نێچیرڤان بارزانی: وڵات تاهیر لەکاتی پاراستنی ئاسایشی وڵات شەهید بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و هاوکارانی وڵات تاهیر دەکات، کە شەوی رابردوو لە هێرشێکی درۆنیدا لە فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوو.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ ئاراستەی بنەماڵە و هاوکارانی وڵات تاهیر دەکات و دەڵێت، "لە ئەنجامی هێرش و پەلامارێکی تیرۆریستیی ناڕەوا و ستەمکارانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەیدا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، شەهید بوو."
 
جگە لە شەهیدبوونی وڵات تاهیر، لەو هێرشەدا چەند هاوکارێکی دیکەشی بریندار بوون. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای زوو چاکبوونەویە بۆ بریندارەکانیش خواستووە.
 
 
شەوی رابردوو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وڵات تاهیر، کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە شەهید بووە و سێ کەسیش بریندارن.
 
شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە چەندین هێرش کرانە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندران.
 
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو بە 10 درۆن هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر.
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوکارانی شەهید وڵات تاهیر، کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکەم و هاوخەمیانم.
 
شەهید وڵات لە ئەنجامی هێرش و پەلامارێکی تیرۆریستیی ناڕەوا و ستەمکارانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەیدا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، شەهید بوو.
 
لە خوای مەزن داواکارم گیانی شەهید بە به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنه‌وایی بە بنەماڵە و کەسوکاریان ببەخشێت. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/8