عێراق لە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان راپرسی بۆ گەڕانەوەیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان راپرسی بۆ گەڕانەوەیان دەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، هەنگاوەکانی داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان خێراتر دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 08-01-2024، دەستەی رای وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتی ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و ئامادەبوونی رۆنزی زیاد سەیدۆ، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاران درەید جەمیل و ناسک مەهدی، هەروەها سەگڤان موراد راوێژکاری سەرۆککۆمار لەگەڵ کارمەندانی پێشکەوتوو و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەکە کوبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وەزارت تاوتوێکرا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. هەروەها رەزامەندی دراوە کە رووپێویێکی مەیدانی بکرێت لەنێو کەمپەکاندا بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک لەبارەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
لەوبارەوە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 08-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە دەستیان بە راپرسی لەنێو کەمپەکاندا کردووە، لە هەولێر و سلێمانی راپرسییەکەیان تەواوکردووە و بەم نزیکانە لە دهۆکیش دەستپێدەکەن، بۆ ئەوەی لەژێر رۆشنایی ئەو راپرسییە کارەکانیان بکەن و ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن.
عەلی عەباس دەڵێت، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وایکردووە هەنگاوەکانیان خێراتر بکەن، پێشتر پلانیان ئەوەبوو تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کەمپەکان دابخرێت، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا تاوەکو 30-06-2024 کەمپەکان دابخرێن، بۆیە دەبێت پەلەی تێدابکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گوتیشی، داخستنی کەمپەکان بە هاوکاری و هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام سەرەتا لای خۆیان دەیانەوێت سەرجەم کارەکان تەواو بکەن، ئەوسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە داخستنی ئەو کەمپانە بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان 24 کەمپ هەن، نزیکەی 33 هەزار خێزان دەبن کە نزیکەی 140 هەزار کەسیان تێدایە و زۆربەیان خەڵکی شنگالن لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، ئەنبار و ناوچەی دیکە.
رۆژی سێشەممە 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان پڕبکرێتەوە و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.