لە قامشلۆ ئەندامێکی هەواڵگریی سووریا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، ئەندامێکی هەواڵگریی سەربازیی سووریا کوژرا و یەکێکی دیکە بریندار بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، درەنگی شەوی رابردوو، لە گوندی سوێدیەی قامشلۆ چەند گەنجێک رێگەیان لە کاروانێکی سەربازیی سووریا گرتووە و هێرشیان کردوونەتە سەر، لە ئەنجامدا ئەندامێکی هەواڵگریی سووریا کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای هێرشەکە، هێرشکارەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو کاروانە سەربازییە لەکاتی تێپەڕبوونیاندا هاووڵاتییانی گوندەکانی قامشلۆیان بێزارکردووە.