دواکەوتنی مووچە و گرانبوونی هەندێک لە پێداویستییەکان جووڵەی بازاڕیان کەمکردووەتەوە
رووداو - هەولێر
دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە کاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕ و خەڵک کەمتر شت دەکڕن. قەسابێک لە هەولێر بەهۆی گرانبوونی گۆشتەوە دەڵێت، "خۆم قەساب نەبوومایە، گۆشتم نەدەکڕی."
ئەسکەندەر رەحیم، هاونیشتمانییەکی هەولێرە و بە رووداوی گوت، "هەموو شتێک گران بووە، بەخوا ئەوەندە گران بووە، مرۆڤ ناوێرێت بێتە بازاڕ، نە مووچە هەیە و نە ژیان، نە هیچ؛ کوا هیچ هەیە؟"
سدیق ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دیکەی هەولێرە، چووەتە بازاڕ پێداویستی بکڕێت، بەڵام دەڵێت، "دواکەوتنی مووچە کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕ هەیە، ئەگەر مووچە بێت، خەڵک خۆی گۆشت و مریشک و هەموو شت دەکڕێت، بەڵام کە مووچە نەبێت، خەڵک ناتوانێت، ئێستا خەڵک بە نیو کیلۆ و چارەکە کیلۆ شت دەکڕن."
بە گوتەی کاسبکارانی بازاڕ، دواکەوتنی مووچە کاریگەریی گشتیی کردووەتە سەر کاری هەمووان، نرخی هەندێک لە کاڵاکانیش بەهۆی گرانییەوە بەشێکی خەڵک نایکڕن.
گەیلان مەغدید، قەساب لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بە رووداوی گوت، "کیلۆیەک گۆشت بووەتە 20 هەزار، زۆر زۆر گرانە، من خۆم ئەگەر قەساب نەبوومایە گۆشتم نەدەکڕی."
سەید ئیسماعیل، وشکەفرۆش لەناو بازاڕێکی دیکەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "بازاڕ وەکو چەند ساڵی رابردوو نییە، ئێستا دوو سێ رۆژێکی ماوە بۆ رەمەزان، کەچی بازاڕ نییە، ئێمە 15 ساڵە لەم بازاڕە کار دەکەین، هیچ ساڵێک وەکو ئەم ساڵ نەبووە، ساڵانی رابردووش هەر وەکو ئەم ساڵ نرخی ئەو خورمایانە هەمان شت بوون، کەچی ئەم ساڵ کەس نایکڕێت، خەڵک زۆر دێت دەپرسێت، بەڵام نایەن بیکڕن."
لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر چاودێریی بازاڕ دەکەن، بڕیارە بۆ مانگی رەمەزانیش ژمارەی تیمەکانیان زیاتر بکەن، تاوەکو باشتر بتوانن رێ لە زیادکردنی نرخ بگرن.
ئەمڕۆ 40 رۆژی تەواو تێپەڕیوە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ی یەکەم وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی دوو دابەش بکرێت، بەڵام هاتنی مانگی رەمەزان و هەواڵی دابەشکردنی مووچەش وای نەکردووە دۆخی بازاڕ، بە گوتەی فرۆشیاران "نەجووڵێتەوە."