ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی سادیقوون: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت هەرێمی کوردستان دژی ئێران بەکاربهێندرێ
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە بووەتەوە کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن. دکتۆر حەسەن روبەیعی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باس لەوە دەکات کە ئەم هێرشانە لە سایەی دۆخێکی هەستیاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجام دەدرێن.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی سادیقوون، ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە دەنگۆی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە نییە.
روبەیعی باس لەوە دەکات کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق پابەندی لێدوانەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران نین و سەربەخۆیانە بڕیار لە چالاکییە سەربازییەکانیان دەدەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان نایانەوێ ئەم جەنگە گەورە بێت و لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتیش گوتی، نووری مالیکی وەک بەربژێری فەرمیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ گۆڕینی نەدراوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەسەن روبەیعی
رووداو: لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لەوەی کە هێرش بکرێتە سەری.
سەرچاوەی بەشێک لە هێرشەکان دیاربوو کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوەیە کە خۆیان بە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن و بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکان لە ئەستۆ دەگرن. سەبارەت بە بەردەوامی ئەو هێرشانە بۆسەر هەرێمی کوردستان، لەگەڵ د. حەسەن روبەیعی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون گفتوگۆ دەکەم کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی. بەڕێز دکتۆر، بۆچی بەشێک لەو گرووپە چەکدارانەی عێراق، هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج؟
حەسەن روبەیعی: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان. زۆر سوپاستان دەکەم. لە راستیدا ناوچەکە تووشی دۆخێکی هەستیار و نائاسایی بووە و هەوڵی نێودەوڵەتیش هەیە بۆ فراوانکردنی جەنگەکە. ئەم جەنگەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەیکەن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانییەکانی ئەم شەڕەش بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە، تەنانەت لە بەرژەوەندی ئەمریکاش نییە. روونە بەرژەوەندی ئیسرائیل لەوەدایە جەنگەکە فراوان بێت وەک ئەوەی لە لوبنان و شوێنەکانی دیکەش دەیبینین. تەنانەت هەوڵ هەیە عێراقیش پەلکێشێ ئەم شەرە بکرێ. هەندێک ناڕوونیش هەیە لەو ئامانجانەی لە عێراق داواکراون، چونکە عێراق دەیەوێ دۆخەکە هێوربکاتەوە، بەڵام هەندێک هێزی کوردی وەک ئەوەی لە هەواڵەکان گوێمان لێدەبێت، گوایە دەیانەوێ هێرشی زەوینی بکەنە نێو ئێران. لە راستیدا ئەم هەوڵانە رەتکراوەن. ناکرێت خاکی عێراق لە رووی دەستووری و ئەخلاقییەوە بەکاربهێندرێ. ئەمە رەتکراوەیە و ناکرێ خاکی عێراق لە رووی دەستووری و ئەخلاقییەوە دژی ئێران بەکاربهێندرێ، چونکە ئێمە وەک عێراق بەشێک نین لەم شەڕە.
رووداو: بەڵام ئێوە هێزێکی سیاسین و باڵی چەکداریشتان هەیە. بە بەڵگە بۆتان سەلمێندراوە کە ئەو هێزانە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە جووڵەیان کردووە بەرەو ئێران یان هەر تەنیا دەنگۆ بووە؟
حەسەن روبەیعی: بەڵێ، ئێمە پشت دەبەستین بە گێڕانەوە فەرمییەکانی عێراق. ئەم بابەتە بە فەرمی پشتراستنەکراوەتەوە، تەنیا پشتمان بە هەواڵەکان بەستوە. هیچ سەلماندنێکی فەرمی نییە.
رووداو: باشە، مادەم هیچ دڵنیایی و سەلماندنتان نییە، بۆچی هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئیدی ئەگەر بە درۆن بێت یان مووشەک لە لایەن ئەو گرووپانەی سەر بە موقاوەمەی عێراقین؟
حەسەن روبەیعی: هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و رێگە بە هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نادەین لەهەر شوێنێکی عێراقەوە بێت، ئینجا لەنێو عێراق بێت یان دەرەوە. ئەوە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە هاووڵاتیان و خاکی خۆی بپارێزێ، بەڵام لەوانەیە هەندێک بنکەی ئەمریکی هەبێت لە هەرێمی کوردستان و گوێشمان لێدەبێت بەفەرمی کە ئیسرائیل هەندێک شوێن لە عێراق بەکاردەهێنێت. لە چەند رۆژی رابردوودا هێزی ئیسرائیلی دابەزین لە بیابانەکانی نەجەف و نزیک بوونەوە لە کەربەلای پیرۆز. وەک چۆن لێرە لە عێراق ئەمە روویداوە، رەنگە لە هەرێمی کوردستانیش رووبدات. ئەم وەڵامدانەوانەش رەنگە باش لێکدانەوەیان بۆ نەکرابێت و هیچ بیانوویەک بۆ ئەنجامدانیان نییە. لەسەر ئاستی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانیش پێویستە زەوی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی دووربخرێنەوە لەم شەڕە وێرانکەرە.
زانیاریی تەواو بەردەست نییە لەبارەی هێرشەکان کە گرووپە چەکدارەکان دەیانکەن. لە راستیدا زانیاری تەواو بەردەست نییە، نە لەسەر هۆکارەکان و نە لەسەر سرووشتی هێرشەکان. ئێوە دەزانن کە ئێمە مەکتەبی سیاسین و پشت بە گێڕانەوە فەرمییەکان دەبەستین، نەوەک گێڕانەوەی نافەرمی. بپرسن لە گوتەبێژی گرووپەکان، رەنگە بتوانن قسەیان لەگەڵ بکەن و ئەوان باسی بکەن.
رووداو: مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوێنێ گوتی، ئەو ئەنجوومەنە کاتییە سێ کەسییەی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران دانراوە، بڕیاری داوە کە لەمەودوا ئێران هێرش نەکاتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ مەگەر ئەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر ئێران، ئینجا ئێران وەڵامی دەداتەوە. گرووپەکانی موقاوەمە لە عێراق پێوەی پابەند دەبن؟ دەبینن لە هەرێمی کوردستانەوە هیچ هێرش نەکراوەتە سەر ئێران. ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن؟
حەسەن روبەیعی: ئێمە باسی گرووپە عیراقییەکان دەکەین. گرووپە عێراقییەکان پابەند نین یان پەیوەندیدار نین بە لێدوانی سەرۆککۆماری ئێران پزیشکیانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا گوتم لەگەڵ گوتەبێژی گرووپە چەکدارەکان قسەبکەن. ئەوان باشتر دەتوانن باسی هێرشەکان بکەن، سەبارەت بە هۆکارەکەیان، هەروەها ئەوەیە کە کەی دەوەستن لە هێرش و سەبارەت بە سرووشتی هێرشەکانیش.
رووداو: مادەم گرووپە چەکدارەکانی عێراق حەقیان نییە بەسەر لێدوانی سەرۆککۆماری ئێرانەوە، کەواتە ئەم هێرشە بەوەکالەتانە بۆچی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان؟ ئەوان قسە لە کێ وەردەگرن کە ئەم هێرشانە دەکەن؟
حەسەن روبەیعی: گرووپە چەکدارەکان خۆیان باشتر دەتوانن باسی هێرشەکانیان بکەن. بەنسبەت ئێمەوە وەک مەکتەبی سیاسی، پشت بە زانیارییە فەرمییەکان دەبەستین و پابەندین بە هەڵوێستی حکومەتی عیراقەوە، تەنانەت گرووپە چەکدارەکانی سەر بە عەسائیبیش سەر بە حەشدی شەعبین. حەشدیش راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و پابەندە بەو فەرمانانەی بۆیان دەردەچێ.
سەرکردایەتی حەشدی شەعبی، وەک روونمکردەوە، سەر بە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە و فەرمانەکان راستەوخۆ لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانەوە دەردەچن. ئەوانیش پابەندن بەو فەرمانانە. ئەمە تایبەتە بە حەشدی شەعبی، بەڵام ئەوەی باسی دەکەیت سەبارەت بە گرووپەکانی موقاوەمەی عێراق کە لە دەرەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبین، ئەوە خۆیان دەتوانن روونکردنەوە بدەن. نامانەوێ ئەم شەڕە پەرەبستێنێت و عێراق و خەڵکەکەی لەم شەڕە بەکاربهێندرێ.
رووداو: ئێوە بەشێکن لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی. هیچ دەنگۆیەک هەیە بۆ گۆڕینی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق؟
حەسەن روبەیعی: تاوەکو ئێستا سەرکردایەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بریارێکی روونی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە، ئێمە چاوەرێین ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی نەبێت و هیوادارین سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەم بابەتە بەزوویی چارەسەربکەن بۆ ئەوەی سەرکردایەتییەکانی عێراق پێکبێن بە پێکهێنانی سەرۆکایەتی کۆمار و دواتریش راسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت.
رووداو: هەر نووری مالیکی بەربژێرتانە؟
حەسەن روبەیعی: تاوەکو ئێستا هیچ بریارێکی فەرمی نییە بۆ گۆرینی بەربژێری سەرۆکوەزیران.