کەسێک لە کەرکووک بەهۆی خواردنەوەی کحوول گیانی لەدەستدا؛ 'ویستوویەتی 10 لیتر بخواتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک کەسێکی بەساڵاچوو بەهۆی خواردنەوەی کحول گیانی لەدەستدا. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''ویستوویەتی 10 لیتر بخواتەوە، بەڵام دوای خواردنەوەی چەند لیترێک، تەندروستی تێکچووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.''
رووداوەکە شەوی چوارشەممە 07-05-2025 لە گەڕەکێکی کەرکووک روویداوە. هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە هاووڵاتییەکە کریستیانە و خەڵکی گەڕەکی تەپەیە لە کەرکووک. بە تەنیا دەژی و کەسوکارەکەی لە دەرەوەی وڵاتن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ''ئەو هاووڵاتییە رۆژانە کحولی خواردووەتەوە و شەوی رابردوو ویستوویەتی هەشت بۆ 10 لیتر بخواتەوە.''
ئەو هاووڵاتییە لەدوای کڕینی 10 لیتر خواردنەوەی کحوولی، هەر لەوێ لە تەنیشت دیوارێک چەند لیترێکی خواردووەتەوە، بەڵام تەندروستی تێکچووە و لەلایەن خەڵکەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک.
هیوا حوسامەدین ئاماژەی دا، ''تەنیا سێ خولەک لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە ماوەتەوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.''
پۆلیس رووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ژمارەیەک لە کرستیانەکان تەرمی ئەو هاووڵاتییەیان لە دادپزیشکیی کەرکووک وەرگرتووەتەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەخاکسپێردراوە.