رێبوار کەریم: چاوەڕوان دەکرێ سبەی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ سبەی دووشەممە پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەهۆی کوردەوە نییە.
د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی ناردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پێویستە لەمەودوا حکومەتی هەرێمی کوردستان زووتر لیست بنێرێت و گوتی: "بڕواناکەم ئەمڕۆ فریای وردبینی بکەون، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەیانی (دووشەممە) تەمویلەکە دەنێردرێ، چونکە تەنها هی هەرێمی کوردستان ماوە."
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، د. رێبوار کەریم رەتیکردەوە کورد هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەکە بێت و گوتی: "لە گرووپەکان و میدیای عێراقیدا وا بڵاوکراوەتەوە کە کورد هۆکارە، بەڵام ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەموومان ئامادەین و کاندیدمان هەیە. هیچ کێشەمان نییە لەگەڵ هەر وادەیەک کە دیاری بکرێ."
لەبارەی دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان، رێبوار کەریم گوتی: "هیوادارم هێزە کوردییەکان نەیەن بڵێن من 26 کورسیم هەیە و هەموو سەرۆکایەتیی لیژنەکان دەبەم، ئەوی دیکە بڵێ 18 کورسیم هەیە و هەموویان دەبەم، ئەمە بۆ هەموومان خراپە. با بە رێککەوتن بێت و بزانین کێ توانای لە کوێ هەیە و وەک کوردێک نوێنەرایەتی هەموومان بکات."
سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی ئەندامێتی لیژنەکانی پەرلەمان، د. رێبوار رایگەیاند، سبەی دووشەممە دەنگ لەسەر ئەندامێتی لیژنەکان دەدرێ و کورد بەپێی بەرکەوتە سەرۆکایەتی 4 بۆ 5 لیژنەی بەردەکەوێ.
سەبارەت بە خواستی کورد بۆ لیژنەکانیش گوتی: "حەزمان لە لیژنەی نەوت یان داراییە، بەڵام ئەوە دەکەوێتە سەر جۆری حکومەتەکە. ئەگەر وەزارەتی دارایی لای کورد بێت، ئەوا سەرۆکایەتی لیژنەی دارایی لای کورد نابێت."
لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە باس دەکرێ سوودانی خواستی لەسەرە، د. رێبوار هۆشداری دا و گوتی: "چی زەمانەتێک هەیە سوودانی جارێکی دیکە 50 کورسی بهێنێتەوە؟ رەنگە رەوتی سەدر جارێکی دیکە بێتەوە نێو هاوکێشەکە و بەشێک لە کورسییەکانی (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) ببات، بۆیە ئەمان ئێستا دۆخێکی هێمنیان هەیە و دەتوانن بەڕێوەی ببەن ئەگەر لە خۆیانی تێکنەدەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست ئاماژەی بە کاریگەرییە دەرەکییەکان کرد لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و گوتی: "گفتوگۆیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە، هەر ئاڕاستەیەک ئەم گفتوگۆیانە بگرێتەبەر، کاریگەری دەکاتە سەر کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران."