گەورەشارەوانیی ئامەد خولی فێربوونی زمانی کوردی دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

گەورەشارەوانیی ئامەد، خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی کورمانجی، سۆرانی و زازاکی و زمانەکانی دیکەشی راگەیاند. رۆژی 16ـی شوبات دوایین وادەی ناونووسینە.  
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، بەشی کاروباری رۆشنبیری، هونەری و کۆمەڵایەتیی گەورەشارەوانیی ئامەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بۆ پشتگیریکردن لە فرەزمانی و فرەچەشنیی کولتووری، خولی نوێی فێربوونی زمان دەکاتەوە.
 
خولەکان بەخۆڕایی دەبن و بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لە سەرووی 16 ساڵەوەیە.
 
لە خولە نوێیەکاندا، زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی کورمانجی، زازاکی و سۆرانی، هەروەها زمانەکانی ئەرمەنی و سریانی دەخوێندرێن.
 
بۆ کورمانجی، جگە لە ئاستی سەرەتا، ئاستەکانی A1, A2 و B1 دەبن. بۆ زازاکیش ئاستەکانی A1, A2 و B1 دەبن. بۆ سۆرانی ئاستی A1 دەکرێتەوە. هەروەها بۆ زمانی ئەرمەنی ئاستەکانی A1 و A2، بۆ زمانی سریانیش ئاستی A1 دەکرێنەوە.
 
جگە لە خولەکانی فێربوونی زمان، وۆرکشۆپی خوێندنەوە و نووسینی کورمانجیش بۆ هاووڵاتییان دەکرێتەوە.
 
ناونووسین بۆ سەرجەم خولەکان کە بەخۆڕایین، لە 7 تاوەکو 16ی شوبات لەسەر ماڵپەڕی dismek.diyarbakir.bel.tr دەبێت.
 
گەورەشارەوانیی ئامەد راشیگەیاند، دوای تەواوبوونی ناونووسین، کات و شوێنی خولەکە رادەگەیێنێت.