سوپای ئەڵمانیا بۆ رووداو: بەشێک لە هێزەکانمان لە هەولێر کشاندووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وەک رێکارێکی خۆپارێزی، بەشێک لە هێزەکانیان لە هەولێر کشاندووەتەوە.
 
گوتەبێژێکی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەڵمانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداو، پشتڕاستیکردەوە، بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە کارمەندانیان داوە، "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک رێکارێکی پێشوەختە، بە شێوەیەکی کاتی ئەو کارمەندانەمان لە هەولێر کشاندووەتەوە، کە ئێستا بوونیان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکان زۆر بەپەلە و پێویست نییە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو گوتەبێژە، کشانەوەی ئەو بەشەی هێزەکانیان کاریگەریی لەسەر چالاکییە گرنگەکانی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان نابێت. گوتەبێژەکە دەڵێت، "ئەرکە سەرەکییەکان لەلایەن ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە بەردەوام دەبێت. ئەم بڕیارەش بە هاوئاهەنگیی ورد لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دراوە."
 
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکە، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان ئاماژە بەوە دەکات، سەلامەتیی سەربازەکانیان لە پێشینەی کارەکانیانە. گوتەبێژەکە گوتیشی، "بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری مەترسییەکان، ئەو کارمەندانەی ئەرکەکەیان بۆ ئێستا هەستیار نییە، دەگەڕێندرێنەوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ئەمنی دەکەین و لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ سەرباز و هاوبەشەکانمان، بۆئەوەی لە هەر کاتێکدا بێت، بە خێرایی وەڵاممان بۆ هەر پێشهاتێک هەبێت."
 
پێشتر میدیای ئەڵمانیا بڵاویانکردووەتەوە، ئەو بڕیارەی بەرلین دوای پێشکێشکردنی راپۆرتێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەڵمانیا دێت بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە، کە تێیدا هۆشداری دراوە لە مەترسیی پەرەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا.
 
ئەڵمانیا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش و نزیکەی 300 سەربازی لە هەرێمی کوردستانە. ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزانە بریتییە لە پێشکەشکردنی راوێژی سەربازی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە ئامانجی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.