سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران: هەولێر بیەوێت ناردنی مووچە بەردەوام بێت، دەبێت پابەندییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای جەژن دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێدەکەنەوە. دەشڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت ناردنی مووچە لە بەغداوە بەردەوام بێت پێویستە پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ بکات وەکو ئەوەی کە لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هاتووە.
 
د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "حکومەتی عێراق و دادگەی فیدراڵی چاوەڕوانی ئەوەن هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات تاوەکو جارێکی دیکە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە".
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەو هەڤپەیڤینەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە وردەکاریی رێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت، دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ناکرێت چیدی مووچەی مووچەخۆران ببێتە هەواڵ، لەکاتێکدا شایستەیەکی یاسایی و دارایی و کارگێڕیی ئاسایی هەر مووچەخۆرێکە.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باس لە زۆر دۆسیەی گرنگ و هەنووکەیی دەکات وەکو پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، هاوتاکردنی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و کەمکردنەوەی باج و رسوومات و دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دەستپێکردنەوەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی مووچە نابێت ببێتە هەواڵ، خەڵکیش بێزاربووە لەوەی مووچە چەند ساڵە دەبێتە هەواڵ و لە ساڵی 2014وە بەردەوام خەڵک هەر چەند مانگ جارێک گوێی لەوەیە دەڵێن هیوایەکی نوێ و رێککەوتنێکی نوێ هەیە، بەڵام هەر شکستی هێناوە، ئایا ئێستا مووچە لە قۆناخی دڵەڕاوکێ تێپەڕیوە؟
 
ئامانج رەحیم: راستی منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خۆزگە ئەم جۆرە دیدارانەی ئێمە لەبارەی مووچە نەبووایە، چونکە مووچە شایستەیەکی دارایی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر ئەو ئەرکەی جێبەجێی دەکەن، بەڵام لەدوای ساڵی 2014 پێموایە ئەوەی کە زۆر زیانمەندبووە لە قەیرانی دارایی مووچەخۆرانن، ئەمەی کە لە مانگی شوبات و مانگی ئاداریش روویدا ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا حکومەتی فیدراڵی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو لیستانە دەنێرێت کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی دەکرێت، ئەو پرسیارە لە مێشکی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندایە، کە ئایا ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە لەکاتی خۆیدا بەردەوام دەبێت یان نا، بێگومان ئەگەر ئێمە باس لە چوارچێوەی یاسایی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا چوارچێوەکە بریتییە لە یاسای بودجەی عێراق، کە 3 مادەی نێو یاساکە پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان، مادەکانی 11 و 12 و 13، لە سەروبەندی گفتوگۆی رەشنووسی یاساکەش من نووسیم کە ئەم پرۆژەیە کۆمەڵێک کۆت و بەندی تێدایە وا دەکەن هەرێمی کوردستان پشکی خۆی وەرنەگرێت.
 
لەنێو ئەم یاسایە کە ئێستا بەرکارە لە عێراق هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 670 ملیار دیناری بۆ دانراوە وەکو ژمارە، پێویستە مانگانە لانیکەم تریلیۆنێک و 400 ملیار دینار بێت بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی وایکرد ئەو بڕانەی کە جێگیریشکراون لەنێو یاسای بودجە نەگەنە هەرێمی کوردستان، بوونی دەستەواژەی 'خەرجی راستەقینە'یە، هەروەها وابەستەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی داهاتەکان و دانەوەی قەرزەکانی 'تی بی ئای'.
 
لە کۆتایی ساڵی 2023 سەردانێکمان کرد بۆ لای بەرێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پێکهاتبووین لە وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و من، لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووینەوە و بۆمان سەلماند کە ئەم یاسایە بەمشێوەیەی ئێستا و بەم دەستەواژانەوە نابێتە گرەنتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئێمە 16 تریلیۆنمان وەرنەگرتبوو بەپێی خشتەکانی پێشوو بەڵکو 50٪یان ناردبوو، چونکە دەستەواژەی خەرجی راستەقینە هەموو شایستەکانی کردبووە نیوە.
 
10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار دانراوە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کە ئەمە بەشدەکات ئەگەر خەرج بکرێت، هەربۆیە هەردوولامان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، لەسەر 3 خاڵی سەرەکی رێککەوتین بۆ هەموارەکە کە بریتی بوون لە یەکەمیان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی تەواوی عێراق بخرێنە ناو بودجەی حاکیمە، دووەمیش ئەوەبوو کە خەرجی راستەقینە لەبارەی مووچە نەمێنێت، سێیەمیش لەسەر ئەوە رێککەوتین کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان شایستەیەکی دارایی و یاساییە و نابێت بکرێتە بارمتە لە ناکۆکیی و رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتەکان، ئەمە کرۆکی رێککەوتنێکی حکومەتی بوو و لێکتێگەیشتنێکمان واژۆکرد و تەنانەت سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش هاتە نێو گفتوگۆکان، بەڵام دواتر بەهۆی رەوشی سیاسییەوە هەندێ گۆڕانکاریی روویدا و سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی نەما و بە جۆرێک لە جۆرەکان کارەکانی پەرلەمان پەکیکەوت و بابەتەکە بەمشێوەیە مایەوە، بۆیە لە مانگی یەکی ئەمساڵیش هەر لەسەر بنەمای خەرجی راستەقینە پارەی مووچە هات بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 618 ملیار دینار بوو، بەڵام بۆ مانگەکانی دوو و سێ، 949 ملیار دینار هاتووە بۆ هەر مانگێک، ئەگەر هەردووکیان کۆبکەینەوە دەکاتە تریلیۆنێک و نزیکەی 900 ملیار دینار، واتا لەماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.
 
رووداو: کەواتە دادگەی فیدراڵی هاوکێشەکەی گۆڕی؟
 
ئامانج رەحیم: بە دڵنیایی بەڵێ، راستە لێکتێگەیشتن هەبوو لەنێوان هەردوو حکومەت، بەڵام بەداخەوە رۆشنایی نەبینی، لە 21 شوباتی 2024 دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی دا لەبارەی مووچە و بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بە ئاشکرا باسی لەوەکرد بەهیچ جۆرێک نابێت ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمە بووە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تاوەکو لەسەر ئەم بنەمایە لە مانگی شوباتەوە بڕیاربدرێت بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوور لە خەرجی راستەقینە.
 
رووداو: کەواتە ئەوەی ئێوە لە هەمواری یاساکەدا دەتانویست، دادگەی فیدراڵی بۆی کردن؟ 
 
ئامانج رەحیم: بەڵێ بە دڵنیایی.. 
 
رووداو: بەڵام هێشتا دەستەواژەی خەرجی راستەقینە لە یاساکەدا ماوە..
 
ئامانج رەحیم: بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدرالی کە دەرچووە وەکو ئەوە وایە هەمواری مادەی 11 بڕگەی دووەمی کردبێت، کە دەستەواژەی خەرجی راستەقینە نووسراوە، بۆیە ئەگەر لە مانگەکانی دوو و سێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی بەرکار کاری بکردایە دەبووایە دیسان 600 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: کەواتە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق دەستی سەرۆکوەزیرانی واڵاکرد تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات؟
 
ئامانج رەحیم: بەڵێ، خەرجکردنی مووچە لەلایەن سەرۆکوەزیران و دواتریش وەزیری دارایی عێراق بڕیارێکی کارگێڕییە، هەموو بڕیارێکی کارگێڕیی دەبێت چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی هەبێت، ئەگەر بڕوانینە نووسراوەکانی وەزارەتی دارایش کە باس لە رەوانەکردنی پارەکە دەکات بۆ هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتاکەیدا ئاماژەی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی داوە.
 
رووداو: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، بۆ ئەم بودجەیە و بودجەی ساڵانی داهاتووشە؟
 
ئامانج رەحیم: بەڵێ وەکو باسمکرد ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی هەموارکردنەوەی ئەو مادە و بڕگانەی نێو یاسای بودجەی عێراقە کە بووبوونە ئاستەنگی، ئێستا هەمووارەکەش بووەتە پرۆژەیاسا و لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانە لە بەغدا، دەتوانم بڵێم ئەم بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵی دوورە لە هەموو ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی، کە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، چونکە من خۆیشم وەکو ئەندامێکی شاندی دانوستانکار بەلامەوە ئاسان نەبوو، کە ئەگەر هەموارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێبپەڕێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران کێشەی بۆ دروست نەکرێت، بەڵام بەراستی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وای کرد زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنێت تاوەکو هەرچی زووە ئەم لێکتێگەیشتنە ببێتە بەشێک لە هەمواری یاساکە، بڕیارەکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی پابەندکردووە، ئەو بڕگانەی نێو یاساکە بگۆڕن، ئێمەش لە دانوستاندنەکانماندا دەتوانین بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بکەینە بنەمای هەموارەکە، لەپێش هەمووشیانەوە وەکو باسمکرد دەستەواژەی خەرجی راستەقینە، هەروەها بەبارمتەنەگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەردوولا رێکبکەون لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت یان داهاتە نانەوتییەکان.
 
رووداو: چ گرەنتییەک هەیە جارێکی دیکە کۆسپ دروستنەکرێتەوە بۆ مووچە؟
 
ئامانج رەحیم: بەراستی لە عێراق لەوانەیە گرەنتیدان زۆر ئاسان نەبێت، هەمیشە بڕیارەکان لەبەردەمی هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیدان، بەڵام من وەکو کەسێکی تەکنیکی و ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکار دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک گرەنتتی هەیە.
 
گرەنتی ژمارەیەک بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییە، راستە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان تێبینی و سەرنج هەبێت لەبارەی بڕیارەکە و خودی دادگەی فیدراڵی، بەڵام بەلای عێراقەوە بڕیاری دادگەی فیدراڵی پابەندی بۆ هەموو دەسەڵاتەکان دروستدەکات، بۆیە ئەم بڕیارە یەکێکە لە گرەنتییەکان، دووەم گرەنتی کە گرنگە بابەتی نەختینەیە لەبەردەستی حکومەتی فیدراڵی، ئەگەر بڕوانینە یاسای بودجە نەوتی خەمڵێندراوی رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە بە نرخی 70 دۆلار، بەڵام دوێنێ نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 90 دۆلار، واتا بۆ هەر بەرمیلێک عێراق نزیکەی 20 دۆلار سوودی هەیە واتا ئێستا عێراق لەرووی داراییەوە لە دۆخێکی زۆر باشدایە و دەکرێت ئەمە ببێتە گرەنتی دووەم، گرەنتی سێیەم کە زۆر گرنگە و لە کۆبوونەوەکان بەدیمانکرد هەم لە وەزیری دارایی و هەم لە راوێژکارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەنانەت پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق تێگەیشتنێکی جیاواز هەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە دەبێت بەدووربگیرێت لە ناکۆکییە سیاسییەکان.
 
خاڵێکی دیکەش بابەتی وردبینییکردنە، بۆ یەکەمجار لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی کرا و تەنانەت مووچەی هێزە ئەمنییەکان کە کران بە کۆد، ئەویش لەلایەن چاودێری داراییەوە وردبینی کرا، بۆیە دەتوانم بڵێم هاوئاهەنگی نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی بە جۆرێک لە جۆرەکان دڵنیاییەک دەداتە حکومەتی فیدراڵی لەوەی ئەم پارەیە بۆ مووچەخۆران خەرج دەکرێت. 
 
رووداو: عێراق بۆ ئەمساڵیش نزیکەی 80 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە لە بودجە، ئەمە گرفت دروست ناکات بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان؟
 
ئامانج رەحیم: وەزیری دارایی هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی فەرمی گوتی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2024 گرەنتیکراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. 
 
رووداو: سەردانی ئەمدواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چ گرێنتییەکی دروستکردووە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؟
 
ئامانج رەحیم: ئێستا هەموو لایەک گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە چارەسەری کێشەکانی ئێمە لە بەغدایە، دەرکەوت ئەگەر بەراستی پەیوەندییەکی هاوسەنگی دەستووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت ئەم کێشانە کێشەی زۆر قوورس نین و شیاوی چارەسەرکردنن لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم پەیوەندییەی ئێستا هەیە لەنێوان سەرۆکوەزیرانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەکو ئاماژەشت پێدا بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە  بەردەوام سەردانی بەغدای کردووە، هەروەها سەرکردە سیاسییەکانی دیکەش، بهێزکردن و برەوپێدانی ئەم پەیوەندییە دەتوانین بڵێین گرەنتی بەردەوامیدانە بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی مووچە.
 
خاڵێکی دیکە کە بەراستی گرەنتییە ئێستا حکومەتی فیدراڵی دەڵێت بۆ دوو مانگ من پابەندی خۆم جێبەجێکرد بەرامبەر هەرێمی کوردستان، گرنگە ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین. 
 
رووداو: دادگەی فیدراڵی کۆمەڵێک پابەندیشی داوە بە هەرێمی کوردستان، پابەندنەبوون پێیانەوە کێشە بۆ مووچە دروستدەکات؟
 
ئامانج رەحیم: مەرجی سەرەکی دادگەی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان بابەتی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەبانکیکردن بابەتێکی گرنگە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6 مانگێک دەبێت دەستیکردووە بە پرۆسەی بەبانکیکردن لەرێگەی چەند بانکێکەوە، بەڵام ئەم بانکانە هیچیان بانکی حکومی نین، بەڵکو بانکەکان بانکی بازرگانی ناحکومین و لەژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقدان. لەدوا کۆبوونەوەشمان بەرێز پارێزگاری بانکی ناوەندی بەشداربوو و یەکێک لە تەوەرەکان قسەکردن بوو لەبارەی بە بانکیکردن، دادگەی باڵای فیدراڵیش دوای دەرچوونی بڕیارەکە روونکردنەوەیەکی فەرمی دا و گوتی بەوپێیەی بەبانکیکردن کاتی پێویستە رێگەی دا وەزارەتی دارایی بەپێی لیست مووچە خەرج بکات، تاوەکو هەردوو حکومەت پێکەوە رێکدەکەون لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بەبانکیکردن، هەم بۆ حکومەتی عێراق و هەم بۆ دادگەی فیدراڵیش ئامانجەکە بەبانکیکردنە نەک میکانیزم و وردەکارییەکەی، بەڕێز هادی عامری لەم رۆژانەدا لە دیداری رافیدەین زۆر بە روونی گوتی بەلای حکومەت و بەلای دادگەشەوە ئامانجەکە ئەوەیە کە بەبانکیکردن بکرێت، واتا مووچە بگاتە دەستی مووچەخۆری شایستە، بۆیە ئێستا بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوئاهەنگییەک دروستبووە لەنێوان هەردوو حکومەت و بانکی ناوەندی راسپێردراوە، کە ئەم هاوئاهەنگییە دروستبکات، دوو هەفتە پێش ئێستا بانکی تی بی ئای بە فەرمی داواکاریی پێشکێشکرد کە بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردن لە چوارچێوەی هەژماری من.
 
وشەی هەژماری من تەنیا براندە، دەنا کارەکە هەر بانکەکان دەیکەن، چونکە هەژماری من خۆی بانک نییە، ئێستا ژمارەیەک بانکن و ئەگەر تی بی ئای بێتە نێو پرۆسەکەوە دەتوانین بڵێین دەرچەیەک بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە ئارەزووی ئەوە دەکەن مووچەکانیان لە بانکێکی عێراقی وەربگرن ئەوکاتە بژارەی تی بی ئای بەردەستە بۆیان.
 
رووداو: عێراق کێشەی لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من هەیە؟
 
ئامانج رەحیم: بە بانکیکردن بانک دەیکات و بانکی ناوەندیش دایکی بانکەکانە، پرۆژەی هەژماری من لەژێر چەتری بانکی ناوەندی کراوە، ئەو بانکانەی بەشداری پرۆژەکەن لەژێر چاودێری و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیدان، بۆیە ئەمە بۆ خۆی خاڵێکی بەهێزە، بەڵام لە بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا بە فەرمی باسی بانکە حکومییەکان دەکات، بانکە حکومییەکانیش بانکی رەشید و رافیدەن و تی بی ئای دەگرێتەوە، بۆیە ئێستا هەوڵێک هەیە تاوەکو بابەتی بەبانکیکردن جارێکی دیکە نەبێتەوە ئاستەنگ و دڵخۆشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بابەتێکی تەکنیکیی تێکبچێت، بۆیە لێکتێگەیشتنێک هاتووەتەئاراوە و لیژنەیەکمان هەیە لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەم دۆسێیە و وا بڕیارە لەژێر رۆشنایی بانکی فیدراڵی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی.
 
رووداو: ئەمە لەبارەی مووچە، بەڵام شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە، بەغدا بودجە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
ئامانج رەحیم: بەپێی یاسای بودجە هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 700 ملیار دیناری هەیە، لەوبڕە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دیناری بودجەیە 2 تریلیۆن بودجەی بەکارخستنە و 2 تریلیۆنیان هی پرۆژەکانی وەبەرهێنانە ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنەی ئێستا بەردەوام بێت بە دڵنیایی ئەگەر داواکارییەکانی حکومەتی ناوەندیی لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت بە دڵنیایی هەرێمی کوردستان شایستەی بودجەی بەکارخستنیشی دەبێت و شایستەی بودجەی پرۆژەکانیشی دەبێت، کە بە هەردووکیان 4 تریلیۆن دینارە بۆ یەک ساڵ.
 
هاوکات خاڵێکی دیکەش کە وەکو پارێزەر وایە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەر لێبڕینێک هەبێت لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە بودجەی بەکارخستن و پرۆژەکان بێت، ئەمەش یەکێکە لەو گرەنتییانەی کە دەستکاری دانراوی بانکیی مووچە نەکرێت.
 
خاڵێکی دیکەی گرنگیش پەیوەستە بە خانەنشینی، لە هەرێمی کوردستان خانەنشینی هەیە بڕەکەی 150 هەزار دینارە، بەڵام لە عێراق خانەنشینی لەسەروو 500 هەزار دینارە، بۆ ئەم خاڵەش ئێمە دەتوانین بڕیاری دادگەی فیدراڵی بکەینە ئارگیۆمێنتێک بۆ هاوتاکردنی مووچە و پلە کە ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە. 
 
رووداو: ناکۆکییەک هەیە لەبارەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کام داهات ناوخۆییە و کام داهات فیدراڵییە لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکان و نەوت، لەبارەی نەوت چ بەرەوپێشچوونێک هەیە؟
 
ئامانج رەحیم: ئەگەر بمانەوێت ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، تاوەکو نییەتپاکی خۆمان بۆ حکومەتی ناوەندی بخەینەڕوو.
 
پێشنیازێکمان ئامادەکردووە و بەنیازین پێشکێشی حکومەتی ناوەندی بکەین کە لەم خاڵەدا هەموو پارێزگەکانی عێراق لەگەڵمانن و داوادەکەین بەشێک لە داهاتی نەوتی بگەڕێتەوە بۆ پارێزگەکان بەمەبەستی خزمەتگوزاریی، لە یاسای بودجەشدا رێگە دراوە، 50٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ پارێزگەکان بگەڕێتەوە بۆیە ئەم خاڵە داواکاریی هەموو پارێزگەکانی عێراقە، کە بەشێک لە داهات بگەڕێتەوە و یاسایشە.
 
رووداو: جیاوازییەک هەیە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی باج، ئایا باج کەمدەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان؟
 
ئامانج رەحیم: تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە لەبارەی باج، باج لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندا نییە گۆڕانکاریی تێدا بکات، مادەیەکی دەستووری هەیە کە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە گۆڕانکاریی لە باج یان سەپاندنی باجی نوێ هەمووی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت بە یاسا رێکبخرێت، واتا ئەنجوومەنی وەزیران و دەسەڵاتی جێبەجێکردن مافی ئەوەی نییە دەستکاریی یاساکانی باج بکات ئەو یاسای باجەش کە کاری پێدەکرێت لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش هەر یەک یاسایە، هیچ یاسایەکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەرنەچووە لەوبارەیەوە، هەندێک گۆڕانکاریی کراوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بنەماکەیان هەر یەک بنەمایە.
 
رووداو: لە رسووماتدا جیاوازیی هەیە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، رسوومات لە هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە؟ 
 
ئامانج رەحیم: بەڵێ رسوومات جیاوازە، ئەگەر بمانەوێت ببینە تەواوکاریی لەگەڵ سیستمی دارایی عێراقی فیدراڵ دەبێت بابەتی رسوومات و باج و ئەو شتانە بە یەک سیستم لە سەرانسەری عێراق رێکبخرێت، لەو پێشنیازەی ئامادەمان کردووە بەشێکی لەسەر ئەوەیە کە ئێمە چۆن وابکەین باج و رسوومات لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بخەیەنە یەک چوارچێوەوە و یەک بڕ و یەک رێژە بن.
 
رووداو: پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران 8 ساڵە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، ئەگەر دەستپێبکاتەوە خەرجی زیاد دەکات، ئەوە گرفت بۆ مووچە دروستناکات؟
 
ئامانج رەحیم: پلەبەرزکردنەوە مافێکی یاسایی مووچەخۆرانە بەداخەوە چەند ساڵێکە لێی بێبەشن، ئێستا رێکارەکان دەستیانپێکردووە و هەندێک رێنمایی و گشتاندنی بۆ دەرکراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتی دارایی راسپاردووە کە ئامادەسازیی بکەن و نەخشەیەک ئامادە بکەن کە هەر مووچەخۆرێک لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە شایستەی چ پلەیەک دەبێت، بەڵام بابەتەکە لە وەزارەتێک بۆ وەزارەتێکی دیکە جیاوازە و لە فەرمانبەرێکەوە بۆ فەرمانبەرێکی دیکە جیاوازە هەربۆیە پرۆسەکە کاتی دەوێت.
 
رووداو: دادگەی فیدراڵی و حکومەتی عێراق چەند روونکردنەوەیەکیان داوە لەبارەی نێوەڕۆکی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، چاوەڕوانی هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەی دادگەی فیدراڵین؟ 
 
ئامانج رەحیم: دادگەی فیدراڵی لە سەرەتای مانگی ئادار روونکردنەوەیەکی دا کە بابەتی بەبانکیکردنی مووچە کاتێکی زۆری پێویستە، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکرد تاوەکو تەواوکردنی بەبانکیکردن بە لیست مووچە خەرج بکات، ئەمەش دەکرێت وەکو جۆرێک لە گرەنتی سەیربکرێت.
 
رووداو: چارەنووسی 3 مووچەی کۆتایی ساڵی 2023 چی دەبێت؟
 
ئامانج رەحیم: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەم مووچانە روونکردنەوەیەکی داوە و دەڵێت ئێمە پابەندین بە یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی، ئەمەش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت کە ئێمە کار لەسەر ئەو مووچانە بکەین.
 
رووداو: پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە، حکومەت هەندێکجار پێویستی بەوەیە ژمارەی فەرمانبەرەکانی زیادبکات، یان دامەزراندن بکاتەوە، ئەم دۆخەی ئیستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکاتە دەستبەستراوی بەغدا؟ 
 
ئامانج رەحیم: پرسیارێکی بەجێیە، ئەگەر سەیری بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بکەین، بەرپرسیارێتی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
 
خشتەیەک هەیە پێیدەگوترێت خشتەی هێزی کار لە عێراق، ساڵانێکی زۆرە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو خشتەیەدا 681 هەزار و 22 فەرمانبەرن، گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە، چونکە هەرێمی کوردستان تاوەکو مانگی 1ی ساڵی 2014ش تریلیۆنێک و 250 ملیار دیناری لە بەغدا بۆ دەهات، چونکە ئەوکاتە خەرجی راستەقینە نەبوو، ئەمە وای کردبوو هەرێمی کوردستان بەلایەوە گرنگ نەبوو کە ژمارەی مووچەخۆرەکانی چەندن لە خشتەی هێزی کاری عێراق.
 
ئێستا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن مووچەخۆرێک دابنێت پێویستی بە دوو بابەتە، خاڵی یەکەم پێیدەگوترێت پلەی وەزیفی، ئەمەیان بە یاسا دەستنیشان دەکرێت، بۆ نموونە دەڵێیت وەزارەتی تەندروستی – بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ ساڵی 2025 پێویستی بە 100 فەرمانبەری نوێیە، ئەم 100 فەرمانبەرە دەبێت بخرێنە خشتەی هێزی کارەوە و خشتەکە نوێ بکرێتەوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەبێت پارەیان بۆ تەرخان بکرێت، تەرخانکراوی داراییش بە یاسای بودجە دەکرێت، کەواتە ئەگەر ئەم پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەی ئێستا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت دەکرێ لە یاسای هەمواری یاسای بودجەدا دەستکاریی خشتەکانیش بکرێت، چونکە بۆ نموونە ئەگەر پلەبەرزکردنەوە بکەین ئەوکات ئێمە 949 ملیار دینار بەشمان ناکات، ئەگەر هاوتای مووچەی مووچەخۆران و کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ بەغدا بکەین 949 ملیار دینار بەشمان ناکات، ئەگەر ئێمە پابەندییەکانی خۆمان وەکو لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هاتووە و لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی بەبانکیکردن چارەسەر بکەین پێموایە بابەتەکانی دیکە چارەسەریان ئاسان دەبێت.
 
چ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و چ ئێمە وەکو شاندی دانوستاندنکار و کابینەکەش پێمانوایە کە نابێت پاساو بدەینە دەست عێراق تاوەکو جارێکی دیکە دواکەوتنی مووچە دووبارە نەبێتەوە و پابەندییەکانمان جێبەجێ بکەین.
 
رووداو: چارەنووسی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندن چی دەبێت؟
 
ئامانج رەحیم: من شانازیی دەکەم کە هەمیشە بۆ ئەم پرسە لەسەر هێڵ بووم و ئەوانەشی پێشتر دامەزراون، رۆڵم هەبووە تێیدا، چونکە من خۆم یەکەمی کۆلێژەکەی خۆم بووم، بۆیە دڵنیایان دەکەمەوە لەگەڵ چاکبوونی بارودۆخی دارایی، ئەوان کاری لە پێشینەن، خاڵێکی بەهێز ئەوەیە لە بەغدا ئەم بابەتە بە یاسا رێکخراوە، یاسایەکی تایبەت هەیە بۆ دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکانی کۆلێژەکان لە زانکۆ حکومییەکان، ئەوکات ئەو یاسایەی حکومەتی فیدراڵی دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش کاری پێبکرێت، بۆیە لەدوای جەژنەوە لەگەڵ بابەتی پلەبەرزکردنەوە و هاوتاکردنی مووچە ئەم بابەتەش دەخەینە بەرباس و هیوایان هەبێت.
 
رووداو: چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست چی دەبێت، دەکرێنە هەمیشەیی؟
 
ئامانج رەحیم: لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی هەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست دانیشتین و ماوەی 45 خوولەک لەگەڵیان کۆبووینەوە رەزامەندی جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەیمان وەرگرتووە، کە دوای پشووەکانی جەژن جارێکی دیکە بابەتی دامەزراندنی مووچەخۆرانی گرێبەست ببەینەوە ئەنجوومەنی وەزیران. بۆ ئەمانیش خاڵی بەهێز ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەکردووین کە ئەو مووچەیەی ئێستا دەدرێت بە مووچەخۆری گرێبەست جیاوازییەکی زۆری نابێت ئەگەر بکرێنە هەمیشەیی، ئەوەی مایەی دڵخۆشیشە لیستی مووچەخۆرانی گرێبەستمان نارد بۆ بەغدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە چوارچێوەی لیستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە و وەزارەتی داراییش پارەی بۆ تەرخانکردوون کە نزیکەی 28 هەزار کەسن.
 
رووداو: وانەبێژەکان چارەنووسیان چی بەسەردێت؟
 
ئامانج رەحیم: ئەگەر ئێمە هەنگاوێک بچینە پێشەوە لەرووی جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، دواتر دەبێت کار لەسەر وانەبێژان بکرێت لە قۆناخی یەکەمدا هیچ نەبێت بکرێنە گرێبەست، کە یەکێک لە داواکارییەکانی وانەبێژان ئێستا ئەوەیە، کە چارەسەری ئەو دۆخەیان بکرێت.
 
رووداو: لە بابەتی نەوتدا یەک خاڵ مایەی ناکۆکیی بوو، ئەویش حەقدەستی کۆمپانیاکان بوو، هیچ رێککەوتنێک لەمبارەیەوە کراوە؟
 
ئامانج رەحیم: پێش هەموو شتێک هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت نییە تاوەکو کۆمپانیاکانی خۆی ناچار بکات بەو پارەیە رازی بن، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەستنیشانکراوە، بۆیە ئەم کێشەیە هێندەی لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراقە لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان و تێچووی گواستنەوەی نەوت، هێندە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا نییە، لە دوا هەنگاویش نوێنەری هەموو کۆمپانیاکانمان لەگەڵ خۆمان برد بۆ بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت بە سەرپەرشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووینەوە و هەر دۆکۆمێنتێکیان داواکرد پێشکێشیان کرد، بۆیە کێشەکە ئێستا لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراقە هەرچەندە بەداخەوە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار زیانی بە گەنجینەی عێراق گەیاندووە.
 
رووداو: وەکو تیمی یەکێتی و پارتی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران ئێستا هاوئاهەنگیتان چۆنە؟
 
ئامانج رەحیم: من شاهیدی دەدەم وەکو شاندی دانوستاندنکار کەس هەست بەوە ناکات کە کێ یەکێتی و کێ پارتییە، هەموومان پێکەوە یەکدەنگ و یەکدەست کارمان کردووە و ئەوەی لە توانامان بووە کردوومانە.
 
راستە ئێمە رۆڵمان هەبووە، بەڵام ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەتایبەت لە بواری مووچەدا کاری هەموو دڵسۆزانی دیکەشە بەتایبەت بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق، من لەگەڵ هەموو سەرۆکوەزیرانەکانی پێشتری عێراق کارمکردووە دەمێکە لەنێو دانوستاندنەکانم، بەڵام ئەوەی من هەستی پێدەکەم لە بەڕێز سوودانی بە نییەتێکی زۆر جیدییەوە دەیەوێت لەسەردەمی کابینەکەیدا چارەسەری ئەم کێشانە بکات.
 
لە هەمانکاتدا بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەمیشە رێنوێنی ئێمەی کردووە کە هیچ بیانوویەک مەهێڵنەوە لە چوارچێوەی دەستوور و دوای جەژن دەستدەکەینەوە بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانمان.