لە زانکۆی سەلاحەدین ڤەیپ قەدەخە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی سێشەممە 09-01-2024 ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر کۆببێتەوە و کێشانی ڤەیپ لە تەواوی کۆلێژەکانیدا قەدەخە بکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 08-01-2024 سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە بۆ قەدەخەکردنی کێشانی ڤەیپ لە تەواوی کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەدین، سبەی ئەنجوومەنی زانکۆ کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین باسی لەوە کرد، "سبەی بە دڵنیاییەوە بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ دەدرێت؛ ئەویش پاڵپشت بە رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی کێشانی ڤەیپ."
 
لە بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، کە 28ی مانگی رابردوو بڵاوبووەوە، خاوەن دووکانێکی فرۆشتنی نێرگەلە و ڤەیپ گوتی، "چەندین مامۆستا هەن، دێنە ئێرە و ڤەیپ دەکڕن، دەیبەن لە قوتابخانە دەیفرۆشنەوە." لە کاردانەوەی راپۆرتەکەدا، رۆژی هەینی 29-12-2023، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "لەسەر زاری دووكاندارێك تۆمەتێكی گەورە خراوەتە پاڵ مامۆستایان، گوایە چەندین (مامۆستا هەن ڤەیپ دەكڕن و دەیبەن لە قوتابخانە دەیفرۆشنەوە). جگە لەمەش لەو راپۆرتەدا هاتووە كە خاوەنی ماركێتێك لە هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، (قوتابی هەن هەفتانە دێنە لام ڤەیپ دەكڕن و لە قوتابخانە دەیكێشن)."
 
دوای راپۆرتەکەی رووداو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، "دەبێت بەدواداچوون و روونكردنەوەی تەواو بدرێت لەسەر ناوهێنانی مامۆستا و قوتابی و قوتابخانە بەم شێوەیە؛ تۆمەت خستنە پاڵ مامۆستا بەبێ بەڵگە كارێكی نەشیاوە. دەخوازین لە لایەنی پەیوەندیدار و حكومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە بەدواداچوونی جیدی بۆ ئەم بابەتە و راستیی ئەو راپۆرتە بكەن."
 
هەر دوای راپۆرتە مەیدانییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە فرۆشتنی ڤەیپ و نەبوونی چاودێری لەسەر فرۆشتنی بە منداڵان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ساڵی نوێوە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ دەستپێدەکەن و لە هەر دووکانێک ڤەیپ ببینین دەستی بەسەردا دەگرن.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپی دەرکردووە و لە ساڵی نوێوە فرۆشتنی قەدەخە دەکرێت؛ بۆ ئەوەش سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی ڤەیپ ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو ساڵی نوێ هەموو ڤەیپەکان لەنێوببەن."
 
لە راپۆرتەکەدا مێرمنداڵێک بە رووداوی گوت، ماوەی ساڵێکە لە هاوڕێکانییەوە فێری ڤەیپکێشان بووە؛ گوتیشی، "لە مارکێت ڤەیپ هەیە و لە هەندێک شوێن کە تایبەتن بە نێرگەلە دەیکڕم. من بۆ خۆم زیاتر لەو شوێنانەی تایبەتن بە ڤەیپ و نێرگەلە، ڤەیپ دەکڕم. لە مارکێتیش دەیکڕم و ئاسان دەمدەنێ، پرسیارم لێناکەن و هەر بە ئاسایی دەمدەنێ".