یەکێتیی بەڵێندەران: بەڵێندەرانی سلێمانی و هەڵەبجە ئامادە نین پرۆژەی حکومەت وەربگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی 2022 و 2023دا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هیچ پرۆژەیەک تەواو نەکراون، چونکە بەڵێندەران ئامادە نین پرۆژەکانی حکومەت وەربگرن، زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلاریان لای حکومەتە؛ 800 بەڵێندەر مایەپووچ بوون و سەتان بەڵێندەر کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
 
ئالان کوێخا کەریم، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە لە سلێمانی پێشکێشکرا، گوتی، "لە دوو ساڵی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 120 پرۆژە راگەیێندراون، 80%ی ئەو پرۆژانە بەڵێندەر وەری نەگرتوون، چونکە متمانە لەنێوان بەڵێندەران و حکومەتدا نەماوە."
 
سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی گوتیشی، "ئەو پرۆژانەی رادەگەیێندرێن، تەنیا بۆ ئەوەیە بگوترێت ئەوەندە پرۆژە راگەیێندراوە، دەنا هیچ پرۆژەیەکیان تەواو ناکرێن و بەڵێندەران ئامادە نین هیچ پرۆژەیەک وەربگرن."
 
بە گوتەی ئالان کوێخا کەریم، لە ساڵانی 2022 و 2023دا رێژەی تەواوبوونی پرۆژەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین 0% بووە و هیچ پرۆژەیەک تەواوە نەکراوە.
 
"ئێمە لە ساڵی 2014وە پارەمان لای حکومەتە، نزیکەی هەزار پرۆژە راگیراون، پرۆژەیان تێدایە 40%ی تەواو بووە و وەستاوە، پرۆژە هەیە لە کەلار 98%ی تەواو بووە و تەنیا 2%ی ماوە و راگیراوە، چونکە حکومەت پارە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە تەرخان ناکات،" ئەمەش وەکو سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی گوتی.
 
"مایەپووچ بوونی بەڵێندەران"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا ئالان کوێخا کەریم باسی لە مایەپووچ بوونی بەڵێندەران کرد و گوتی، "بەڵێندەران 600 ملیۆن دۆلاریان لای حکومەتە و لە کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هیچ بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەر خەرج نەکراوە." گوتیشی، بەڵێندەر هەن مایەپووچ بوون و ئۆتۆمبێلی خۆیان فرۆشتووە بۆ خەرجیی رۆژانەیان.
 
"تەنیا لە سلێمانی 800 بەڵێندەر مایەپووچ بوون، هیچ بەڵێندەرێک دۆخی باش نییە، بەڵێندەر هەیە خانووی خۆی فرۆشتووە بەهۆی قەرزدارییەوە،" ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە بەشی پرۆژەکانی پارێزگای سلێمانی دەستیکەوتوون، ساڵی 2022 لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەکان 65 پرۆژە لە پارێزگاکە راگەیێندراون و گوژمەی پرۆژەکان 21 ملیار و 75 ملیۆن دینار بوون لە سێکتەرەکانی ئاوەدانکردنەوە، ئاو، پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی و کارەبا، بەڵام هیچ پرۆژەیەکیان تەواو نەکراون و لە ساڵی 2023شدا بە هەمان شێوە هیچ پرۆژەیەک لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین تەواو نەکراون.
 
"گرفتی چەکی بانکی"
 
سەرۆکی سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی باس لە گرفتی چەکی بانکی لەنێوان حکومەت و بەڵێندەراندا دەکات و دەڵێت، "حکومەت خۆی بە چەکی بانکی پارەی بۆ بەڵێندەران خەرج کردووە، بەڵام ئێستا کاتێک بەڵێندەرێک پاکتاوی حساباتەکانی دەکات، حکومەت چەکە بانکییەکەی لێ وەرناگرێتەوە و داوای پارەی نەخت (کاش) دەکات."
 
باسی لەوەش کرد، "حکومەت بە چەکی بانکی پارەی داوە بە بەڵێندەران، بەڵام لە پاکتاوکردندا ئەو چەکانە لە بەڵێندەران وەرناگرێتەوە. کۆمپانیا هەیە 10 ساڵە مایەپووچ بووە، بەڵام ناچار دەکرێت نزیکەی حەوت ملیۆن دینار پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و 18 ملیۆن دیناریش سزا دەدرێت، واتا بەڵێندەر لەگەڵ ئەوەی پارەی لای حکومەتە و نایداتێ، هاوکات چەکی بانکیشی لێ وەرناگرێتەوە و ناچاری دەکات بە پارەی کاش 24 ملیۆن دیناریش بدات."
 
وەکو سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی باسی لێوەکرد، بەڵێندەران رێژەیەکی دیاریکراو قازانج لە پرۆژەکان دەکەن، کە رێژەکەی تەنیا 10%یە، لەو رێژەیەش جگە لە خەرجیی ئیداری 2%ی قازانجەکە دەچێتەوە بۆ باج و رسومات.
 
"پەککەوتنی پرۆژەکان"
 
لەبارەی پەککەوتنی پرۆژەکان، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی تەرخاننەکردنی پارەیە بۆیان، نموونەش بە پرۆژەیەک لە گەرمیان دەهێنێتەوە کە 98%ی تەواو بووە و تەنیا 2%ی ماوە و پەکی کەوتووە و راگیراوە.
 
بە گوتەی ئالان کوێخا کەریم، "پرۆژەی 3400 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان راگیراوە، لەکاتێکدا پرۆژەی کرێنشین 80%ی تەواو بووە و چەند ساڵە پەکخراوە و نەدراوە بە کرێنشینان، ئێستا خانووەکان زیانیان بەرکەوتووە و دووبارە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو پرۆژانەی کە لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین راگیراون، بە جۆرێکن کە دوو پرۆژەی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و 25 پرۆژەی ئاون، کە زۆرینەیان تایبەتن بە ئاوی ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی و دوو پرۆژەیان هی ئاوی ناو شاری سلێمانییە، پێنج پرۆژەشیان پەیوەستن بە ئاوی ژێر زەوی، هاوکات دوو پرۆژەی پەروەردە، دوو پرۆژەی تەندروستی، پێنج پرۆژەی کارەبا و نزیکەی 25 پرۆژەی شارەوانی پەکیان کەوتووە و راگیراون؛ هیچ بەڵێندەرێکیش ئامادە نییە پرۆژە لە حکومەت وەربگرێت.