مەلا بەختیار: بۆ وەرگرتنەوەی مافێکی زەوتکراو خۆم بۆ سەرۆککۆمار بەربژێر کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری دیار و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ (رووداو) رایگەیاند، لە دوایین خولەکەکانی وادەی دیاریکراودا خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوەی بۆ "وەرگرتنەوەی مافێکی خوراوی چەندین ساڵەی خۆی" بووە کە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە لێی بێبەش کرابوو.
 
مەلا بەختیار جەختی کردەوە کە نایەوێت ببێتە هۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. رایگەیاند: "ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون، من ئامادەم بکشێمەوە." هەروەها گوتیشی، دەتوانێت ببێتە "هەوێنێکی جوان" بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە لە بەغدا.
 
پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان سەبارەت بە چانسی سەرکەوتنی، مەلا بەختیار باسی لەوە کرد کە پێویستی بە خۆناساندن نییە لە بەغدا و مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ سەرکردە شیعە و سوننەکاندا هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ببێتە سەرۆککۆمار، وەک "دەروێشێک" بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140 خەبات دەکات.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەلا بەختیار بە زمانی عەرەبی پەیامێکی ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد و داوای لێ کردن متمانەی پێ بدەن.
 
دەقی قسەکانی مەلا بەختیار:
 
رووداو: با لەوەوە دەستپێبکەم. بۆچی خۆت بەربژێر کرد؟
 
مەلا بەختیار: سوپاس بۆ چاوپێکەوتنەکەتان. رووداوم خۆشدەوێت بۆیە قبووڵم کرد. ئەگەرنا کاتی چاوپێکەوتن نییە ئێستا. واتا هێشتا 10 رۆژێکی ماوە بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. ئەمە یەکەم. دووەم، بەر لە هەموو شتێک من لە دوێنێوە کە خۆم بەربژێر کردووە، پێنج خولەکی کۆتایی خۆم بەربژێر کرد.
 
رووداو: لە لیستەکەشدا دوایین ناویت.
 
مەلا بەختیار: بەڵێ دوایین ناوم. ئەوەی لە ماراسۆندا بە پڕتاو را دەکات، مەرج نییە بگات، ئەوەی کە لە دواوە بە خاوییەوە را دەکات، دەگات. ئینجا لە دوێنێوە من قەرزداری نەتەوەکەم بووم، هەستم کرد هەرچی رەنجم داوە پاداشتەکەیم وەرگرتەوە. ئەویش ئەوەیە هەزاران کۆمێنتی جوانم بۆ هاتووە. دەیان گوتاری جوانم بۆ هاتووە و پشتیوانیم دەکەن. باوەڕ بکە ئەوەندە ویژدانم ئاسوودەیە 55 ساڵە سیاسەت دەکەم، 15 ساڵ پێشمەرگە بووم، هەرچی بەدبەختیی رۆژگاری تەنگە وەک ئەنفال، کیمیاباران، راگواستنی گوندەکان، شەڕی ناوخۆیی و ئەوانە هەمووم بینیوە. زۆرجار بێتاقەت دەبووم، بەڵام ئێستا تێگەیشتووم کە میللەتەکەم بە ویژدانە و بە ویژدانەوە حوکمی لەسەر من دا. باقییەکەی با خۆیان قسە بکەن. بۆیە لێرەوە سڵاوم بۆ یەک بە یەکیان هەیە. ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ئەوانەی لەنێو وڵاتن، لە خانەقینەوە تاوەکو بادینان، شارەکەم حەشرم بۆ دەکات، واتا ئەوەی ئەمجارەیان خانەقین بۆ منی کردووە، باوەڕ بکە هەرچیم بۆ کردبێت، هیچم بۆ نەکردووە. لە گلێنەی چاوم خۆشترم دەوێن. زۆر سوپاس جارێکی دیکە بۆ چاوپێکەوتنەکە.
 
بۆچی خۆم بەربژێر کرد؟ وەڵا بۆ ئەوەی مافێکی خوراوی خۆم وەربگرمەوە، چەندین ساڵە مافێکم هەیە لە پەرۆشیی خۆم بێ [یان] لەوەی کە خۆم لاداوە لە قووڵیی کێشەکانی نێو یەکێتی و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە. بەڵام دوای جەنابی مام جەلال تاوەکو ئێستا ناوی من لەنێو ناواندایە، بەڵام هیچ کات نەمویستووە ببم بە بەشێک لە کێشەکان، بەشێک لە باڵباڵێنەکان. بۆیە دوورکەوتنەوە لە بەربژێربوون بۆ سەرۆککۆماریم پێ زۆر باشترە لەوەی کە خۆم بەربژێر بکەم و ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی قووڵ بکەمەوە. گوێ نەدەمە هیچ شتێک. من نەمتوانی گوێ نەدەمە کێلەکەی مام جەلال، نەمتوانی گوێ نەدەمە گۆڕی ونی عەلی عەسکەری، نەمدەتوانی گوێ نەدەمە ئارام، شەهاب شێخ نوری، جەعفەر، رەئووف بەگ، ئەم هەموو قارەمانانەی کە بەراستی، حەسەن کوێستانی، ئەو قارەمانانەی کە گیانیان بەخت کردووە هاوسەنگەرم بوون. بۆیە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەکاندا لەگەڵ رێزم بۆ یەک بە یەکیان، من دوورەپەرێز بووم، خۆم دەخواردەوە. ئەمجارەیان هەلومەرجە بابەتییەکەی ناوچەکە، نێو عێراق، ریزبەندییە سیاسییەکان، حیزبەکان، ململانێیەکان، ناکۆکییەکان و بەداخەوە دوای ساڵێک و دوو مانگیش دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نە پەرلەمان سازدراوە، نە حکومەتی کوردستانیش پێکهاتووە. واتا ئەمانە هەمووی بۆشاییەکە، بۆشاییەکی سیاسییە، بۆشاییەکە لە ریزی نەتەوەکەمان، لە عێراقدا، لە نێو حیزبەکاندا، ململانێیەکان، ئەمە وای کرد هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە بکەم و خۆم بەربژێر بکەم.
 
رووداو: ئاسانە کارەکەت؟
 
مەلا بەختیار: نا، نا، من کەی لە سیاسەتدا کاری ئاسانم پێسپێردراوە؟ هەموو جارە کاری قورسم پێسپێردراوە لە نێو حیزبەکەم، ئەمجارەیان خۆم کاری قورسم هەڵگرت بۆ خۆم.
 
رووداو: پارتی بەربژێری هەیە، یەکێتی هەیەتی، ئۆپۆزیسیۆن هەیەتی، خەڵکی دیکە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی بەربژێرن، وا دەردەکەوێ ئەرکەکە ئاسان نەبێ بۆ جەنابت، کامیان بەڵێنی داوە کە دەنگ بە جەنابت بدەن؟
 
مەلا بەختیار: من بکە تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ حیزبێکی عێراقی قسەم نەکردووە، بەڵام دەزانم چییان گوتووە لە دانیشتنەکانی خۆیاندا.
 
رووداو: درەنگ نییە؟
 
مەلا بەختیار: نا، درەنگ نییە. جارێ خۆت گوتت 20 رۆژ زیاتر ماوە، ئەمە یەک. دووەم پێویستم بە خۆناساندن نییە. شوناس و مێژووی من، پاکیی من، راستگۆیی من لە گفتوگۆکاندا رەنگە لانیکەم 25 تاوەکو 30 جار سەرۆکی شاندی یەکێتی بووبم بۆ بەغدا، بۆ هەولێر، بۆ تاران، بۆ ئەنقەرە و بۆ ئەورووپا، بۆ کۆنگرەکانی سۆسیال دیموکرات. قابیلە لەم هەموو کۆبوونەوانەدا، ئەو شەڕ و شۆڕانە، لەم بەدبەختییانەی کە هەیە، هەڵوێستەکانی من نەبووبن بە ناسنامەی سیاسیی من و شایستەیی من؟ قابیلە؟ من هەڵپەم نییە بە راستی.
 
رووداو: هەڵوێستەکانی جەنابت نابێت بە قوربانیی رێککەوتنی سیاسی لە عێراقدا؟
 
مەلا بەختیار: من ئەگەر رێککەوتن بێت و دەستوور جێبەجێ بکرێ و دڵنیا بم ئەو رێککەوتنانە دەبنە مایەی جێبەجێکردنی دەستوور، دەبنە مایەی تەبایی حیزبە سیاسییەکان، بە کوردستان و بە عێراقیشەوە ئەگەر ئەو رێککەوتنە بۆ ئەم چوار ساڵەی داهاتوو بێ و زەوینە و ژینگەیەکی لەبار دروست بکات، باوەڕ بکە من ئەوە ئامانجمە، ئیدی هیچ پێویست ناکات سەرۆککۆمار بم یان نەبم. تەواو، خاڵ سەری دێر.
 
رووداو: ماوەیەک لەمەوپێش سەردانی بەغدات کرد. ئەو کات لەگەڵ لایەنەکاندا هیچ کارت بۆ ئەوە کرد کە بۆ نموونە رەزامەندی لایەنی شیعە و لایەنی سوننە وەرگری بۆ ئەم پۆستە؟ 
 
مەلا بەختیار: بە هیچ شێوەیەک باسی سەرۆککۆمارم نەکردووە. گەورە و بچووکم دیوە لە بەغدا، باسی سەرۆککۆمارم نەکردووە. گەورەی وا هەیە خۆی تەلەفونی بۆ کردووم کە بمبینێت، ناو نایەنم ها، چونکە بڕیارەکەم لەوێ وا بوو کە ناوی کەسیان نەهێنم، خۆیان تەلەفونیان کردووە کە بمبینن. ئی وا هەبوو گوتی من 40 ساڵە سەرسامی تۆم، گوتاری جوان...
 
رووداو: بۆچی بتبینن؟ 
 
مەلا بەختیار: وەکو مەلا بەختیار بمبینن، لوتفیان کردووە هەموویان، واتە هیچ ئەملاو ئەولام نییە. باسی سەرۆککۆمارمان نەکردووە، بەڵام پرسیاری دۆخی کوردستان، پرسیاری دۆخی عێراق، پرسیاری دۆخی ناوچەکەیان لێکردووم. من سوپاسیان دەکەم بە راستی، واتە وەکو مەلا بەختیار رۆیشتووم، وەکو مەلا بەختیار رێزیان گرتووم، وەکو مەلا بەختیاریش گەڕاومەتەوە کوردستان.
 
رووداو: پێتگوتوون خەونی سیاسیت هەیە؟
 
مەلا بەختیار: گوتوومە من لە سیاسەت ناوەستم، واز لە هەڵوێستم ناهێنم، واز لە پرەنسیپەکانی خۆم ناهێنم، بەڵام نابم بە بەشێک لە کێشەکان، لەگەڵ هیچ لایەکیش نابم دژی حیزبەکەی خۆم کە هەموو تەمەنی خۆمم داوەتێیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمانەم هەمووی روونکردووەتەوە.
 
رووداو: جەنابت باست کرد لە نێو یەکێتیدا کارەکە بۆ جەنابت زەحمەت بووە، ململانێی نێو یەکێتی وای کردووە کە ئەو مافە کە جەنابت دەڵێی لێت زەوت کراوە. جارێ کێ مافی جەنابتی زەوت کردووە؟ دەتەوێ لە کوێ وەریگریتەوە ئەو مافە؟
 
مەلا بەختیار: کێشەکان مافی منیان زەوت کرد. کێشەکانی نێو یەکێتی، دەستەبەندییەکانی نێو یەکێتی، ئەو جۆرە میکانیزمەی کە بەربژێرەکانیان بۆ سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرن. ئەمانە، هەمووم دەزانی، وردەکاری، پشتی پەردە و پێشی پەردە، دەرەوەی سنوور و دوای سنوور هەمووی دەزانم.
 
رووداو: بۆ کەی هەڵدەگری؟ بۆچی نایڵێیت؟
 
مەلا بەختیار: بۆ پێت وایە بەیانی دەمرم؟
 
رووداو: ئینشاڵڵا تەمەن درێژ بیت، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نییە بە خەڵک بڵێیت بۆ نەبوویت بە سەرۆککۆمار؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر کاتی ئەوە نییە، چونکە نامەوێت زەممی کەس بکەم بە راستی. من رێزم بۆ هەموویان هەیە، هەرکەسە رۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە، با ئەوانەی مێژووی دەسەڵاتەکان، مێژووی سەرۆکەکان دەنووسنەوە، ئەوان هەڵیانسەنگێنن.
 
رووداو: رۆژێک دێ بینووسیت کە ئەم سەرۆککۆمارانە لەنێو یەکێتیدا چۆن دیاری کراون؟
 
مەلا بەختیار: بێگومان. من بۆ یاداشتی خۆم نانووسم؟ لەبەر ئەوەی جارێ لە زەرەری حیزبەکەمە هەموو راستییەکان بنووسم.
 
رووداو: حیزبەکەت؟
 
مەلا بەختیار: بێگومان.
 
رووداو: یەکێتیت هێشتا؟
 
مەلا بەختیار: کەس لە خۆم بە یەکێتیتر نازانم ئەگەر مەسەلە یەکێتی بە ئایدیۆلۆژیا بێت، یەکێتی بە مێژوو بێت، یەکێتی بە هاوسەنگەری شەهیدەکان بێت، یەکێتی بە ناسینی هەزاران پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندام بێت، هی زیندانی سیاسی بێت، هی راپەڕینی ناو شارەکان بێت، بچن لە رێکخستنە نهێنییەکان بپرسن ئەم رێکخستنە کێ دروستی کردووە؟ هەفتەی رابردوو خانمێک، شوکری خان کە خێزانی حاکم ئیبراهیمە، خۆی شوکری خانە پێش ئەوەی حاکم ئیبراهیم بێت، یەکێک لەوانەی کە یەکەم شانەی یەکێتیم دروست کردووە یەکێک لەوانە ئەو شوکری خانەیە.
 
رووداو: ئێمە هەموومان شاهیدی ئەو مێژوویەین، باسی ئێستا دەکەین.
 
مەلا بەختیار: نا ئەو مێژووە نازانی کە یەکەم شانەی یەکێتی [کەی بووە]، ئەگەر رێگە بدەیت ئەمە تەواو بکەم بۆ مێژوو، چونکە ئەو خانمە وەفاتی کرد، حەقی خۆیەتی مێژووی خۆی بدەمێیە. وەفاتی کرد، پێنج کەس بوون یەکەم شانەی یەکێتی من رێکم خستوون، یەکێکی ئەو بووە، یەکێکی کاک یونس بوو ئێستا ماوە، یەکێکی رووناکی شێخ جەناب ئێستا ماوە، یەکێکی شەهید ئاشتییە لە عەیادەکەی دکتۆر ئومێد بە رێکەوت شەهید بوو، یەکێکیش جەمالە رەشە.
 
رووداو: مەبەستم ئێستا بوو، پرسیارەکەم بۆ ئەوە بوو لە نێو یەکێتیدا ئاسان نەبووە بۆت، لە دەرەوەی یەکێتی ئاسانە ئەم پۆستە وەرگریت؟
 
مەلا بەختیار: ئاسانترین شت ئەوە بوو لە نێو یەکێتی باڵباڵێن بکەم و چییشم بوێ لە نێو یەکێتی بۆم جێبەجێ بێت، ئاسان بوو بۆم. باڵباڵێنێک کە سەردەکەوێت، بەڵام نەمکرد. نەمکرد، کاتی وا هەبووە لەگەڵ هەر لایەک بووم شەڕی یەکێتی و یەکێتی دروست دەبوو نەمکرد، و دەشیانکردم بە سکرتێری یەکێتی نەمکرد.
 
رووداو: لەدوای جەنابی مام جەلال؟
 
مەلا بەختیار: پێش [کۆچی دوایی] جەنابی مام جەلال، ئەو کاتەی نەخۆش بوو.
 
رووداو: باسی ئێستای یەکێتیت کرد، لەگەڵ کاک بافڵ قسەت کردووە کە خۆت بەربژێر کردووە یان نا؟ 
 
مەلا بەختیار: نەخێر.
 
رووداو: هیچ راوێژێکت لەگەڵ نەکردووە؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر
 
رووداو: لەگەڵ یەکێتیش؟
 
مەلا بەختیار: ئەو بە ئازادی لە نێو حیزبەکە بەربژێری دیاری کردووە، منیش بە ئازادی بەربژێر بووم. من دیسان دەڵێم چۆن پێویستیم بە خۆناساندن نییە لە عێراقدا، پێویستیم بە خۆناساندن نییە لە نێو یەکێتی بە راستی، من رێزم بۆ هەموویان هەیە هیچ ئەملاو ئەولای تێدا نییە. ئێستاش بەربژێری یەکێتی هەیە، مەلا بەختیاریش بەربژێرە. ئەگەر کاک بافڵ یان هەرکەسێکی دیکە لە یەکێتی بییەوێت بێت گفتوگۆم لەگەڵ بکات و بڵێ بۆچی خۆت بەربژێر کردووە، ئەو کاتە بۆی روون دەکەمەوە. ئەگەر پەنجەرەیەک، کڵاوڕۆژنەیەک کرایەوە بتوانین لەسەر وردەکارییەکەی قسە بکەین، ئامادەم لەسەر وردەکارییەکەش قسە بکەم.
 
رووداو: لەگەڵ کاک بافڵ؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ بۆچی نا؟ هەرچەند جیاوازیی بافڵ و دوژمن زۆر زۆرە، من لەگەڵ دوژمنانی کورد دانیشتووم، بۆچی لەگەڵ بافڵ دانەنیشم؟
 
رووداو: ئامادەی دانیشیت لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار لەگەڵ کاک بافڵ؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ.
 
رووداو: لەگەڵ یەکێتیش قسەت نەکردووە کاک مەلا؟
 
مەلا بەختیار: لەگەڵ بەشێکی زۆری یەکێتییەکان لە خوارەوە دێن بۆ لام، ئەوەی بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەکەن، قسەم کردووە، بەڵام لەگەڵ بەرپرس دانیشم لەسەر وردەکارییەکەی قسە بکەم، نەخێر قسەم نەکردووە، جارێ پەلەم نەبووە.
 
رووداو: لەم یەک دوو رۆژەدا گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کرد لە پەرلەمان. گوتم بەربژێرێکی فەرمیی یەکێتی هەیە و چەند بەربژێرێکیش هەن کە لەسەر یەکێتی هەژمار دەکرێن، دەنگەکانی یەکێتی پەرت ناکەن لە پەرلەمان؟ گوتی نەخێر دەنگی ئێمە یەک دەنگە و ئەوەیە کە کاک بافڵ دەیڵێ. دەنگەکانی یەکێتی هەمووی بۆ یەک بەربژێر دەبێت لە پەرلەمانی عێراق کاک مەلا بەختیار؟
 
مەلا بەختیار: گوێم لێبوو کاک هەرێم کەمال ئاغا قسەی کرد و بە لوتفیشەوە باسی منی کرد، سوپاسی دەکەم گوێم لێبوو. بەڵام من پێموایە یەکێتی و پارتی وردتر دەبن لە نێو پەرلەمانی ئەمجارەدا. بیر لە بەربژێرەکانیان بکەنەوە. ئەو هاوکێشەیە کە پێشتر جەمسەربەندی تێدا هەبوو، بلۆک بوون جەمسەربەندییەکان، ئەمجارەیان ئەو بلۆکبەندییە نەماوە. کاریگەریی زۆر هەیە لەملاو لەولاوە، لە گۆڕانکارییەکاندا کە هەیە. نە یەکێتی یەکێتییەکەی سەردەمی مام جەلالە، نە پارتیش ئەو خەونە گەورەیەی هەیە بۆ سەرۆککۆمار، بەڵام رێککەوتنی یەکێتی و پارتی من پێموایە... (پێشکێشکار قسەکەی بڕی)
 
رووداو: ئەگەری رێککەوتنی پارتی و یەکێتی هەیە؟
 
مەلا بەختیار: من ئاواتەخوازم رێکبکەون، بەربژێری هاوبەشیان هەبێ و منیش دەکشێمەوە.
 
رووداو: ئەمە یەکێک لە پرسیارەکانم ئەوەیە: ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێک رێکبکەون، دەکشێیتەوە؟

 

مەلا بەختیار: بەڵێ، گوتوومە لە پەیامەکەی دوێنێم گوتوومە. من بە هیچ شێوەیەک نابم بە بەشێک لە کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی. لەگەڵ هەر لایەکیش قسەم کردبێت، رێککەوتنی یەکێتی و پارتیم بە گرنتیی ئەم دۆخە زانیوە کە ئێستا هەیە لە بەغدا، لە ناوچەکە و لە جیهان. بۆیە چارەنووسی نەتەوەکەم و هەرێمی کوردستان و ئەو دۆخە سیاسییەی کە ئێستا هەیە و، ئەو مەترسییانەی کە رەنگە بێنە پێشەوە و ئەو هەلومەرجە رەخساوەی کە لە داهاتوودا رەنگە بێتە پێشەوە، ئەمانە لای من زۆر گرنگترە لەوەی کە خۆم لە کوێ بم یان نەبم. واتا چییە من بچم لە نێو پەرلەمان دابنیشم بڕێک لە دەنگەکان داببڕمەوە و کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی قووڵتر بکەم؟ من ئەمە بە شەرمەزاری دەزانم ئەگەر کاری وا بکەم.
 
رووداو: ئەی ئەگەر رێکنەکەوتن؟
 
مەلا بەختیار: رێکنەکەوتن من ئازادم. 
 
رووداو: ئەو ئەزموونەی کە بۆ بەڕێز د.لەتیف لە خولی پێشوودا روویدا، چاوەڕێ دەکەیت، دووبارە ببێتەوە بۆ جەنابت؟
 
مەلا بەختیار: گوتم بلۆکبەندییەکەی جارانی نێو یەکێتی [گۆڕاوە]
 
رووداو: چی گۆڕاوە؟ 
 
مەلا بەختیار: سیاسەتی ئێران، خۆت دەزانی ئێرانی ئەو سەردەمە و ئێرانی ئەم سەردەمە [جیاوازن و ئێستا] لە نێو دۆخێکی تایبەتدایە. ئینجا عێراقی ئێستا لەگەڵ عێراقی ئەو سەردەمە لە نێو هەلومەرجێکی جیاوازدایە. حیزبەکان بەشێک دەنگی زۆری هێنا لە هەڵبژاردنی پێشوو، لەم هەڵبژاردنە کەمتری هێنا، حیزبی وا هەبوو لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمی هێنا، لەم هەڵبژاردنە زیاتری هێنا. بۆ نموونە بەڕێز قەیس خەزعەلی، بەهێزترین حیزبی عێراقە ئێستا بەگوێرەی ئەندامی پەرلەمان. پارتی دووەمە لە کورسییەکانی پەرلەمان. بەراوردی بکە 28 کورسییەکەی ئێستای قەیس خەزعەلی لەگەڵ پێشوودا بزانە جیاوازییەکەی چۆنە. جەنابی عەممار حەکیم، کە من پەیوەندییەکی دێرین و مێژووییم هەیە لەگەڵ کۆچکردوو محەمەد باقر سەدرەوە تاوەکو دەگاتە خۆی و باوکی، ژمارەی ئەم دەنگانە زۆر زیاترە.
 
رووداو: بەڵام راستییەکی دیکەش هەیە. راستە نێوماڵی شیعە کورسییەکانی ئەم زیاد دەکات و ئەو کەم دەکات، بەڵام بە ئەنجام نێوماڵی شیعە نییە ئەمە؟
 
مەلا بەختیار: ماڵی شیعە ئێوە خۆتان دەزانن، پیاوێکی گەورە و بنەماڵەیەکی گەورە کە سەدرییەکانن لە دەرەوەی یارییەکەن. جەنابی موقتەدا سەدر لە دەرەوەی یارییەکەیە، رەخنەی هەیە، هەڵوێستی جیاوازی هەیە. لە ناو فراکسیۆنە شیعەکان خۆیان ناکۆکییان هەیە، ئەی ئەگەر ناکۆکی نییە تاوەکو ئێستا بۆ سەرۆکوەزیرانیان دیاری نەکردووە؟ کە من پێمخۆشە زوو دیاری بکەن بۆ ئەوەی ببێتە هاندەر بۆ حیزبە کوردستانییەکانیش چاویان لێ بکەن.
 
رووداو: کێ دەبێت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق چانسی کێ بەهێزە؟
 
مەلا بەختیار: با من چیرۆکێکی کورتت بۆ بگێڕمەوە. پێش ئەوەی جەنابی عادل عەبدولمەهدی ببێتە سەرۆکوەزیران، هات بۆ سلێمانی، من بەرپرسی کارگێڕیی یەکێتی بووم. گوتم فەرموو، گوتی هاتووم جەنابی کاک مەسعود ببینم، خاتوو هێرۆ ببینم، تۆ ببینم. گوتم فەرموو، گوتی ناوم دێت بۆ سەرۆکوەزیران دەمەوێ راگەیاندراوێک دەربکەم بەڵێم ناوی من مەهێنن، نایکەم. گوتم نەیکەیت، راگەیێندراو دەرنەکەیت. گوتی بۆچی؟ گوتم چونکە تۆ دەبیتە سەرۆکوەزیران. گوتی چۆن؟ گوتم با دەبیتە سەرۆکوەزیران، چونکە دەبی بە سەرۆکوەزیران واتا رێکنەکەوتنی شیعەکان. گوتی دڵنیایت؟ گوتم دڵنیام بڕۆ بۆ بەغدا بزانە تۆ دوو هەفتەی دیکە سەرۆکوەزیرانیت یان نا. رۆیشتەوە لەوێ تەلەفۆنی بۆ کردم گوتی وەڵڵا ئەوە پێشبینییەکەت دەرچوو، وایە. پێش ئەویش هەر وا بوو، عەبادی وا بوو، کازمی هەر وا بوو، عادل عەبدولمەهدی وا بوو، جەنابی سوودانیش وا بوو. کێ دەڵێ ئەمجارەش وا نابێ؟
 
رووداو: پێتوایە ئەمجارەش وا دەبێ؟ 
 
مەلا بەختیار: 50٪ وای دادەنێم. هەرچەند جەنابی مالیکی زۆر پێگەی بەهێزە و زۆر پێداگریشە لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە. بەراستی کە سەرۆکوەزیرانیش بوو، پیاوێکی ئەوەندە بە کۆشش بوو، نەوەک سڵی نەدەکردەوە لە دوژمنەکانی غەیرە شیعە، بەڵکو لە ناو شیعەش قبووڵی نەدەکرد کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی عێراقی لاواز بکەن. خۆتان دەبینن لە نەجەف و کەربەلا هێزێکی توندڕەو سەری هەڵدابوو، جەنابی مالیکی پاکی کردەوە. 
 
رووداو: لەبەرامبەریشدا سوودانی سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە.
 
مەلا بەختیار: سوودانیش سوورە لەسەری. خزمەتێکی زۆری کردووە لەم دوو سێ ساڵەی کە سەرۆکوەزیران بووە. من چووم بۆ بەغدا، بەغدایەکی دیکەم بینی. زۆر واتە بە عەرەبیش وتوومە پەسندم لەسەر ئەم کارانەی ئاوەدانکردنەوەیە هەیە و زۆر پشتیوانی و شانازییان پێوە دەکەم. ئینجا ئەمە کێ ساخی دەکاتەوە؟ من و تۆ نین لەم چاوپێکەوتنەدا، ئێمە رێز لە هەردووکیان دەگرین. بێگومان جەنابی مالیکی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە شاخەوە؛ من ساڵی 1989 لە دیمەشق بینیومە. گەنگەشەیەکی سێ کاژێریمان کردووە پێکەوە. برای خۆشەویستم دکتۆر فوئاد حوسێن هێنای بۆ لای من لە هۆتێلەکە. من هەر نەمبینیبوو، یەکەم جار بوو بیبینم. دواتر کە رۆیشت بە کاک فوئادم گوت دەزانیت ئەگەر سەدام بڕووخێت ئەمە دەبێتە سەرۆکوەزیران؟ گوتی بۆچی؟ گوتم پیاوێکی بە هەیبەت بوو، پیاوێکی عاقڵ.
 
رووداو: بەس بنەمایەک لە نێو نەوەی ئێستای شیعەدا هەیە کە تاقیکراوەکان نابێ جارێکی دیکە تاقیبکرێنەوە.
 
مەلا بەختیار: لە سیاسەتدا نە نەخێری رەها (موتڵەق) هەیە، نە بەڵێی رەها هەیە، دۆخەکە حوکم دەکا، و دەگۆڕدرێت.
 
رووداو: دوورم خستییەوە لە سەرۆککۆمار، هاوکێشەکە بۆ گۆڕاوە؟ ئێران رای گۆڕاوە بەرامبەر بە یەکێتی؟ ئێران پشتگیری ئەوە ناکا یەکێتی سەرۆککۆمار وەرگرێت؟
 
مەلا بەختیار: نەمبیستووە نە گەرموگوڕ بێت لە پشتگیری، نە ساردوسڕ بێت لە پشتگیری، نەمبیستووە.
 
رووداو: چوار ساڵ لەمەوپێش گەرموگوڕ بوو؟
 
مەلا بەختیار: بێگومان.
 
رووداو: گۆڕاوە ئەوە؟
 
مەلا بەختیار: دەڵێم نەمبیستووە نە گەرموگوڕ بن نە بیستووشمە ساردوسڕ بن. ئەگەر گەرموگوڕە وەکو جاران دەردەکەوێ، ئەگەر ساردوسڕیش بێت کە دەنگەکان خرایە نێو سندوقی دەنگدانی سەرۆککۆمار هەر دەردەکەوێ.
 
رووداو: هەژەند روودەدات لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؟
 
مەلا بەختیار: ئەگەر هەیە، یەکێکە لە ئەگەرە دیارەکان. 
 
رووداو: هەژەندەکە چییە؟ 
 
 مەلا بەختیار: پێش ئەوە ئەگەر رێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی هەبێ، بێگومان چانسی یەکێتی بەهێز دەبێ، ئەگەر رێککەوتن هەبێ. چونکە دڵنیام پارتی هەردوو بەربژێرەکەی دەکشێنێتەوە. ئەگەر نەبێ؟ وەڵڵا خولی یەکەم هیچ کەس نایهێنێتەوە، خولی دووەم بەشێکیان وەلادەنرێن، خولی سێیەم خوا رەحم بکات.
 
رووداو: بە کێ؟ 
 
مەلا بەختیار: بەو کەسەی کە خۆی داناوە ببێت بە سەرۆککۆمار. بە بەربژێرەکان، خوا رەحمیان پێ بکات.
 
رووداو: دەچێتە خولی سێیەم؟
 
مەلا بەختیار: بەپێی دەستوور نەخێر، خولی دووەم.
 
رووداو: کێ و کێ دەچنە خولی دووەم؟ 
 
مەلا بەختیار: ئاخر ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکبەکەون هەر یەکێتی دەردەچێت. خولی دووەم و سێیەم نییە.
 
رووداو ئێستا سەیری بەربژێرەکان بکە، ئێستا پارتی هەیەتی، یەکێتی هەیەتی، جەنابت هەیت، ئۆپۆزیسیۆن هەیە، خەڵکی دیکەش هەیە، د. لەتیفیش هەیە. کێ دەچێتە خولی دووەم؟
 
مەلا بەختیار: پێموایە من یەکێکم لەوانەی چانسم هەیە بچمە خولی دووەم، با ئەوەی دیکە کێیە تەتەڵەی دەنگەکان دەیزانێ.
 
رووداو: ئەگەر بوویت بە سەرۆککۆمار چی بۆ کوردستان دەکەیت کە سەرۆککۆمارەکانی پێشتر نەیان کردبێ؟
 
مەلا بەختیار: ئەوەی لە دەستوور نووسراوە، تەواوی توانای خۆم دەخەمە کار جێبەجێی بکەم.
 
رووداو: سەرۆککۆمار دەسەڵاتێکی تەشریفاتییە؟
 
مەلا بەختیار: ئەمە هەڵەیە، ئەمە هەڵەیە ئەم قسەیە. دەسەڵاتی رووکەش نییە، تەنانەت دەسەڵاتی زۆر گرنگی هەیە، یەکێک لە دەسەڵاتەکانی ئەوەیە چاودێریی چۆنیێتیی جێبەجێکردنی دەستوور دەکات. چاودێریی چۆنیێتیی بڕیارەکانی پەرلەمان دەکات. هەموو ئەفسەرە گەورەکان ئەو دایاندەنێت، باڵیۆزەکان هەمووی لای ئەو سوێند دەخۆن، دەسەڵاتی باشی هەیە بڕۆن دەستوور باش بخوێننەوە. دەتوانێت پڕۆژەیاسا بنێرێت بۆ پەرلەمان و پڕۆژە یاسا رەتبکاتەوە، دوو جار دەتوانێت رەتی بکاتەوە.
 
رووداو: واتە ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت پڕۆژە یاسا بنێرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە تەنیا ناتوانێت، بەڵام سەرۆککۆمار دەتوانێت.
 
مەلا بەختیار: بەڵێ دەسەڵاتەکانی زۆرە بەدەر لەو بارەیەوە، دەسەڵاتی زۆر جوانی هەیە.
 
رووداو: جەنابت خەڵکی خانەقینی، سەرۆککۆماریش وەکو جەنابت گوتت پارێزەری دەستوورە. مادەی 140ـیش مادەیەکی گرنگی دەستوورە کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر بوویت بە سەرۆککۆمار مادەی 140 جێبەجێ دەکەیت؟
 
مەلا بەختیار: ئەوەی لە دەسەڵاتم بێت بەپێی دەستوور بە هیچ شێوەیەک کەمتەرجخەمی ناکەم. بۆ مادەی 140ـیش ئەوە دەڵێم.
 
رووداو: بەڵام دۆخە سیاسییەکە، بەربەستە سیاسییەکان، شیعەکان، سوننەکان، رێگە دەدەن ئەو دەسەڵاتانە بەکاربهێنیت؟ 
 
مەلا بەختیار: دەزانی چۆنە؟ کەڵەکەی کێشەکانی مێژووی عێراق، هەستیاریی سیاسی، خوێنڕشتنی رابردوو، ناکۆکییەکان، کۆمەڵێک هۆکاری دیکە کە نامەوێت لەسەریان بڕۆم. هەڵە لە یەکدی تێگەیشتنێک هەیە لەنێوان کورد و عەرەب، لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەڵە تێگەیشتنێک هەیە. زۆر لە بەرژەوەندیی عێراقە دەستوور جێبەجێ بکرێت بە مادەی 140ـەوە. زۆر لە بەرژەوەندیی عێراقە. بە پێچەوانەوە، جێبەجێنەکردنەکەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کێشمەکێشدا دەهێڵێتەوە. رێگەیان نەدا سەردەمی شێخ مەحموود کەرکووک بێتە سەر سلێمانی، عێراق سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی؟ رێگەیان نەدا لە رێککەوتنی ئازاردا کەرکووک بێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمیی راستەقینە، رێککەوتنی ئازار 1970 بۆ 1974، عێراق سەقامگیر بوو؟ لە ساڵی 1984خۆم ئەندامی شاندی دانوستاندن بووم، هەموویانم بینی، سێ جاریش من لە شاندەکەدا بووم. رێگەیان نەدا لەسەر کەرکووک ئامادە نەبوون رێکبکەون، بیانووی سەیریان دەهێنایەوە، ئایا ئێمە لەنێوچووین؟ عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە بینی؟ ئێستاش کۆمەڵێک لە مادەکانی دەستوور هەن کە جێبەجێ نابن، سەقامگیربوونی عێراق دوادەخەن، ناڵێم هەر نابێ، دەڵێم دوای دەخات. بۆیە من پێموایە دەبێ دیالۆگێکی فراوانی دیموکراسیی ئازاد، کوڕ و کۆبوونەوە دەستپێبکەین لەگەڵ رای گشتیی عەرەبی، لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و هەرێمی کوردستان بەغدا بانگهێشت بکات بۆ ئێرە، سیاسییەکانیان، رۆشنبیرەکانیان، حیزبەکانیان، بکەوینە دیالۆگ لەسەر ئەم کێشە مێژووییانە و لەسەر هەڵپەساردنی مادەی 140 کە تاوەکو ئێستا زۆر بە سەریدا تێپەڕیوە و جێبەجێ نەکراوە.
 
رووداو: هەڵپەسێردراوە؟
 
مەلا بەختیار: نزیکەی بە کردوەیی هەڵپەسێردراوە. ئەگەر نا بڕیار وا بوو کەی هەر چوار بڕگەکەی مادەی 140 جێبەجێ بکرێت؟ 
 
رووداو: ساڵی 2007.
 
مەلا بەختیار: ئێستا چەندە؟ 2026. واتا 19 ساڵ تێپەڕیوە.
 
رووداو: بەپێی سەرژمێری بێت، وا دەردەکەوێ دەنگی کورد لە کەرکووک لە پاشەکشەدایە. لە هەڵبژاردندا بینیمان بۆ یەکەم جار کورد بوو بە کەمینە لە کەرکووکدا. وا بڕوات ماوەیەکی دیکە عەرەبەکان داوای جێبەجێکردنی مادەی 140 ناکەن لە کەرکووک کە بزانن زۆرینەن؟
 
مەلا بەختیار: 10ساڵ لەمەوپێش، لە بەغدا لە کۆبوونەوەیەکدا بووین برای بەڕێزم کاک هۆشیار زێباری وەزیری دارایی بوو. یەکێک لە سەرکردەەکانی حیزبە شیعەکان گوتی مادەی 140 بەپەلە بڕیاری لێدراوە و دەبێت لاببرێت و هەموار بکرێتەوە. یەکەم کەس من وەڵامم دایەوە، دووەم کەسیش کاک هۆشیار قسەکەی پشتڕاست کردمەوە. گوتمان واتای چییە؟ دوای 100 ساڵ تۆ تازە بیر لەوە دەکەیتەوە دەبێ مادەیەکی دەستووری کە کۆمەڵێک کێشە و گرێی مێژوویی چارەسەر دەکات، لاببرێ. ئاخر چۆن دەبێ ئاوا بیر بکەنەوە؟ ئەم بیرکردنەوەیە هەیە. ئەمە بۆیان دەچێتە سەر یان ناچێتە سەر، هەرچەند من بەپێی خوێندنەوەم بۆ دەستوور و ئەوانە، مادەی 140 قابیل بە دەستکاری نییە. بەڵام هەموو شتێک کە هاتە سەر کێشەی گەورە گەورە، دەگۆڕدرێت. من پێموایە ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێ، ئەم داوایە زیندوو دەبێتەوە لە بەغدا، ئەگەر یەکێتی و پارتی وا بە ناکۆک بمێننەوە، ئەگەر کێشەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێن، ئەگەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەیەت و ئاوا بمێنێتەوە، بە بۆچوونی من ئەم بیرکردنەوەیە دێتەوە ئاراوە، بۆ هەموارکردنەوەی مادەی 140.
 
رووداو: باسی دۆخی ناوچەکەت کرد. زۆر پێشبینی هەبوو مانگی 9 گۆڕانکاری لە عێراق و ناوچەکە رووبدات، دواکەوت و ئێستا دووبارە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز بووەتەوە، پێشبینی دەکەیت پۆستی عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؟
 
مەلا بەختیار: جارێ زۆر خۆشحاڵم کە دەوڵەتی عێراق توانیویەتی تۆزێک خۆی بپارێزێ لەو کێشانەی کە هەیە، لە تۆزێک زیاتریش. تاوەکو ئێستا تێوەنەگلاوە، بەڵام هێشتا هۆکارەکانی دەستوەردان لە عێراق ماوە، ئەو هۆکارانەی هەڕەشەن بۆ ئەوەی دەرەکی دەست لە نێو وڵات بنێن، ماوە. من لە شەرقییە سێ مانگ لەمەوبەر بانگەوازێکم کرد ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، من رۆڵی حەشدی شەعبی لە شەڕی داعشدا زۆر بەرز دەنرخێنم، خۆم لەگەڵیان بووم. حەز دەکەم بۆ مێژوو ئەمە ببیسن، لە ئامرلی و یەنگجە و سلێمان بەگ، 300 خێزانی شیعە گەمارۆ درابوون. جەنابی هادی عامری بە هێلیکۆپتەر هاتە لای من لە خانەقین گوتی (سەماحەتی) گەورە سیستانی فەتوای داوە دەبێ ئێمە بچین ئەو خێزانانە رزگار بکەین، بەبێ ئێوە ناتوانین. چی دەکەیت؟ من وەڵامم ئەوە بوو و گوتم فەتوای سەماحەتی سیستانی فەرمانی سیاسییە بۆ منیش. فەرموو با بڕۆین با بچین رزگاریان بکەین. چووین، من دوو هەفتە لە تەقتەق بەرەو خوارەوە لە دووزخورماتوو و ئەوانە بووین، شەڕی یەنگجە و شەڕی سلێمان بەگ و ئەوانەمان کرد و خێزانە شیعەکانمان هەموو رزگار کرد. بە رەحمەت بێت سەردار سلێمانی رۆڵی زۆری هەبوو لەو شەڕانەدا. برای خۆشەویستم کاک شێخ جەعفەر، فەرماندەکانی یەکێتی، خۆم لەگەڵ ئەو هێزانە هەموومان رۆڵێکی باشمان هەبوو. بۆیە من پێموایە هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێ. 
 
رووداو: مەبەستت ئەو هەڕەشانەی ئەمریکایە؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ. قابیل بە چارەسەرە، من دەڵێم، پێشنیازەکەشم ئەوە بووە و ئێستاش دەیڵێمەوە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان کە لەبەرامبەر تێکشاندنی داعش هاوشانی پێشمەرگە و پاشماوەی سوپای عێراق خوێنێکی زۆریان بەخشی، با خۆیان کۆنگرەیەک ببەستن بیر لەوە بکەنەوە ئەمە چۆن چارەسەر بکەن. نە دەوڵەتی ئەمریکا گوشاریان لێ بکات، نە دەوڵەتی عێراق.
 
رووداو: ئەمریکا جیدییە لەم بابەتەدا؟
 
مەلا بەختیار: بەڵی. من بە جیدی دەیخوێنمەوە. خۆیان کۆنگرەیەک ببەستن بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەن هاوئاهەنگ بن لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دەوڵەتی عێراق.
 
رووداو: شیعە وریانگرتووە ئەم هەڕەشەیە؟ 
 
مەلا بەختیار: بەڵێ، وەریانگرتووە.
 
رووداو: بەڵام جێگری سەرۆکی یەکەمی پەرلەمان لە گرووپە چەکدارەکانە.
 
مەلا بەختیار: ئەوە هەڵبژاردنە. وەرزی ئازادییە. لە هەڵبژاردن دەرچووە، لە هەڵبژاردن دەرچووە ئەمریکا چی لێ بکات ئێستا؟
 
رووداو: بەربژێری شیعەکان بوو.
 
مەلا بەختیار: ئەی شیعە بەهێزە. ئەمریکا دەزانێت شیعە بەهێزە.
 
رووداو:  بەڵام ئەمریکا بەهێزترە.
 
مەلا بەختیار: ئەمریکا بەهێز دەبێ بەڵام لە هەڵبژاردندا شیعە بەهێزترە لە ئەمریکا. لە هەڵبژاردنی نێو عێراقدا شیعە هێزێکی کاریگەرە.
 
رووداو: ئێران بەهێزترە لە ئەمریکا لە هەڵبژاردندا؟
 
مەلا بەختیار: لەسەر هەندێک لە حەشدی شەعبی و ئەو گرووپانە بەڵێ ئێران روونە بەهێزترە.
 
رووداو: ئەگەر گرووپەکان بەشداری حکومەت بکەن کە بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن لە هەڤپەیڤینێکی ئێمەدا دەڵێ ئەمریکا پەیامێکی روونی ناردووە کە نابێ بەشداری حکومەتی داهاتوو بن، ئەگەری مامەڵەنەکردنی ئەمریکا هەیە لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراقدا؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ هەیە. وەک ئەگەر، بەڵام دەرگەکانی چارەسەرکردن زۆرتر کراونەتەوە.
 
رووداو: ئەوە مەترسیی گەورەشی لە ئابووری عێراق هەیە شیعە ئەوەیان وەرگرتووە؟
 
 مەلا بەختیار: بەڵێ هەیە. وا دەزانم وەریان گرتووە.
 
رووداو: ئەی ئەگەر گرووپەکان بەشداریی حکومەتیان کرد؟
 
مەلا بەختیار: من پێموایە دانانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و ئەوانە، بۆ ئەوە بوو کە حکومەت تووشی کێشە نەبێت جارێ.
 
رووداو: بە وەرگرتنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دوورکەوتنەوە لە بەشداری لە حکومەت؟
 
مەلا بەختیار: ئاوای دەبینم، تاوەکو رادەیەکی زۆر ئاوای دەخوێنمەوە.
 
رووداو: لە چەند ماڵپەڕێکی سۆشیاڵ میدیا بینیم وا بڵاوکراوەتەوە کە ئێران حەز ناکات جەنابت ببیت بە سەرۆککۆماری عێراق. قسەت لەگەڵ ئێرانییەکان کردووە؟
 
مەلا بەختیار: نەم بیستووە بە راستی ئەمە، نازانم ئەمە چ لاپەڕەیەکە، چ شتێکە. من پەیوەندییەکی سرووشتی و جوانم هەیە لەگەڵ ئێران. ئێران دەزانێت پێگەی من لەنێو یەکێتی چۆن بووە و کاتێک کە داعش لە خانەقین و ئەو سنوورە هەڕەشەی لە سنووری ئەمریکا دەکرد، من بەرپرسی کارگێڕیی یەکێتی بووم و یەکەم راگەیێندراوی راگەیاندنی شەڕ دژی داعش من دەرم کردووە. ئێمە نەبوواین لە ناوچەی خانەقین تاوەکو نزیکی مەندەلی و سەربکەوە بۆ لای پەروێزخان و سەربکەوە بۆ لای مەحموود قەجەر و سەربکەوە بۆ بەمۆ، ئەگەر ئێمە نەبوواین، کێشەی زۆر گەورە دروست دەبوو بۆ ئێران لەلایەن داعشەوە. ئێران دەزانێت من رۆڵی ئەو ناوچەیەم [گێڕا]. لەبەر ئەوە باوەر ناکەم ئێران بە هیچ شێوەیەک، هیچ باوەڕ ناکەم بە هیچ شێوەیەک ئێران پێی ناخۆش بووبێت من خۆم بەربژێر بکەم. قسەم لەگەڵ نەکردوون. دنەگیشم تاقی نەکردوونەتەوە، بەڵام لێرە و لەوێ (پێشکێشکار قسەکەی بڕی)
 
رووداو: قسەیان لەگەڵ ناکەیت؟
 
مەلا بەختیار: قسە دەکەم، بۆچی نایکەم؟ من بۆ خەڵکی دیکە سەتان شەڕم کردووە و لەگەڵ ئێران گفتوگۆم کردووە، بۆچی ئێستا بۆخۆمی نەکەم؟ گفتوگۆ چییە؟ گفتوگۆ خۆبەدەستەوەدانە؟ یان تێگەیشتنە لە یەکدی؟ 
 
رووداو: پێیان ناخۆش نییە کە خۆت بەربژێر کردووە، بەڵام پێیان خۆشە ببیتە سەرۆککۆمار؟
 
مەلا بەختیار: با قسەیان لەگەڵ بکەم ئەو کاتە دەتوانم وەڵامت بدەمەوە. ماسی لە ئاو جیا ناکرێتەوە کاک سەنگەر.
 
رووداو: خوێندنەوەت چییە؟
 
مەلا بەختیار: لە خراپترین دۆخدا پێموایە بێلایەن بن.
 
رووداو: لە نێوان جەنابت و یەکێتیدا؟
 
مەلا بەختیار: جەنابم و یەکێتی و پارتیش. لە خراپترین حاڵەتدا بێلایەن بن، واتا لایەنگری لایەک نەبن دژی بەربژێرێکی دیکە. رێزی خۆیان و سەنگی وڵاتەکەیان بپارێزن. 
 
رووداو: ئەوە بۆ جەنابت باشە؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ باشە.
 
رووداو: پشتگیریی یەکێتی نەکەن، یەکێتی دەتوانێ بە ئاسانی پۆستەکە بەدەست بهێنێت؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر ناتوانێت.
 
رووداو: ئەوەی من بیستوومە لە یەکێتی جۆرێک لە دڵنیاییان هەیە لەوەی ئەم پۆستە دەبەنەوە لە بەغدا. دەڵێن شیعەکان بەڵێنیان داونەتێیە، تەنانەت بە ژمارە دەڵێن 185 پەرلەمانتاریان مسۆگەر کردووە. راستە ئەوە؟
 
مەلا بەختیار: پیرۆزیان بێت. تاوەکو سندوقەکان تەتەڵە نەکرێن، ناتوانم بڵێم ئەوە وایە، بەڵام ئەگەر ئەوەندەیان مسۆگەر کردووە، وەڵڵا زۆر زۆر ژیرن، پیرۆزیان بێت، ئافەرین ئەو کاریگەرییەیان هەبووە.
 
رووداو: وایە؟
 
مەلا بەختیار: من وای نابینم، بەڵام ناشیبینم و پیرۆزباییان لێ دەکەم.
 
رووداو: ئەگەر ململانێیەک لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێ لەسەر ئەو پۆستە و جەنابت و خەڵکی دیکەش هەن، شیعە هەموو دەنگ بە یەکێتی دەدەن؟ 
 
مەلا بەختیار: ناتوانم ئەم پێشبینییە بکەم.
 
رووداو: ئەوان دەڵێن شیعە گوتوویانە رێکبکەون لەسەر بەربژێرێک، بەڵام ئەگەر رێکنەکەون، دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدەین؟ راستە ئەوە؟
 
مەلا بەختیار: گوێم لە وتاری جەنابی عەممار حەکیم بوو، گوتی ئێمە زۆرمان پێخۆشە پارتی و یەکێتی رێکبکەون و بە بەربژێری هاوبەش بێن، قسەی دیکەی نەکرد. گوێم لە دانیشتنەکانی جەنابی مالیکی بووە ئەویش وای گوتووە، گوتوویەتی ئێمە تەنیا دەنگ دەدەین بە بەربژێری هاوبەشیان. ئەمڕۆ زۆر زانیاریم وەرگرتووە.
 
رووداو: تەنیا بەربژێری هاوبەش؟
 
مەلا بەختیار: ئەوەیان گوتووە کە ئێمە دەنگ دەدەین بە بەربژێری هاوبەش. تۆ هاوکێشەکەش بخوێنیتەوە هەر وا دەڵێت ئەنجامەکەی، کە دۆخەکە بە شێوەیەکەی لە بەرژەوەندیی هیچ حیزبێک نییە لایەنگری یەکێتی بێت دژی پارتی، یان لایەنگری پارتی بێت دژی یەکێتی. ئێستا وای دەبینم، پارتی پەیوەندیی باشی لەگەڵ حیزبەکانی عێراق هەیە، پارتی پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، وای دەخوێنمەوە.
 
رووداو: چوار ساڵ لەمەوپێش ئەمە نەبوو؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر. ئەمە وا نەبوو.
 
رووداو: جیاوازی هەیە لە چوار ساڵ لەمەوپێشدا؟
 
مەلا بەختیار: چوار ساڵ لەمەوپێش پارتی زۆرتر پەیوەندی لەگەڵ جەنابی موقتەدا سەدر و هەندێک لە حیزبەکانی سوننە بەهێز بوو، ئێستا حیزبەکانی سوننە وەکو جاران نین. بۆ نموونە برای خۆشەویست کاکە حەلبووسی وەکو جاران بیر ناکاتەوە، هاوکێشەکە بە جۆرێکی دیکە دەخوێنێتەوە لە نێو عێراق و ناوچەکەدا. پارتی ئێستا پەیوەندی زۆر باشە لەگەڵ مالیکی، لەگەڵ هادی عامری پەیوەندییان زۆر خۆشە. ئەمە لەکاتێکدا من ئەوە د. فوئاد حوسێن ئاگادارە، جەنابی مالیکی و جەنابی کاک مەسعود قسەیان پێکەوە نەبوو، من لە دوو کۆبوونەوە دەتوانم بڵێم زۆر شتم روونکردەوە بۆ جەنابی مالیکی کە نابێ ئەو سیاسەتە بمێنێت، سەبارەت بە هەردووکتانەوە هەم بارزانی هەم مالیکی دەبێ ئەمە بگۆڕن. دواتر بەینیان باش بوو، زۆر باش بوو، چوومەوە بۆ لای گوتم چی بوو؟ گوتی خۆزگە زووتر بە قسەم کردبای.
 
رووداو: ئێستا بەینی مالیکی و سەرۆک بارزانی باشە؟
 
مەلا بەختیار: باشە.
 
رووداو: باسی د. فوئاد حوسێنت کرد، دوو خانەقینی بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، هەستێکی چۆنە؟
 
مەلا بەختیار: وەڵا کاک فوئاد جارێ حەز دەکەم بزانیت لە دووی ناوەندی وانەی ئینگلیزی بە من گوتووە، لە من گەورەترە، لە منیش کۆنتر سیاسەتی کردووە، پیاوێکی ئازاش بووە لە کوردایەتیدا، با بە ویژدانەوە قسە بکەم. ئەویش رێزێکی زۆری بۆ من هەیە. زۆر زۆر رێزی بۆ من هەیە. من پێموایە ئەگەر یەکێتی و پارتی رێکبکەون کاک فوئاد دەکشێننەوە. وایە؟ دەیکشێننەوە. ئەگەر رێکیشنەکەون بە خوا دەکەونە رکابەرییەوە، من و ئەو رکابەر بین نەوەک لەگەڵ خەڵکی دیکە باشترە.
 
رووداو: خانەقینییەک دەبێت بە سەرۆککۆمار؟
 
مەلا بەختیار: وەڵا ئەگەر بکەوینە رکابەرییەوە من و ئەو بمێنین، یەکێکمان دەبین ئینشائەڵڵا.
 
رووداو: ئەگەر بوویت بە سەرۆککۆمار چی بۆ عێراق دەکەیت؟
 
مەلا بەختیار: باوەر بکە وەکو دەروێش خەبات دەکەم کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێن. واتە شەو و رۆژ نازانم بۆ ئەوەی بتوانم خزمەت بکەم. 
 
رووداو: کێشەکانی عێراق زۆر ئاڵۆز نەبووە؟ چارەسەرکردنی ئەم هەموو کێشەیە ئاسانە؟
 
مەلا بەختیار: من پێموانییە لە سنووری مەنتق دەرچووبێت. چەندی ئاڵۆز دەبێ با ئاڵۆز بێ. من کێشەی ئەوەم نییە لە وڵاتێکدا کە دەژین یان بەرپرسیار دەبم، حاڵۆزی زۆرە یان کەم، ئەوکاتە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە پڕۆژە ستراتیژییەکە چییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
 
رووداو: پڕۆژەت هەیە؟
 
مەلا بەختیار: هەمە. بێگومان دەمبێت. باش باشیش دەبێ. لەوانەیە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش من لە نامیلکەیەکدا پڕۆژەی سیاسی-دیموکراسی-ستراتیژیی خۆم رابگەیێنم.
 
رووداو: هیچ راوێژێکت لەگەڵ سەرۆک بارزانی کردووە بۆ خۆبەربژێرکردن؟
 
مەلا بەختیار: من پێموایە جەنابی بارزانی دەزانێت چەندین ساڵە من تەرازووم (بەینەتول قەبانم) لەنێوان یەکێتی و پارتی. ئەو هاوسەنگییەم کە بەرپرسی کارگێڕی بووم پاراستوومە. تۆ واز لە هەندێک قسەی بێسەروبەر بێنە، وەک رەخنەی بێبنەما، من تاوەکو دەمرم بنەکاکانی خۆم هەیە، هیچ کات هیچ حیزبێکی دیکە ناتوانێت وەک ئایدیۆلۆژی کاریگەری لەسەر من هەبێ. بەڵام هاسەنگی لەنێوان یەکێتی و پارتی زۆر گرنگە. جەنابی مام جەلال دەیگوت کە یەکێتی و پارتی تێکبچن، هەموو کوردستان تێکدەچێت. بەڵام یەکێتی و گۆڕان تێکچوو، تەنیا سلێمانی تێکدەچێت. ئەمە فەلسەفەیەکی جوان بوو. ئەمە وانەیەکی گەورەی جەنابی مام جەلال بوو، من وەرمگرت و خەڵکی دیکەش وەریگرتووە.
 
من لە جەنابی بارزانی دەپرسم، نەخێر لە جەنابی بافڵ دەپرسم کە رێکنەکەون و من بتوانم ببم بە هەوێنێکی جوان لەنێوان ئەم دووانە لە سەرۆککۆماریدا، زەرەریانە پشتیوانیم بکەن؟
 
 
رووداو: نازانم بۆ سەرۆک بارزانی، بەڵام  کاک بافڵ پاڵپشتیت دەکات؟
 
مەلا بەختیار: ئەگەر بگاتە ئاستێک یەکێتی زەرەر بکا، یان هەست بکا کە من باشترم لە بەربژێرەکەی دیکەی بۆ ئەوەی بتوانم کۆمەڵێک کار بکەم، بۆ نابێ بەخۆیدا بچێتەوە؟ ئەویش مرۆڤە، بەرپرسیارێتی هەیە، بۆچی نابێ؟ بە دیدگایەکی دیکە سەیری رووداوەکان بکات؟ ئەویش وەک جەنابی مام جەلال، کەس نابێ بە جەنابی مام جەلال، بەڵام جەنابی مام جەلال لەکاتی تەنگانەدا زۆر بەجوانی بیری دەکردەوە. لەکاتێکدا یەکێتی تووشی کێسەیەکی گەورە دەبوو، لەنێوخۆیدا لە دەرەوەی خۆیدا، زۆر بە ئاسانی کێشەکانی رابردووی لبیر دەبردەوە و بەرنامەی نوێی دادەنا.
 
رووداو: کاک بافڵ لە مام جەلال ناچێت؟ 
 
مەلا بەختیار: کەس لە مام جەلال ناچێت. 100 ساڵی دیکە دووبارە نابێتەوە لە مێژوودا. مام جەلال من بە عەرەبی گوتم (یخترق التاریخ)، مێژووی تێپەڕاند. مام جەلال گەورە بوو، زۆر گەورە بوو. ئینجا جەنابی کاک مەسعود دەیزانی مام جەلال چی تواناییەکی گەورەی هەیە، بۆیە خۆی چووە نێو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی بۆ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆککۆمار.
 
 
رووداو: باسی عەرەبیت کرد، کاتم کەم ماوە، حەز دەکەم بە عەرەبی پەیامێک بۆ لایەنی عێراقی لە شیعە و سوننە بنێریت، چییان پێ دەڵێیت؟
 
مەلا بەختیار  بە عەرەبی: "خوشک و برایان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی رێزدار، پێموایە ئاڵۆزی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە، لە هەموو رووێکەوە پێویستی بە ئاگایی و بیرکردنەوەی بابەتیانە هەیە... پێموایە پێویست بەوەناکات کەسایەتی و ناسنامەی سیاسی خۆمتان پێ بناسێنم. من کەسێکی ناسراوم لای هەمووان و  لای پارتە خەباتکار و قوربانیدەر و پارتە سەرەکییەکان لە خەباتی شاخ و نهێنی لەدژی رژێمی فاشی عێراقی، سەتان هاوڕێ و دۆستم هەیە؛ لەم قۆناخە دژوارەدا بڕیارمداوە خۆم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەربژێر بکەم، شەرەفمەندم ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورە مێژووییە بگرمەئەستۆ شانبەشانی هەموو ئەندامانی پەرلەمان و هەموو پارتە باش و چاکەکانی عێراق، هیوادارم متمانەم پێ بکەن، کە خەڵکی متمانە پێکراوبم بۆ ئەوەی بتوانم خزمەتی عێراق و خزمەتی کوردستان بکەم... سوپاس".
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس کاک مەلا بەختیار بۆ ئەو کاتەی تەرخانت کرد.
 
مەلا بەختیار: زۆر سوپاس. ئینجا من ئەگەر رێگەم بدەیت سووکە پەیامێکم هەیە. رێگەیەک بۆ میدیاکان کورد دەکەمەوە. پێشنیاز دەکەم ئێمە چەند بەربژێرێکی کوردی دیارین، پێشنیاز دەکەم دووانمان،  سێیانمان، هەموومان پێکەوە دابنیشین با دیبەیتێک بکەین. با دیالۆگێک، دیبەتێک لە نێوانی خۆمان بکەین.
 
 رووداو: رووداو ئەو دەستپێشخەرییە دەکات.
 
مەلا بەختیار: ئەوە پێشنیازی منە و ئامادەم.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس کاک مەلا بەختیار. چاوپێکەوتنی داهاتوومان وەک سەرۆککۆماری عێراق دەبێت؟
مەلا بەختیار: قوربانت، خودا لە دەمتی ببیستێت.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس بەڕێز کاک مەلا بەختیار بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
 
مەلا بەختیار: رێزت هەیە.