هەنگەوانێکی هەرێمی کوردستان: هەنگوینی ئێرانی رێگرە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی هەنگەوانی
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و هەبوونی سروشت و ژینگەیێکی لەبار، باشووری کوردستان شوێنێکی هەرە نایابی بەخێوکردنی هەنگە، بەڵام هەناردەکردنی هەنگوینی بیانیی و کێبڕکێ نەکردنی نرخی هەنگوینی خۆماڵی لەگەڵی رێگرە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان.
بۆ ئەوەی تەنها یەک کلیۆ هەنگوین دروست بکەن، هەنگەکان بە سەر چوار ملیۆن گۆڵدا دەنیشنەوە، خۆ ئەگەر ساڵ ساڵی رووەکی تێسوو بێت، ئەوا هەنگوینی زۆر و نایاب بەرهەم دێنن.
حەمەدەمین خاوەنی 300 پورەنگە و بەرهەمی ساڵی رابردووی نزیکەی دوو تۆن هەنگوین بووە، حەمەدەمین گرکی ساڵانە سێ بۆ چوار وار بە هەنگەکانی دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمێکی سروشتیی و بێ خەوش بفرۆشێت.
حەمەدەمین گرکی، هەنگەوانێکە و دەڵێت، "من هەمیشە کوێستان و گەرمیان بە هەنگەکانم دەکەم بۆ ئەوەی بتوانم هەنگوینێکی باش بەرهەم بهێنم. با بەرهەمی ساڵیشم کەم بێت گرنگ ئەوەیە هەنگوینێکی باش بدەمە کڕیارانم، بەڵام حەیف ئەوەیە هەنگوینی ئێرانی لێی تێکداوین و رێگرە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی مێشەوانی."
لە هەرێمی کوردستان 21 هەزار مێشەوان هەن، 700 هەزار پورەنگیان هەیە. بەرهەمی ساڵی رابردووی هەنگوین 700 تۆن بووە. ساڵانە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 200 تۆن هەنگوین دەفرۆشرێت.
یاسین حەمەد، نۆزدە ساڵە هەنگوین فرۆشە، دووکانەکەی بە تۆن هەنگوینی هاوردەکراوی بیانی لێیە. نرخی یەک کیلۆی تەنها حەوت هەزار دینارە. هەنگوین فرۆشێکی بەرهەمی خۆماڵیشە، هەنگوینی کێوی، سەندوق و خەلێفیشی هەیە، کیلۆی لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 150 هەزار دینار.
یاسین حەمەد، دووکاندارێکی هەنگوینە و گوتی، "هەولێر و سلێمانی پڕیەتی لەو هەنگوینەی لە ئێرانەوە دێت. ئێمە لەوێ دەیکڕین و نرخەکەشی هەرزانە و خەڵکی دەیکڕن، ئەگەرنا هەنگوینی خۆماڵیشم هەیە، بەڵام گرانە و کەمتر دەفرۆشرێت."
بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 1-8-2020 هاوردەکردنی هەنگوین قەدەخەکراوە.
فاخیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ باس لەوە دەکات، "ئێمە وەزارەتێکی خزمەتگوزارین و بڕیار دەردەکەین و چاودێری پەیوەستە بە لایەنێکی دیکەوە. کاتێک جێبەجێی نەکەن هیچ بە ئێمە ناکرێت."
بەرزی لە ئاستی رووی دەریا، هەبوونی سەدان جۆر لەو گیا و گوڵەی هەنگ بۆ بەرهەم هێنانی هەنگوین کاریان لەسەر دەکات لە باشووری کوردستان خۆڕسکانە دەستەبەر بوون. ئەو بەرهەمەی لە سروشتەوە بەرهەم دەهێندرێت بەهۆی کێبڕکێ نەکردنی لەگەڵ بەرهەمی بیانیی هەنگەوان بە سوودێکی کەم دەیفرۆشن، یاخود زەرەرمەندیش دەبن.