ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: بەمنزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، گفتوگۆکان بەردەوامن و بەمنزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
زرغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی بەردەوامە، بەمنزیکانە دەگەنە رێککەوتن و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی دەستپێدەکاتەوە.
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
لەبارەی پرۆژە یاسای نەوت و گاز، ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز کە هاوکات پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، گوتی، پرۆژەیاسای نەوت و گاز لای حکومەتە، چاوەڕێی دەکەن، ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دواتر پەسند بکرێت، عێراق ببێتە خاوەن یاسایەکی نەوت و گاز پێشکەوتوو.
رۆژی چوارشەممە، 2-8-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی لایەن و فراکسیۆن و وەزیرانی نەوت و دەرەوە و نوێنەری لایەنە سەرەکییەکانی عێراق و راوێژکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان و ژمارەیەک راوێژکار و یاساناس و هونەرییەکان کۆبووەوە. دوایین رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بڕگە و مادەکانی باسکرا، وەکو سەرەتایەک بۆ پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان، سوودانی لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ هونەرییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژە یاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى لە پەرلەمان پەسند نەکران.