کەشناسی: سبەی باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی نمەباران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی "مامناوەند و باش" دەبارێت و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کەمتر دەبارێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە ناوچە جیاکان نمەباران دەبارێت؛ خێرای با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی دەڵێت، "ئاسمان هەور دەبێت و بەگشتی ئەگەری نمەباران هەیە. لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان مامناوەند و تاوە باران دەبارێت."
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین، زاخۆ و سۆران بارانی "مامناوەند و باش" دەبارێت.
 
بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، بارانبارینی شەممە و یەکشەممە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و ئیداره‌ی گه‌رمیانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەراورد بە ناوچەکانی دیکە بارانی کەمتری لێ دەبارێت و ئێوارەی یەکشەممە بە تەواوی کاریگەریی شەپۆلەکە نامێنێت.
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر: 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 13 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 20 پلەی سیلیزی