بۆچی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی یەکێتی لە کەرکووک بە بێ دەنگی هەڵکرا؟
ئەمشەو (کاژێر 22:00) یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ هیچ راگەیەندراوێکی پێشوەخت بۆ یەکەمجار لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر، ئاڵای کوردستانی لەسەر سەرجەم بارەگاکانی لە کەرکووک بەرزکردەوە، ئاسۆ مامەند لەمبارەیەوە روونکردنەوە دەدات.
ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێشتریش لەنێو بارەگاکان هەبووە و لانەدراوە، لە دوای کۆچیدوایی جەنابی مام جەلال ئاڵای: یەکێتی، کوردستان و عێراق پێچڕابوونەوە، ئەمڕۆ پێمان باش بوو بکرێنەوە، ئەم ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن، هیچ یاسایەک رێگە لەوە ناگرێت ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت، ئێمە لە نەورۆزی پاریش بەفەرمی ئاڵای کوردستانمان لەسەر قەڵای کەرکووک بەرزکردەوە".
بەشێکی هاونیشتمانییانی کەرکووک لە خۆشی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لەسەر شەقامەکان بە ئاڵای کوردستانەوە خۆشی دەردەبڕن، ئاسۆ مامەند داوا لە هاونیشتمانییان دەکات "ئارامی بپارێزن بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پشێوی دروست نەبێت".
لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە لایەن لایەنەکانی دیکەی وەکو کۆمەڵ و شیوعی کە پێشتر ئاڵای کوردستانیان لە کەرکووک بەرزکردبووەوە، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکان پێیان داگیرا، ئاسۆ مامەند باس لەوە دەکات "ئەگەر ئاڵای کوردستان لە شوێنێک لادرابێت شتێکی تاکەکەسی بووە، رەنگە بەیانیش کەسانێک دژی ئەمە (بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی یەکێتی) بووەستنەوە، بەڵام هیچ یاسایەک نییە رێگە لەوە بگرێت ئاڵا لەسەر بارەگاکانی خۆیان هەڵبدەن".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لەبارەی چۆڵکردنی بەرەگای ئاسایشی پارتی لە کەرکووک گوتی "بەنیسبەت بارەگاکانی پارتی، پێشتریش ئەگەر ویستبێتیان بگەڕێنەوە، کەس رێگریی نەبووە و ژمارەیەک بارەگایان پێشتریش چۆڵکراوە، ئەوەی چۆڵیشنەکراوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە خۆیان نەگەڕاونەتەوە، ئەگەرنا پێموانییە رێگری هەبێت".ئاسۆ مامەند هەروەها رایگەیاند "رێککەوتنی نوێ لەنێوان دژەتیرۆر و یەکێتی نییە، سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاڵاش، ئەوا چۆن پێچرابووەوە، نەکرابووەوە و بە بڕیارێکی خۆمان کردمانەوە".
لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە درەنگانی شەودا بە دیاریکراوی لە کاژێر 22:00، ئاسۆ مامەند دەڵێ "پێمان باش بوو بەو شێوەیە نەبێت کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ بکەوێتەوە، وەکو شتێکی ئاسایی بێت بۆیە پێمان باش بوو بە بێدەنگی ئەو ئاڵایە هەڵبکرێت، هەموو حیزبێکیش بۆی هەیە ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوە".
لەبارەی جێگیربوونی هێزێکی ئەمریکی لە بنکەی کەی وەن و رێککەوتنی نوێ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، ئاسۆ مامەند گوتی "ناتوانم هیچ زانیارییەک بدەم، بەڵام هیوادارم، هەرجۆرە رێککەوتنێک دۆخی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە، پێمان شتێکی باشە و بوونی هێزی ئەمریکی لە بنکەی کەی وەن بەڕای ئێمە باشە".
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار