ئاسایشی سلێمانی: ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار ناکرێن و بارکۆدیان دەدرێتێ

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی جارێکی دیکە هەواڵی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بڵاوکرایەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە ئاسایشی سلێمانی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "بارکۆدیان پێ دەدرێت و ئەوەی وەری نەگرێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت."
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئارێز خالید، بێژەری رووداوی راگەیاند، "نە ئەمڕۆ و نە هیچ کاتێک، بە هیچ جۆرێک هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا تۆمار ناکرێت، هەرکەس گوتی تۆمار دەکرێت دوورە لە راستییەوە."
 
بەگوێرەی هەواڵێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابووەوە، گوایە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار دەکرێن.
 
حوزەیران و تەممووزی ساڵی رابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆدێکیان بە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دا لەژێر ناوی "ناساندن" بۆیان، بە گوتەی سەرچاوە باڵاکەی ئاسایش کە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئەم جارە بارکۆد دەدرێتە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان."
 
ئاسایش دەڵێت، "بارکۆدەکە بۆ ئەوەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە هەر تاوانێکیان پێ کرا، راستەخۆ بدۆزرێنەوە و بە هیچ شێوەیەکیش نابێت خاوەنەکانیان کڕین و فرۆشتنی پێوە بکەن."
 
بەرپرسە باڵاکەی ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بارکۆدە تەنیا لە پارێزگای سلێمانی کاری پێدەکرێت و ئەوەشی نەیکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت."
 
ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا چییە؟
 
بێ سەرەتاکان ژمارەیان بە زیاتر لە 20 هەزار ئۆتۆمبێل دەخەملێندرێن و بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێندراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە.
 
30ی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین."
 
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.