لە خانەقین وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێ 17 خێزانی کورد لە ماڵەکانیان دەربکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، 17 ماڵە کوردی خانەقین ئاگادار دەکرێنەوە، کە دەبێت ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەمە هەنگاوی یەکەمە، ئەگەر سەر بگرێت هەزار ماڵی کورد لە خانەقین دەردەکرێن."
سۆزان مەنسوور، نوێنەری قەزای خانەقین لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 08-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوشێوەی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، بەنیازن لە قەزای خانەقین نزیکەی هەزار ماڵی کورد لە شوێنەکەیان دەربکرێن، بە پاساوی ئەوەی لەسەر زەوی زێدەڕۆ نیشتەجێن، لە بنەڕەتدا زەوییەکانیان زەوی وەزارەتی دارایی عێراقە، بۆیە دەبێت چۆڵی بکەن".
لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک 122 خانووی گەورە هەن کە نزیکەی 172 خێزانی کوردی تێدا دەژین، ئەو خانووانە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بۆ کەسانی نزیک لە حیزبی بەعس دروستکرابوون، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003، ئەو خانووانە چۆڵبوون و ئەو خێزانە کوردانەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بووبوون، گەڕانەوە و لەو خانووانەدا نیشتەجێ بوون.
رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2024، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک بۆ چۆڵکردنی خانووەکان، دەستیان بەسەر ئەو خانووانەدا گرت کە چۆڵ بوون، هەروەها ناوی ئەو خێزانانەشیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایانلێکردن بە زووترین کات چۆڵی بکەن، دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشاردا کشانەوە، بەڵام حەوت خانووی گەڕەکی نەورۆز، کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون، رادەستی پۆلیس کران.
سۆزان مەنسوور، کە هاوکات گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقە دەڵێت: "وەک هەنگاوی یەکەم 17 ماڵ کورد بە نووسراوی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە، کە دەبێت چۆڵی بکەن لە ناوچەکانی پشت دادگای خانەقین، بەرامبەر کۆلیژەی زانستی جەستەیی، دەرووبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت و پاشا کوپری."
مەنسوور دەڵێت: "ئەم 17 ماڵە هەنگاوی یەکەمە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر، ئەوا نزیکەی هەزار ماڵی کورد بەم شێوەیە دەبێت چۆڵی بکەن، لەکاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە نیشتەجێبوونی خەڵک و دروستکردنی شاری نوێی نیشتەجێبوون دەکات کەچی وەزارەتی دارایی عێراق داوای چۆڵکردنی ئەو شوێنانە دەکات".
مراون یاس شەوکەت، بەڕێوەبەری لقی دیالەی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت لە وەزارەتی دارایی عێراق، مانگی رابردوو نووسراوێکی بۆ قایمقامیەتی خانەقین کردووە کە وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەبارەی ئاگادارکردنەوەی 17 ماڵ کە ناویان لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە پاساوی ئەوەی لەسەر زەوی وەزارەتی دارایی بە زێدەڕۆ نیشتەجێن، بۆیە دەبێت چۆڵی بکەن و داواشدەکات رێکاری پێویست بگیرێتەبەر.
قەزای خانەقین دەکەوێتە پارێزگای دیالە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 915 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زۆرینەی دانیشتووانی کوردی فەیلین، خانەقین کەوتووەتە نێوان قەزای کفری لە باکوورەوە، قەزای مەندەلی و چیای حەمرین لە باشوور، رووباری سیروان لە رۆژئاوا و سنووری عێراق و ئێران لە رۆژھەڵات.
ژمارەی دانیشتووانی خانەقین لە ساڵانی حەفتاکاندا 170 هەزار کەس بووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2019ـدا، 238 هەزار و 337 کەس بووە، زیاتر لە 90 هەزار کەسیان لەنێو قەزای خانەقیندا دەژین، بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە بە زمانی کوردی (شێوەزارەی کەلهووری) قسە دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ئێستا گوندە کوردییەکانی خانەقین بەرەو چۆڵبوون دەچن و لەکۆی 83 گوندی سنوورەکە، 36 گوندی کوردان چۆڵکراون و عەرەب لە 32 گوندی کوردان نیشتەجێ بوون، ئێستا تەنیا 15 گوندی کوردان لە خانەقین ماونەتەوە و ئەوانیش هەڕەشەی چۆڵبوونیان لەسەرە.