نرخی وەرگرتنی یەک تۆن گەنم 150 هەزار دینار کەمدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نرخی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ 700 هەزار دینار کەمدەکرێتەوە. راشیگەیاند، بۆ وەرزی داهاتوو 4.5 ملیۆن تۆن گەنم لە عێراق وەردەگیرێت، بەڵام هێشتا پشکی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە ئەم ساڵ نرخی کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران لە 850 هەزار دینارەوە بۆ 700 هەزار دینار کەمبکرێتەوە، واتە 150 هەزار دینار دادەبەزێت."
 
سەبارەت بە بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ وەرزی 2025-2026، هیوا عەلی گوتی، "بڕیاردراوە چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم لەسەر ئاستی عێراق وەربگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە."
 
بۆ دیاریکردنی پشکی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە بەم نزیکانە لیژنەی باڵای تەکنیکیی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و بڕەکە یەکلایی بکەنەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رەتیکردەوە کە کەمبوونەوەی نرخی گەنم زیان بە جووتیاران بگەیێنێت، "چونکە بڕیارەکە گشتییە و هەموو عێراق دەگرێتەوە، ئامانجیش لێی ئەوەیە زۆرترین جووتیار لێی سوودمەند بن."
 
لە ساڵی 2024ـدا شەش ملیۆن تۆن گەنم لە عێراق وەرگیرا. پار (2025) سەرەتا بڕیاربوو سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن وەربگیرێت کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 400 هەزار تۆن بوو، دواتر بۆ بەرژەوەندیی جووتیاران بڕەکە بۆ شەش ملیۆن تۆن زیادکرا، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان زیاد نەکرا.
 
پار پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام بوو؛ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت، لەکاتێکدا ساڵی 2024، 700 هەزار تۆنی وەرگرتبوو.