ئارام قادر برایە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە؛ 'هەموو تۆمەتەکانی رەتکردنەوە'


‎رووداو دیجیتاڵ

‎دوای سێ جار لە دواخستنی دادگەییەکەی، ئەمڕۆ ‎سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی برایە بەردەم دادوەری دادگەی سلێمانی و دادوەری بینی.
 
‎ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار باوکمیان بردە لای دادوەر و لەوێ هەموو تۆمەتەكانی رەتكردنەوە". 
 
‎دوایین جار 13ی مانگی رابردوو، بڕیاربوو دادگایی ئارام قادر بەڕێوەبچێ، هاوشێوەی دوو جارەكەی پێشوو نەبرایە دادگە و دانیشتنی دادگە دواخرا بۆ ئەمڕۆ 8ی شوبات.
 
‎ئەحمەد ئارام قادر گوتی: "باوكم بە دادوەری گوت، یەكەم جارییەتی دەبرێتە دادگە و یەكەم جاریشە پارێزەرەكەی لە دادگە دەبینێت. 
 
‎ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە 12ـی حوزەیرانی پار دەستگیرکرا.
 
‎بە گوتەی ماڵباتەکەی بۆ رووداو، چەند جارێک سەردانی ئارام قادریان کردووە لە زیندان، بەڵام "جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکرێ".
 
‎كوڕەكەی ئارام قادر دەڵێ: ئەمڕۆ تەندروستی باوكم باش بوو، دادوەریش بڕیاریدا دانیشتنەكە هەڵبگرێ بۆ 23ی ئەم مانگە".
 
‎ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری 2024 دەستی لەکارکێشایەوە.
 
‎بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر بە رووداوی گوت: "ئارام قادر بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی. ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت.
 
‎لەبارەی تۆمەتەکەوە، ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر دەڵێ: "لەبەردەم دادوەریشدا باوكم تۆمەتەكانی رەتكردنەوە و گوتی شایانی قسەكردنیش نییە لەسەری".