بوومەلەرزەیەک لە دیلۆک روویدا

رووداو دیجیتاڵ 
 
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 18:56 خولەکی ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئاداری 2025، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.1 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی نورداغ سەر بە پارێزگای دیلۆک روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 10.05 کم تۆمارکرا. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 14 ملیۆن هاووڵاتیی راستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکان. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار و 213 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی پێنج هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.