پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران


رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئەم پێشهاتە ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو ھێورکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەڕانەوە بۆ دیالۆگی بونیاتنەر."

بەرەبەیانی 8ـی نیسان، بە نێوەندگیریی پاکستان، ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران بۆ دوو هەفتە راگەیێندرا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ھیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیەتێکی پاکەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و کار بکەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام کە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە تەواوی ناوچەکەدا بچەسپێنێت."

بەپێی ئاگربەستەکە، ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی رادەگرن لەو دوو هەفتەیەدا و پێویستە ئێرانیش تەنگەی هورمز بۆ کەشتییەکان بکاتەوە. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "دەستخۆشیمان بۆ ھەوڵەکانی ھەموو ئەو لایەنانە ھەیە کە بەشداربوون لە ئاسانکاری بۆ ئەم ئاگربەستە."