فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند رێنماییەک بۆ رووماڵی رووداوەکان بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ''پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و گیانی هاووڵاتیان''، چەند رێنماییەکی نوێی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا دەرکرد و تێیدا چەند کارێکی لە کاتی رووماڵکردنی رووداوە ئەمنییەکاندا قەدەخە کرد.
 
رۆژی شەممە، 7ـی ئاداری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەموو کەناڵە ناوخۆیی و بیانییەکان، پێگە هەواڵییەکان و سۆشیاڵ میدیا کرد، لە کاتی رووماڵکردنی گرژییەکاندا رەچاوی چەند خاڵێک بکەن و دەڵێت، ئەنجامدانیان قەدەخەیە.
 
فەرمانگەکە دەڵێت، قەدەخەکراوەکانی کاتی رووماڵ ئەمانەن:
 
- بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆ یان وێنەی ئاراستەکردنی درۆن و مووشەک و شوێنی زیانپێکەوتوو، هەروەها کات و شوێنی کەوتنەخوارەوەیان.
 
- بڵاوکردنەوەی ناونیشانی زیانلێکەوتوو و قەبارەی زیانەکان.
 
- وێنەگرتن یان تۆمارکردنی ڤیدیۆیی شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان، جموجۆڵی هێزەکان و کەرەستە و چەک و تەقەمەنییەکان و دامەزراوە حکومی و نێردە دیپلۆماسییەکان.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە رۆژنامەنووسان وریای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانە بن کە لەلایەن خەڵکەوە بۆیان دەنێردرێت، نابێت ئەو وێنانە بڵاوبکرێنەوە کە زانیاریی هەستیار یان ژێرخانی ئەمنییان تێدایە.
 
هەروەها هانی میدیا دەدات کە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ''زانیاریی هەستیار'' ئاشکرا ناکرێت.
 
فەرمانگەکە دەڵێت، "هەر سەرپێچییەک لەم رێنماییانە بکرێت، دەزگاکە یان کەسە سەرپێچیکارەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە."