مانگی سووری ورمێ: بەهۆی هێرشەکانەوە 9 کەسی دیکە لە نەغەدە گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر کارگەی بەرهەمهێنانی نیشاستە و ئاردی نەغەدە، لانیکەم 9 کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێوارەی دوێنێ شەممە 08-03-2026، لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دا، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئارد و نیشاستە لە سێڕییانی حەیدەرئاوای شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ کراوەتە ئامانج.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 9ی دیکەش بریندار بوون.
 
حەمید مەحبووبی ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا چوار لە برینداران کرێکاری کارگەکەن و پێنجیان شۆفێری بارهەڵگرن.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، جیا لە کوژراوان، کەسێکیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە کە پێدەچێت لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا مابێتەوە.
 
بنکەیەکی سوپای ئێران کە بە ''یەکەی هێزی تایبەت'' ناسراوە لە نزیکی کارگەکە هەڵکەوتووە.
 
ئەوە دووەم جارە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە نەغەدە قوربانی لێدەکەوێتەوە. رۆژی 3ی مانگیش سەربازگەی (وەلی عەسر)ی سوپای پاسداران لە نێوشاری نەغەدە هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە شەش پاسدار بە ناوەکانی مەهدی جاوید، جەعفەر گوڵشەنی، عەلی دەشتی، فەرهاد بەیرامی، میلاد ئەسغەری و رەزا جەلالی کوژران.