نەتەوە یەکگرتووەکان: هیچ نووسینگەیەکمان لەم رووداوانەی سلێمانیدا زیانی بەرنەکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەڵێ، سەرجەم نووسینگەکانیان لە شاری سلێمانی پارێزراون و بەهۆی رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەوە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو دەنگۆیانەی باس لە زیانگەیاندن بە نووسینگەکانیان دەکەن دوورن لە راستییەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو راپۆرتە میدیاییانەی باس لە "کۆمەڵگەی نەتەوە یەکگرتووەکان" دەکەن لە سلێمانی، مەبەستیان لە شوێنێکی کۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە چی دیکە بەکارناهێنرێت و چۆڵ کراوە. 
 
نێردەکە جەختی لەوەش کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری عێراق ئامادەیی هەیە و بە تەواوی کارەکانی ئەنجام دەدات؛ دەشڵێ، بەردەوام دەبن لە "پێشکێشکردنی کارە مرۆیی و گەشەپێدانەکان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی عێراق و گەیاندنی هاوکارییەکانیان لەم دۆخەدا".
 
ئەم راگەیێندراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە هات کە دوێنێ لە سلێمانی چەند درۆنێک ئاراستەی بارەگای هێزی دەڤەری دووی پێشمەرگە کران و خرانە خوارەوە. 
 
هەروەها دوو درۆنى دیکە لە نزیک بارەگاى پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان و نووسینگەى کۆنسووڵخانەى تورکیا لە سلێمانى کەوتنە خوارەوە.  بارەگاکە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموودە. 
 
هەر شەوی رابردوو، گوندی زڕگوێزەڵە کرایە ئامانج. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کەمپێکیان بە مووشەک کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکیان گیانی لەدەستداوە و  یەکێکی دیکەش بریندار بووە.