لە 46 بەنزینخانەی هەولێر بەنزینی حکومیی 750 دیناری دابەش دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی بەنزینخانە بازرگانییەکانی هەولێر ئەمڕۆ نرخی یەک لیتر بەنزینیان کردە 950 دینارە. نەوت و کانزاکانیش دەڵێ، ئەمڕۆ لە 46 بەنزینخانە بەنزینی حکومی دابەش دەکرێ.
ئەمڕۆ بەشێکی بەنزینخانە بازرگانییەکانی هەولێر، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵیان بەرزکردەوە بۆ 950 دینار، لەکاتێکدا دوێنێ بەرزترین نرخی بەنزین 900 دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، نرخی بەنزینی بازرگانی بەرزبووەتەوە، بەڵام دابەشکردنی بەنزینی حکومیی بۆ شۆفێران بەردەستە و دەتوانن بە هەرزانتر وەری بگرن.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەلێ، ئەمڕۆ لە 46 بەنزینخانەی هەولێر و دەوروبەری بەنزینی حکومیی دابەش دەکرێ و لیتری بە 750 دینارە.
پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لەنێوان 800 بۆ 825 دینار بوو، لە سلێمانی 875 دینار بوو.
دوای جەنگ نرخی بەنزین لە سلێمانیش بەرزبووەوە و لیتری بە 925 دینارە. فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت، پێنجشەممە بە رووداوی گوت، "ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینین، کە هۆکار جەنگە لە ناوچەکە و بەنزینیش لە سەرچاوەکەیەوە بەرز بووەتەوە."