فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک: لە 24 کاژێردا گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رایگەیاند، تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان تەواو بوون و لە 24 کاژێری داهاتوودا گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکەنەوە.
هەردی ساڵەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییە تایبەتەکانی فڕۆکەخانە تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا تەواو دەبن؛ ئێستا ئامادەکارییەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بە مەبەستی گەڕانەوەیەکی ئارام و رێکخراو بۆ جووڵەی فڕۆکەوانی."
سەبارەت بە کاتی گەشتەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوە کرد، خشتەی گەشتەکان یەک لە دوای یەک لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە. داواشی لە گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرد، چاوەڕوانی دوایین نوێکارییەکان بن کە لە لایەن ئیدارەی فڕۆکەخانەوە بڵاودەکرێنەوە.
بەنگین رێکانی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بە وەکالەت، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 کردنەوەی ئاسمانی عێراق و سەرجەم فڕۆکەخانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-04-2026 ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراقەوە ئاگادار کراینەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانمان و ئێستا دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە."
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەو ئاگادارییەی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقەوە پێیان گەیشتووە، لە ئەمڕۆوە 08-04-2026 ئاسمانی عێراق بەڕووی جووڵەی فڕۆکەوانیدا بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کراوەتەوە.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە هێڵە ئاسمانییەکان بەپێی پلانی خۆیان و دوای رێکخستنەوەی خشتەی گەشتەکانیان، بە زووترین کات گەشتە ئاسمانییەکانیان لە فڕۆکەخانەکە دەستپێبکەنەوە.
فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بریتین لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، جەلال تاڵەبانی (سلێمانی)، کەرکووک، موسڵ، بەغدا، نەجەف و بەسرە.