبێت جیاوازە لە دنیای گوندەكەی، لە ئەنكەرە، كوردی شارەكانی دیكەی كوردستان دەبینێ و لەدەوری خۆی كۆیاندەكاتەوە تا سەرئەنجام لە ساڵی 1978 لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێیدا، لە گوندی (فیس) لە ئاماد، پارتی كرێكارانی كوردستان دادەمەزرێنێ.
ساڵی 1977، باوكی ئۆجەلان كە پیاوێكی دیندار بووە، كاتێك دەبیستێ ئۆجەلان خولیای كوردایەتی كەوتووەتە سەری، پێیدەڵێت "كوڕم دەڵێن وازتان لە كۆمۆنیستی و سۆسیالیستی هێناوە و باسی كوردایەتی دەكەن، بچنەوە بەلای چەپێتیەكەی خۆتانەوە، كوردایەتی بارێكی گرانە، هەڵگرتنی ئەو بارە هەروا ئاسان نییە". ئەوە قسەی محەممەد ئۆجەلانە كە لەزاری باوكییەوە دەیگێڕێتەوە. لەو ساڵەوە ئاپۆ، نە دایك و نە باوك و نە گوندەكەی بە چاوی خۆی نەبینییەوە.
گۆڕانكارییە سیاسییەكانی نێو توركیا و كودەتا سەربازییەكان، ئۆجەلان ناچاردەكەن روو بكاتە دەرەوەی باكووری كوردستان. یەكەمین وێستگەی ئۆجەلان، كۆبانێ دەبێت لە رۆژئاوای كوردستان كە دەكەوێتە ئەودیوی سنوور. ئیدی ئۆجەلان دەبێتە ناوێكی دیار لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی كوردستان و ناوچەكەدا. ئێستا كۆبانێ بووەتە سیمبولی بەرخۆدانی هەموو كورد، ئۆجەلانیش سەرسەختانە لە زیندانەكەیەوە داكۆكی لەو شارە دەكات. ئێستا گوندەكەی ئۆجەلان باوەشی بۆ ژمارەیەك لە ئاوارەكانی كۆبانێ كردووەتەوە كە هەندێكیان بیرەوەرییان لەگەڵ ئۆجەلان خۆیدا هەیە.
محەممەد كۆبانی پیاوێكی تەمەن چل ساڵ دەبێت، بەڵام خەم و كوڵی كۆبانێ و شەڕ و ئاوارەیی وای لێكردووە "خویا دەكا مینا كالا". محەممەد دەربارەی یەكەم شەوی ئۆجەلان كە لە باكوورەوە دەربازی كۆبانێ دەبێت لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت :"كە منداڵ بووم باوكم باسی هاتنی ئاپۆی دەكرد بۆ ماڵی ئێمە لە گوندی چۆپێ. كاتێك پۆلیسی سووریا هەست دەكەن كەسێكی بیانی هاتووەتە ماڵەكەمان، بە باوكم دەڵێن: كوا ئەو كەسە بیانییە لە كوێیە. بەڵام باوكم بەرتیلیان دەداتێ و دەڕۆن".
دەستپێكردنی خەباتی چەكداری لە باكووری كوردستان، وەرچەرخانێكی گرنگ دەبێت لە كۆمەڵگای ئەو سەردەمەی كوردستاندا، داڵدەدانی ئۆجەلان لەلایەن سووریاوە، هاوكێشەكان دەگۆڕێ و دەبێتە هۆی ئەوەی كە توركیا گوشار بخاتە سەر سووریا. ئۆجەلان روو دەكاتە ئەوروپا، دوای چەندین مانگ لە گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتیدا رادەستی توركیا دەكرێتەوە و ئەوە 16 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی بەندكراوە.
یەكەم دیداری محەممەد ئۆجەلان لەگەڵ ئاپۆ لە دوای دەستگیركردنەكەی دەبێت. محەممەد ئۆجەلان دەڵێت "یەكەم جار ئاپۆم بینی لە زینداندا لە رەوشێكی زۆر خراپدا بوو، هەموو لایەك بە سەرباز و ئەفسەر تەنرابوو، بۆمان نەبوو بە كوردی قسە بكەین. دیدارەكەمان نزیكەی 30 خولەكی خایاند. یەكەمین شت بە ئۆجەلانم گوت: تۆ وەك خۆت دەتگوت لە پێناوی راستییەكاندا تێدەكۆشی، ئێستاش هەروا بكە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بڕوا بەمانە مەكە".
رەنگە ئەو قسانەی محەممەد ئۆجەلان بۆ ئاپۆ وەكو ئەوە وابووبێت لەشكرێكی لە پشتەوە بێت، بۆیە بە پێكەنینەوە بە براكەی دەڵێت، تۆ هیچ نەگۆڕاویت و هەروەكو جارانی.
محەممەد ئۆجەلان كە ئێستا وەكو موختاری بنەماڵەكەیان وایە و بە تەنیا لەو ماڵەدا دەژی، شانازی بەوەوە دەكات كە هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ خەڵكە هەژارەكەدا نییە و وەكو ئەوان دەژین. ئەو دەڵێت: "هیچ شتێك بێ ئازادی قیمەتی نییە، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەم دنیایە هی تۆش بێت".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە هیوای ئەوەیە ئەو گەلەی هەموو ژیانی خۆی بۆ كردە قوربانی ئازادبێت، سەرەڕای ئەوەی ملیۆنان مرۆڤ داوای ئازادی بۆ ئۆجەلان دەكەن، بەڵام هێشتا دوای ئەو هەموو ساڵە لە زیندان، داوای ئازادكردنی خۆی نەكردووە.
دەمەوئێوارەیەكی درەنگ، مانگ وەكو كەشەفەیەكی گەورە لە رۆژهەڵاتی گوندی ئاماراوە بە بەرزییەوە هەڵواسرابێت، تەنگی بە خۆر هەڵچنیبوو، پاڵی بە خۆرەوە دەنا و چاوشاركێیان بوو كە سەرئەنجام بە ئاوابوونی خۆر كۆتایی هات. لەوبەری گوندەكەوە سەیارەكەمان وەستاند و جارێكی دیكە سەیرێكی ئامارامان كردەوە، منارەی مزگەوتەكە لە دوورەوە لە كەللە شەكرێكی گەورەی زەمانی زوو دەچوو.
بەناو تەپوتۆز و جادە خۆڵەكەدا بەرەو رۆحا گەڕاینەوە، ئەو قسەیەی محەممەد ئۆجەلانم بەبیرهاتەوە كە دەیگوت، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات، نە بە وشە و نە بە وێنە ناگێڕدرێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە راستییەكان لانەدەین. تكایە ئەم بەسەرهاتە وەكو خۆی بگێڕنەوە، چونكە ئێمە كوردین، فێڵكردن لەیەكتری تەنیا ملشكاندنە بۆمان.
بیرم لە قسەكانی موسلیم دەكردەوە، كاتێك لێم پرسی: بە ئاواتەوەی ئاپۆ لە زیندان ئازاد بێت؟ بە رووگرژییەوە وەڵامی دامەوە: ئەوە چ قسەیەكە، نەك ئاواتەخوازم بێتەوە بۆ گوندەكەمان، بەڵكو ئاواتەخوازم دەوڵەتێكی كوردی دامەزرێنێت.