فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیرییە.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ئامادەبوونی دەستەی راوێژکاران، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەفین دزەیی پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد؛ هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە، هەروەها هەوڵی گشت ئەو وڵاتانەی کە رۆلیان گێڕا بۆ ئەم ئاگربەستە بەرز نرخێندرا.
لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەڵێ:"ئەو هێرشانە بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکرێن و بەداخەوە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە خۆی لە ململانێکان بەدوور گرتووە".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ دیپلۆماتکاران روونکرایەوە. سەفین دزەیی سوپاسی هەماهەنگی و هاوکاریی وڵاتانی تورکیا، ئیمارات، سعوودیە و ئوردنی کرد کە هاوکار بوون لە گەڕاندنەوەی ئەو هاونیشتمانیانەی بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لەو وڵاتانە گیریان خواردبوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا و بەبۆنەی یادی پرۆسەی ئازادیی عێراق لە 9ی نیسانی 2003، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو رۆژە کۆتایی بە رژێمی ستەمکاری بەعس هات و سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد بۆ ئەو رۆڵە مێژووییەی لە گۆڕانکارییەکانی عێراقدا گێڕایان.
لەلایەن خۆیانەوە، نێردە دیپلۆماسییەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد بۆ ئەو ئاسانکارییانەی لە ماوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا پێشکەشی تیمی دیپلۆماتکارانیان کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی نیسانی 2026 ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیێندرا.