لە سلێمانی هێزێکی ئەمنی کەناڵی NRT داخست

 
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزێکی ئەمنی کەناڵی NRTیان لە سلێمانی داخست و رێکخەری سەنتەری میترۆش دەڵێت: "داوای دەستبەجێ کردنەوەی کەناڵەکە دەکەین".
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر کەناڵی NRT و دەرگاکەیان داخستووە، "ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە بەرامبەر بە کاری رۆژنامەڤانی".
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی: "داوامانکردووە دەستبەجێ رێگە بە پەخشی کەناڵەکە بدرێتەوە و دەست لەو پێشێلکارییە هەڵبگیرێت".
 
هاوکات سەنتەری میترۆ هەر لەبارەی داخستنی كەناڵەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە "تووندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران شەرمەزار دەكەین"، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، "ژیانی رۆژنامەنووسان بپارێزێت و ئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەنووسی دروست نەكەن".

لە چوار رۆژی رابردوودا، لەناو شاری سلێمانی و هەندێک قەزا و ناحیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندان بەڕێوەچوو، سەنتەری میترۆ دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان لە چەند ناوچەیەكدا رووبەرووی رۆژنامەنووسان و خۆپێشاندەران توندوتیژییان بەكارهێناوە".
 
هەروەها ژووری‌ رۆژنامه‌وانیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگەیاند "ئێمه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، وه‌كو بڕوابوونی‌ ته‌واوه‌تیمان به‌ پشتیوانیكردنی‌ ئازادییه‌ گشتی‌ و مه‌ده‌نییه‌كان، ئازادیی میدیا به‌تایبه‌تی‌، ئیدانه‌ی‌ ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین، بڕوای‌ ته‌واومان به‌وه‌ هه‌یه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و حکومەت له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ بواری‌ میدیاییدا، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای‌ پاراستنی‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان، نه‌بنه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كاری‌ میدیایی‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان".
 
کاژێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر کەناڵی NRT و دایانخستووە، بە گوێرەی هەواڵێکی دیجیتاڵ میدیای دەزگاکە، تاوەکو ئێستاش هێزە ئەمنیەکان لە بەردەم بارەگای کەناڵەکەدا ماون.
 
NRT ئاماژەی بەوەشکردووە: "ھێزەکە بەشێک لە کەلوپەلەکانیان بردووە و بەشێکی دیکەشیان شکاندووە، هەروەها ئازاری یەکێک لەو کارمەندانەیان داوە کە لە کەناڵەکە بووە".
 
(رووداو) پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە. پۆلیسیش ئامادەنەبوو قسەی لەسەر بکات.
 
کەناڵی NRT کە کەناڵێکی ھەواڵیی سیاسییە و لە ساڵی 2010دا دامەزراوە. سەر بە دامەزراوەی میدیایی نالیایە.