حکومەتی سووریا: کورد هاوبەشی رەسەنی نیشتمانن؛ دەبێت چەکدارەکان شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چۆڵ بکەن

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سووریا رایدەگەیێنێت کە ئەوان کورد بە "هاوبەشی تەواو" دەزانن نەک لایەنێکی جوداخواز، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هۆکاری ئاڵۆزییەکان "پێشێلکردنی رێککەوتنی 1ـی نیسانە لەلایەن هەسەدەوە و دەبێت چەکدارەکان گەڕەکەکان چۆڵ بکەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026، حکومەتی سووریا لە زنجیرەیەک لێدواندا سەبارەت بە دۆخی حەلەب رایگەیاند: "بەڕوونی دووپاتی دەکەینەوە کە کورد پێکهاتەیەکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە و دەوڵەت وەک هاوبەشی تەواو لە نیشتمان سەیریان دەکات، نەک وەک لایەنێکی جیابووەوە یان دۆخێکی نائاسایی."
 
حکومەتی دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەکات، دەوڵەت ئەرکی پاراستنی ئاوارە کورد و عەرەبەکانی لە ئەستۆ گرتووە و پەناگەی بۆ دابین کردوون.
 
حکومەتی سووریا هۆکاری هەڵکشانە سەربازییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی سووریای دیموکرات و رایگەیاند: "ئەم پشێوییە ئەنجامی راستەوخۆی پێشێلکردنی (رێککەوتنی 1ـی نیسان)ـە لەلایەن رێکخراوی هەسەدەوە، کە بووە هۆی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو."
 
حکومەتی دیمەشق دەڵێت: "بەڕوونی داوای دەرکردنی هێزەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکەین و دەبێت کۆتایی بەم دۆخە سەربازییە بهێنرێت."
 
جەختیشی کردەوە کە تاکە رێگە بۆ سەقامگیریی "گەڕانەوەی دەسەڵاتی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتە و چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبووڵ ناکرێت."
 
دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و ناساندنی گەڕەکە کوردنشینەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند: "سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە بە زەبری هێز قبووڵکراو نییە" و هۆشداری دا لە "گۆڕینی دیموگرافی."

 

لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی حەلەب رەتیکردەوە داوای "رێڕەوی ئارام"ـیان کردبێت یان نیازی کشانەوەیان هەبێت و گوتیان: "دەبێت هێرشکاران (حکومەت) تانکەکانیان لەنێو ماڵی خەڵک ببەنە دەرەوە."
 
لیژنەی وەڵامدانەوەی حەلەب (سەر بە حکومەت) رایگەیاند، 142 هەزار کەس ئاوارە بوون و لە 10 سەنتەردا نیشتەجێ کراون.
 
بەگوتەی عوسمان شێخ عیسا، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 64 بریندار هەن و خەڵک لەژێر داروپەردوودان. بەپێی ئاماری حکومەت 9 سڤیل کوژراون و 55ـی دیکە بریندار بوون.