هاتووچۆی هەولێر: دەبێت شۆفێرانی تاکسی پابەندی دانانی هێما بن

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوا لە شۆفێرانی تاکسی دەکات، لۆگۆی رووناکیی تاکسی لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان جێگیر بکەن و کە گڵۆپی زەردی لەنێودا بێت.
 
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامانجمان پێشاندانی روویەکی زیاتری شارستانیی تاکسییەکانە و دەبێت هەموویان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان پابەندن بن بە دانانی لۆگۆی تاکسی لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان".
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێردا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو تاکسییانەی هێمانی رووناکیی تەکسییان هەیە و لە شوێنی شیاو دایاننەناوە، دەبێت شوێنەکەی بگۆڕن.
 
هاتووچۆی هەولێر چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
 
- دەبێت هێمای تەکسی لەسەر سەقف (بنمیچ)ـی ئۆتۆمبێل لە نێوەڕاستی دەرگەی شوفێر و دەرگەی دوای شوفێر چەسپ بكرێت.
 
- دەبێت گڵۆپی رووناککەرەوەی تێدابێت بۆ ئەوەی بە شەو ببینرێت و رەنگی گڵۆپەکە دەبێت زەرد بێت و نابێت هیچ رەنگێکی دیکە بێت.
 
- بە هیچ جۆرێک نابێت هێمای تەکسی لەسەر جامی دواوە یان جامی پێشەوە یان لەسەر سندووق بچەسپێندرێت.