هێمن میرانی: بڕیارەکەی PVI کشێندرایەوە و کاری پێناکرێت


رووداو دیجیتاڵ

 

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندنەوەی ئەو نووسراوەی راگەیاند کە سزای ئەو شۆفێرانەی دەدا کە پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکانیان دوادەخست. بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای PVI دەڵێت، "مەرجەکانیان لەپێناو پابەندکردنی هاونیشتمانییان بووە بە سەلامەتیی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان". 
 
رۆژی 8ـی شوباتی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی PVI هەڵوەشێندراوەتەوە و کاری پێناکرێت. 
 
باسی لەوەش كردووە، "پێویستە بۆ سەلامەتی خۆمان سەڵانە و بەردەوام پشکنینی تووندوتۆڵی ئۆتۆمبێل بکرێت."
 
هەژار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بنکەی 32 لە کۆمپانیای PVI بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان پابەندی پشکنینی ساڵانەن، بۆیە بڕیارەکەیان لەپێناو پابەندکرنی هاونیشتمانییان بووە بۆ سەلامەتی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان."
 
PVI، پشکینێکی ساڵانەی ئۆتۆمبێلە کە مەرجەکانی توندووتۆڵی و سەلامەتی لە خۆدەگرێت، بە گوتەی بەڕێوەبەری بنکەی 32 لە کۆمپانیای PVI پشکنینی تووندوتۆڵی لەگەڵ ئەوەی سەلامەتی شۆفێران دابین دەکات، بەشێکی مەرجەکان پەیوەستن بە پاراستنی ژینگە و جێبەجێکردنیان لە بەرژوەندی گشتییە. 
 
هەژار عەبدوڵڵا، رەتیکردەوە هیچ پلانێکی نوێیان هەبێت بۆ دانانی مەرجی نوێ، چونکە دانانی ئەو مەرجانە ناڕەزایەتی لێکەوتوەتەوە و نایانەوێت گۆڕانکاری بکەن. 
 
کۆمپانیای PVI بۆ پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل کە ئەرکی پشکنینی ئۆتۆمبێلی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران لە ئەستۆیە، لە نوسراوێکدا کە بەرواری 5ـی شوباتی 2026ـی لەسەر بوو، چەند مەرجێکی نوێی لەبارەی پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە. 
 
مەرجە نوێیەکان بەم شێوەیە بوون:
 
1 – ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی یاسایی خۆیان ساڵانە پشکنینی تەکنیکی ئەنجام دەدەن، کرێی پشکنیانیان وەکو خۆی دەمێنێتەوە. 
 
2 – ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە یەک ساڵ زیاتر پشکینیان دوادەکەوێت، جگە لە کرێی پشکنینی ئاسایی رێژەی %50 لە کرێی ساڵانی دواکەوتووی لێ وەردەگیرێت. 
 
3 – ئەو ئۆتۆمبێلانەی پشکنینیان زیاتر لە یەک ساڵ دوادەکەوێت کرێی پشکنینیان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
کرێی پشکنینی ئاسایی لەگەڵ %50 کرێی ساڵی یەکەمی دواکەوتن و 100% کرێی پشکنینی ساڵانی دواکەوتووی دووەم بە دواوە. 
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و 350 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، 2 ملیۆن و 200 هەزاریان لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکران و 150هەزاریشیان تۆمارنەکراون، هەروەها نزیکەی 20 هەزاریان ماتۆڕسکیل (ماتۆڕی سێ تایە)ن.
 
 لە هەولێر نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار ئۆتۆمبێل، سلێمانی 670 هەزار ئۆتۆمبێل و دهۆک 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەن.