رووداوێکی خوێناویی هاتووچۆ لە رێگەی کەرکووک؛ "7 کەس گیانیان لەدەستدا"

رووداو دیجیتاڵ 
 
رووداوێکی هاتووچۆی خوێناوی ئێوارەی ئەمڕۆ (کاژێر 06:40) لەسەر رێگەی کەرکووک - بەغدا رووداوێکی هاتووچۆ روویدا، بەگوێرەی پەیامنێری رووداو 7 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
ئۆتۆمبێلەکە لە شاری هەولێرەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و کۆنترۆڵی لەدەستداوە و 7-8 تەقڵەی لێداوە. بەگوێرەی پەیامنێری رووداو هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئەندامی یەک خێزانن. 
 
شوان محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک رووداوەکە بۆ خێرایی شۆفێرەکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ئەگەر تەواوی مەرجەکانی رێگەوبان و هاتووچۆشی تێدا بێت، ئەگەر شۆفێرەکە 140-150 لێبخوڕێت ئەم رووداوانەی لێدەکەوێتەوە."
 
رووداوەکە لە شەقامی پشتێنەی کەرکووک روویداوە. هاتووچۆی کەرکووک دەڵێت، زۆرترین رووداو لە شارەکە لەم شەقامە روودەدەن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی کامێڕای تیژرۆیی، خراپی رێگاکە و نەبوونی رووناککەرەوە لە شەقامەکە. 
 
لە ماوەی رابردووشدا چەندین رووداوی هاوشێوە لە شەقامەکە روویانداوە. نزیکەی 20 رۆژ لەمەوبەر لە رووداوێکی دیکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.