لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی لافاو دروستبووە و پارێزگاری شارەکە هۆشداری دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، لە دوای کاژێر 09:00ـی ئەمشەوەوە بارانی بەلێزمە دەبارێت. پارێزگاری سلێمانیش داوا لە دانیشتووانی شارەکە دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت شەقامەکان بەکارنەهێنن.
لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-03-2023ـەوە شەپۆلێکی بارانبارین سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتووەتەوە. ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "دوای کاژێر 9:00ـی شەو بارانی بە لێزمە باریوە، بەڵام زیانی نەبووە و مەترسیدار نییە."
دوای بارانە بەلێزمەکەی ئەمشەو لە چەند شەقامێکی سلێمانی لافاو دروستبووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا داوای لە دانیشتووانی ناو شاری سلێمانی کرد کە ئەمشەو بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، بۆ کاری پێویست نەبێت شەقامە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ خۆیان و بۆ تیمە فریاگوزارییەکانیش دروست نەبێت.
ئاسۆ کەمال گوتی: "لە هەندێک شوێن ئاو کۆبووەتەوە، بەڵام لە دوێنێوە ئامادەکاریی تەواو کراوە و تیمەکانی فریاگوزاری لە ئامادەییدان."
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ زیانێکی ماڵی و گیانی بەهۆی لافاوەوە رووینەداوە و تیمەکان لە هەموو شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان بڵاوبوونەتەوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
بە گوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئاو چووبووە نێو چەند نەخۆشخانە و ماڵێک لە شارەکەدا، بەڵام هەر زوو چارەسەرکراوە.
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی راگرتنی دەوامەوە گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە و ئەگەر دۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە خەڵکی لێ ئاگادار دەکەنەوە.