نووری شێخۆ: ئاسایشی ناوخۆ سەرجەم هێرشەکانی تێکشكاندوون
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەڵێت، شەڕی سەخت بەڕێوەدەچێت و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی گەڕەکەکان رێگەیان نەداوە سوپای عەرەبیی سووریا "یەک هەنگاو" پێشڕەوی بکەن.
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب، کەمێک لەمەوبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نزیک کاژێر 02:30ـی نیوەڕۆوە شەڕێکی سەخت لە هەردوو گەڕەکەکە دەستیپێکردووە و سوپای سووریا بە چەکی قورس هێرش دەکەن".
بە گوتەی شێخۆ: "هەموو چەکێکی قوورس لە شەڕەکەدا بەکاردەهێندرێت، گەمارۆی گەڕەکەکان دراوە بە تانک و دەیان هەزار کەسیش لەنێو گەڕەکەکاندا دەژین".
هاوسەرۆکی ئەو دوو گەڕەکە کوردنیشینەی حەلەب گوتی: "شەڕەکە بەردەوامە و بە دڵنیاییەوە ژمارەی شەهید و برینداری سڤیل زیاد دەبێت".
بە گوتەی شێخۆ، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لەگەڵ بەردەوامیی هێرشدا، "نەیانتوانیوە یەک هەنگاو پێشڕەوی بکەن، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ بە بەرخودانێکی مێژوویی وەڵامیان دەدەنەوە".
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود گوتی: "تەواوی هێرشەکان تێکشکێندراون، هێزەکانی دیمەشق نەیانتوانیوە یەک هەنگاو پێشڕەوی بکەن، هێزەکانی ئاسایش لە تەواوی خاڵەکانی خۆیان جێگیرکراون و رێگە بە داگیرکردنی گەڕەکەکان نادەن".
لە 06ـی ئەم مانگەوە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستیپێکردووە و بەردەوامە.