کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: سەرۆکوەزیران بڕیاری خەرجکردنی پارەی داوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا پارە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەرخان دەکرێت و کۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیدا و ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکانیش وادەکەی دوابخەن، ئەوکات کۆمیسیۆن لە رێگەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانییەوە مامەڵە لەگەڵ وادەی ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکات.
 
حەسەن قەباس، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ماوەی دوو مانگە خشتەی کارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان دەستیپێکردووە و قۆناخی داهاتووش لەبارەی بەربژێرەکانەوە دەبێت و دەرگەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێتەوە".
 
لەبارەی تەرخانکردنی پارەش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، قەباس دەڵێت: "لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکوەزیران ئەو داوایەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێموایە ئەم بابەتە لە چەند رۆژێکدا یەکلادەبێتەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەسەن قەباس، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
 
رووداو: ئامادەکارییەکانتان وەکو کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کوێ گەیشتووە؟
 
حەسەن قەباس: ئێمە وەکو کۆمیسیۆن، ماوەی دوو مانگە خشتەی کارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان دەستیپێکردووە، هەنگاوی یەکەم کردنەوەی تۆماری دەنگدەران و نوێکردنەوەی تۆمارەکە بوو، هەروەها پەسندکردنی رێنماییە تایبەتەکان بە بریکاری حیزبە سیاسییەکان و چاودێرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی و میدیایی نێوخۆیی و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان و میدیا نێودەوڵەتییەکان، پەنا بەخوا ئێمە بەردەوامین بە خشتەی کاتەکە و بەگوێرەی ئەو پلانەی داندراوە، هەروەها قۆناخی داهاتووش لەبارەی بەربژێرەکانەوە دەبێت و کردنەوەی دەرگەی تۆمارکردنی حیزب و بەربژێرەکان وەکو زانراوە لەهەر پلانێکی کار کە کۆمیسیۆن دایدەنێت، پەنا بەخواش لە وادەی دیاریکراودا دەبین کە داندراوە لە شوباتی داهاتوو.
 
رووداو:  بڕیاربوو پارە بۆ کۆمیسیۆن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەو پارەیە خەرج کراوە؟
 
حەسەن قەباس: لە چەند رۆژی رابردوودا بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەو داوایەی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ پێویستی تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پێموایە ئەم بابەتە لە چەند رۆژێکدا یەکلادەبێتەوە، سەرۆکوەزیران داوای کردووە.
 
رووداو: پێموایە بڕی پارەکە نزیکەی 70 ملیار دیناری عێراقییە، دواکەوتن لە خەرجکردنی ئەم پارەیە چۆن کاریگەری دەکاتە سەر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بە تایبەتی لە رووی لۆجستییەوە؟  
 
حەسەن قەباس: ئێمە لە کۆمیسیۆن هەمیشە ئەگەری رووداوی هەر شتێکی لەناکاو دادەنێین لە خشتەی کاتی کارەکاندا، بۆیە ئێمە وادەی یەدەگمان داناوە، هەروەها وادەی دیکە بۆ جێبەجێکردنی هەموو کارە تایبەتەکان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئامادەیی کارکردنی ئامێرەکان، هەروەها بابەتی تەواوکردنی کارتی دەنگدەران، کۆمیسیۆن لە هەموو ئەم بابەتانە بەگوێرەی خشتەی کاتەکە بەردەوامە و هەر پێشهاتێکیش رووبدات پەنا بەخوا لە کاتی خۆیدا چارەسەری دەکەین.
 
رووداو: سکاڵایەک هەیە لە دادگەی فیدراڵی پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دادگەی فیدراڵی دانیشتنەکەی دواخست بۆ 27ی ئەم مانگە کە پەیوەندی بە شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر کارتەکانی دەنگدان و دابەشکردنیان، هەروەها حیزب و بەربژێرەکان بەگوێرەی بازنەکانی هەڵبژاردن، ئەگەر دادگەی فیدراڵی بڕیار بدات لە کۆتایی ئەم مانگەدا و سکاڵاکە یەکلابکاتەوە و گۆڕانکاری هەبێت لە بازنەکانی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن کەمتر لە 60 رۆژی لەبەردەم دەبێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بکات بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییەی روودەدات، ئایا 60 رۆژ یان کەمتر لە 60 رۆژ بەسە بۆ تۆمارکردنی بەربژێرەکان بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، یان دابەشکردنی دەنگدەران بەگوێرەی ناوچەکان، چونکە رەنگە لەوانەیە یەک بازنە بێت یان چەند بازنەیەک؟
 
حەسەن قەباس: ئێمە لە کۆمیسیۆن دامەزراوەیەکی جێبەجێکار و پابەندین بە یاسا، لە راستیدا ئێمە ئێستا کار بەو یاسایە دەکەین کە بەرکارە، بەڵام ئەوەی بە پەیوەندی بەو سکاڵایەوە هەیە کە لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی ئەم بابەتە یەکلابکەنەوە، بێگومان ئێمەش وەکو کۆمیسیۆن پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، ئەگەر بە قبووڵکردنی سکاڵاکە بێت یان رەتکردنەوەی. بۆیە لە ئەگەری قبووڵکردنی سکاڵاکە و رووداوی گۆڕانکاری دیاریکراو کە پەیوەندی بە بازنەکان و کارتی دەنگدەران و ئەم بابەتانەوە هەبێت، ئەوا بێگومان کۆمیسیۆن بەگوێرەی پسپۆڕان لە کۆمیسیۆن و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵێنەوە لەم بابەتە دەکەن و هەموو شتێکیش لە کاتی خۆیدا یەکلادەکرێتەوە پەنا بەخودا.
 
رووداو: لەبارەی کردنەوەی دەرگای تۆماری پارت و هاوپەیمانێتییەکان و لیست و قەوارەکان و بەربژێرەکان، کەی دەرگا دەکرێتەوە بۆ وەرگرتنی ئەم داتایانە؟
 
حەسەن قەباس: ئێمە ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانین لە سەرانسەری عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە ئامادەکاریش دەکەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بێگومان ئێمە بەگوێرەی خشتەی کارەکانی تایبەت بەم هەڵبژاردنە، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەمە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیێندرێت، ئەوەی پەیوەندی بە کاتی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان و تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان.
 
رووداو: کۆمیسیۆن لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆی راگەیاندووە بەگوێرەی ئەو خشتە زەمەنییەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسندکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دەرەوەی ئیرادەی کۆمیسیۆنن وەکو روونە، ئایە کاریگەری دەبێت، ئەگەری هەیە کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو خشتەیەی کۆمیسیۆن پەسندی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟
 
حەسەن قەباس: لەبارەی گۆڕانکارییەکان ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە هەیە، بەڵام ئێمە لە کۆمیسیۆن لایەنێکی جێبەجێکارین و کار بەو یاسایە دەکەین کە هەیە، کە بەرکارە، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکیش رووبدات ئەوا بێگومان لە کۆمیسیۆن پلانی جێگرەوەمان داناوە، بەڵام ئێمە لەپێش وادەیەکداین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی کردووە کە 25ی شوباتی 2024وە و لەسەر ئەو بنەمایە پلانەکانمان داناون، لە ئەگەری روودانی هەر گۆڕانکارییەکیش لەم بابەتەدا، وەکو بۆم روونکردیتەوە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی بڕیارەکەی دادگە و ئێمەش پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە.
 
رووداو: ئەگەر گۆڕانکارییەک  بەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا بێت لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی دادگە، لەو کاتەدا کەمتر لە 60 رۆژ لەبەردەم کۆمیسیۆن دەبێت، کۆمیسیۆنیش یاسا و رێنمایی روونی هەیە کە پەیوەندی بە خشتەی کاتەکان و ئەو وادانەشی کۆمیسیۆنی پێویستییەتی بۆ بەڕێوەبردنی هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن، ئایا ئەم گۆڕانکارییە لۆجیستی و تەکنیکییە کە رەنگە رووبدات، ئایا دوو مانگ بەسەر بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو گۆڕانکارییانە یان رەوش و دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیەی کۆمیسیۆن دەیەوێت؟
 
حەسەن قەباس: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سێ پارێزگا دەبێت و وەکو هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانیی لە عێراق نابێت کە لە سەرانسەری عێراق لە 18 پارێزگا بەڕێوەدەچێت، وەکو دەزانیت، سێ پارێزگا لە رووی لۆجیستی و هونەرییەوە، ئەم کاتە بۆ کۆمیسیۆن و بەهۆی ئەو ئەزموونەی کەڵەکەبووە، بە بۆچوونی من و پسپۆڕان ئەم کاتە بەسە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام وەکو روونمکردەوە، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک روویدا، ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا لەلایەن فەرمانگە تایبەتمەندەکانی کۆمیسیۆنەوە تاوتوێ دەکرێت و تەماشا دەکرێت کاتەکە بەش دەکات یان نا، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا پابەندین بە وادەیەک کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە و لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بەردەوامین لە پلانەکەمان.
 
رووداو: ئەگەر گۆڕانکاریی رووبدات لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو لایەنانە کامانەن کە مافیان هەیە بۆ گۆڕینی وادەی هەڵبژاردن؟
 
حەسەن قەباس: بەلای ئێمەوە ئەو هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ دەکرێت ئێمە وەکو کۆمیسیۆن لایەنێکی جێبەجێکارین، بڕیارێک دێت کە تایبەتە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان گۆڕینی وادەکەی، ئێمە وەکو کۆمیسیۆن دەستوەردان ناکەین ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان  و دەسەڵاتی یاسادانان.
 
رووداو: لە لایەنی لۆجستی و تەکنیکییەوە جیاوازی چییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بە 3 بازنە، یان یەک بازنەی هەڵبژاردن؟ 
 
حەسەن قەباس: بەلای ئێمەوە وەکو کۆمیسیۆن بە دڵنیایی هەرچەند بازنەکانی هەڵبژاردن زیاتر بن ئاڵنگاری هونەری و لۆجستی زیاتر دەبێت، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرەکان، وەکو پێشتریش گوتم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و لە 3 پارێزگە بەشێوەیەکی مەبدەئی ئامادەین، ئامێرەکان ئامادەن، تەنیا پشکنینیان پێویستە کە ئایا ئامێرەکان بەشێوەیەکی دروست کاردەکەن و ئەو ئامێرانە چاکبکرێنەوە کە پێویستیان بە چاککردنەوەیە، بە دڵنیایی ئێمە وەکو ئاڵنگاری هونەری و لۆجستی بەلامانەوە ئاسانترە لە هەڵبژاردنێکی بەرفراوان، پشتیوان بە خودا ئەو دوو مانگەی کە لەبەردەممان ماوە وادەیەکی باش دەبێت.
 
رووداو: ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی وەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان کە لە 15 پارێزگە ئەنجام دەدرێت هەڵبژاردنێکی زۆر گەورەیە لە عێراق و سەرنجێکی زۆری لەسەرە و گوشار لەسەر کۆمیسیۆن هەیە، رەنگە پرسیار بکرێت ئایا دەکرێت دوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لەماوەی دوو مانگدا، ئایا ئەوە دەبێتە ئاڵنگاری لەبەردەم کۆمیسیۆندا، کۆمیسیۆن چۆن کارەکانی رێکدەخات بۆ ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردن یەکێکیان لەم رۆژانەدا و ئەوی دیکەیان لە مانگی شوباتدایە؟
 
حەسەن قەباس: ئێمە وەکو کۆمیسیۆن پێشتر رووبەڕووی ئەو بابەتە بووینەتەوە، لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانی هاوکات بوو لەگەڵ راپرسی لەسەر دەستوور، ئێمە لە بنەمادا لەگەڵ دەستپێکی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان و دوای دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە هاوتایی هەنگاومان دەنا بۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگەکان و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کارمەندانی کۆمیسیۆن گەیشتوونەتە ئاستی پسپۆڕی و لێهاتوویی لە کارەکانیاندا بۆیە ئاڵنگارییەکی گەورە نییە پشتیوان بە خودا فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن لە ئاستی پێویستدا دەبن و ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە یەکێک لە هەڵبژاردنە سەرکەوتوو و نموونەییەکان پشتیوان بە خودا دوور دەبێت لە هەر پێشێلکاریی و هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە و ساختەکاری بەهۆی ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر.
 
رووداو: وادەی پێویست بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوی بەربژێرەکان لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا چەندە، وادەی پێویست چەندە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوی بەربژێرەکان کە لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە پێشکێش دەکرێن؟
 
حەسەن قەباس: ژمارەی بەربژێرەکان بە دڵنیایی کەمتر دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رەنگە بەرێزتان ئاگەداربن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا نزیکەی 6 هەزار کەس بەربژێر بوون، لە راستیدا لێکۆڵینەوە لە شیاوێتییان کاتی پێویستە و هەوڵێکی زۆری دەوێت، بەڵام لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە دڵنیاییەوە ژمارەی بەربژێرەکان کەمتر دەبن، هاوکات ئەو وادەیەی دەستنیشان دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە بە هەمان شێوە کەمتر و خێراتر دەبێت بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، رێککەوتن واژۆدەکرێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێکۆڵینەوە تاکو بەربژێرەکان بکەنە کاری لەپێشینەی خۆیان لەو ماوەیەدا بە ئامانجی خێر تەواوکردنی دۆسیەکانیان و بڕیاردان لە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا.
 
رووداو: ئەو لایەنەی کە لێکۆڵینەوە لە شیاوێتی بەربژێرەکان دەکات لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان یان ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە لە عێراق، هیچ بڕیارێک هەیە لەوبارەیەوە؟
 
حەسەن قەباس: بەشێوەیەکی گشتی لایەنەکانی لێکۆڵینەوە پێکدێن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکان، یان پشتڕاستکردنەوەی بوونی بڕوانامە بۆ دەرچووانی ئامادەیی کە لای وەزارەتی پەروەردەیە هەروەکو رابردووی تاوان و دەستپاکی و لێکۆڵینەوە و دادپەروەری، بەڵام بە دڵنیایی دەزگا ئەمنییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان جیاوازن لەوانەی لە حکومەتی ناوەندی هەن، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی هەیە، بە دڵنیاییەوە ئەوە بە رێکاری یاسایی دەبێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسن.
 
رووداو: کارمەندانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، بەشدار دەبن لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان، یان کاریان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە؟
 
حەسەن قەباس: ئەوەی پەیوەندی بە کارمەندانمان لە نووسینگەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بە دڵنیاییەوە ئەزموون و پسپۆڕییان هەیە و دۆخیان هاوشێوەی دۆخی نووسینگەکانی دیکەی کۆمیسیۆنە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەکو دەزانن هەڵبژاردن کورت دەبێتەوە لە کەمی ئاوارەکان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بە دڵنیایی نووسینگەکانمان لە هەرێمی کوردستان ئامادەن بەپێی ئەو وادەیەی بۆیان دەستنیشانکراوە و بە دڵنیایی دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان لەرێگەی لیژنەکانەوە هاوکاری نووسینگەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین.
 
رووداو: لەرووی تەکنیکی و لۆجستییەوە ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانەی بەکاردەهێنرێن لە هەڵبژاردندا هەمان ئەو ئامێرانەن کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان بەکار دەهێنرێن یان ئامێری تایبەتن بە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان؟
 
حەسەن قەباس: هەمان ئامێرە کە لە هەڵبژاردنی پارێزگەکان بەکاردەهێنرێن لەگەڵ کارتی بایۆمەتری دەنگدەران و هەموو ئەو پێداویستییە هوونەری و تەکنەلۆژییانە بەکاردەهێنینەوە بەپێی ئەو یاسای هەڵبژاردنەی لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە.

 

نوسینگەکانمان لە هەرێمی کوردستان ئامێریان هەیە، ئێمە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ەوە ئەم ئامێرانەمان دابەشکردووە، ئامێرەکان لە هەرێمی کوردستان ئامادەن ئەگەر پێویستییەکیان هەبێت هاوکاریی زیاتریان دەکەین.