وڵات تاهیر پێش شەهیدبوونی چی بە کەسوکاری گوتووە؟ باوکی دەڵێت، 'پشتمان شکا بەو کۆستە'
رووداو دیجیتاڵ
9 شەوە ئارامی و شەوەزەنگی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەکەکان دەشێوێندرێت. شەوی رابردوو بەهۆی یەکێک لە هێرشە درۆنییەکان بۆسەر فڕۆکەخانەی هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش شەهید بوو.
لە کۆی 170 هێرشی ئێران و میلیشیا عێراقییەکان، زۆربەیان لە ئاسماندا پووچەڵ کرانەوە، بەڵام یەکێک لە هێرشەکان بووە چیرۆکێکی غەمگین و لە هەمان کاتدا پڕ شکۆ، کە بەهۆیەوە وڵات تاهیری تەمەن 31 ساڵان، پاسەوانی ئاسایشی ئاسمانی فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوو.
هێمن عەبدوڵڵا، مامی شەهید وڵاتە بە رووداوی گوت، "لە ماوەی رۆژانی رابردووی شەڕ، هەمیشە شەهید وڵات بۆ منی باس دەکرد کە چەندین هێرش کراونەتە سەر فڕۆکەخانە بە درۆن و مووشەک و مەترسییان لەسەرە، بەڵام ئەوان لە ئەرکی خۆیان بەردەوامن. ئێمە پێمان دەگوت، ئاگاداری خۆتبە و ئەویش هەر وای بە ئێمە دەگوت، ئیدی چارەنووسەکەی ئەوە بوو کە ئاوا گیان لەدەستبدات و ئەو لەکاتی ئەرکدا شەهید بووە."
شەهید وڵات خاوەنی دوو کوڕ بوو کە تەمەنی یەکێکیان دوو ساڵ و نیو و ئەوی دیکەشیان تەنیا 7 مانگ بوو.
تاهیر عەبدوڵڵا، باوکی شەهید وڵات بە رووداوی گوت، "کوڕەکەم یەکەم شەهید نییە و دڵنیام کۆتا شەهیدیش نابێت، ئێمە ورەمان بەرزە و خۆشمان فیدایی دەکەین. راستە کوڕەکەم رۆشتوە و پشتمان شکاوە بەو کۆستە، بەڵام ئێمە ورەمان بەرزە و دەزانین کوڕەکەم لەپێناو نیشتیمان رۆیشتووە."
زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "شەهید وڵات لەپێناو وڵات شەهید بووە، بۆیە ئەو شەهیدە نەمرە شەهیدی هەموو کوردستانە، بۆردوومانکردنی شارەکەمان لەلایەن دووژمنانی شارەکەمان و قەوارەکەمان، ئەمڕۆ بووە شەهیدی هەولێر و کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی جەنابی سەرۆک بارزانی ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکەین."