لە کەلار سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری کەلار سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران و دەست بەسەر زیاتر لە 5 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و هەزاران حەبدا گیرا.
 
رۆژی یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی ئاسایشی گەرمیان و دووزخورماتوو، سێ بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری کەلار دەستگیر کردووە.
 
دەستگیرکردنی ئەو بازرگانانە لە رۆژی 1-12-2025 بووە؛ دوای کۆکردنەوەی زانیاریی پێشوەخت، چاودێریی ورد و بەدواداچوون، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گەرمیان توانراوە دەستگیر بکرێن.
 
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر 4 کیلۆ تلیاک، کیلۆیەک و 300 گرام کریستاڵ و 3000 حەبی هۆشبەر دا گیرا.