سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبێتەوە

رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 8ی نیسانی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە دوو رێوڕەسمدا دەکات، ئەوانیش رێوڕەسمی تایبەت بە 42 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر و رێوڕەسمی تایبەت بە ساڵیادی تیرۆرکردنی "محەممەد باقر سەدر"ن.
 
لە هەردوو رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتار پێشکێش دەکات، کە یەکێکیان کاژێر 10:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و ئەوی دیکە 03:00ـی دوای نیوەڕۆ.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە بەغدا لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆدەبێتەوە.
 
پێشتر و رۆژی 21-1-2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، لەنێویاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
 
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای رێککەوتنی 4ـی نیسانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت لەسەر  هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.