لە رێگەی دیواندەرە - سەقز سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی دیواندەرە بۆ سەقز لە پارێزگای سنە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
رۆژی شەممە 07-02-2026 عەبدوڵڵا رەحیمی، بەڕێوەبەری مانگی سووری دیواندەرە لە پارێزگای سنە رایگەیاند، رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید و دوو بارهەڵگردا روویداوە.
بە گوتەی عەبدوڵڵا رەحیمی، رووداوەکە لە ناوچەی "دۆڵە وشکە" بووە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بە بریندارەکەش ئاماژەی بەوە کرد، برینەکەی سەختە و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
رێگەی نێوان دیواندەرە - سەقز بە یەکێک لە رێگە مەترسیدارەکان دادەنرێت؛ بەهۆی زۆریی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و خراپیی رێگەکە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتووچۆی تێدا روودەدەن و دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان.
بەپێی ئاماری رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی هەتاوی (21-03-2025 تاوەکو 21-09-2025)، 10 هەزار و 414 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و 202 هەزار و 145 کەسی دیکەش بریندار بوون.