لە مەریوان لە کۆنفرانسێکدا تاوتوێی کێشەکانی دەریاچەی زرێبار دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە لە دووەمین و کۆتا رۆژی کۆنفرانسێکدا کێشە و ئاریشەکانی ژینگەی دەریاچەی زرێباری مەریوان تاوتوێ دەکرێن.
پێنجشەممە، 8ی ئایاری 2025، ناسیح حوسێنی، ژینگەپارێز لە شاری مەریوان بە رووداوی گوت، "لە دووەمین رۆژی یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ژینگەی زرێباری مەریوان لە شاری مەریوان هەموو ژینگەپارێزانی سنە بانگهێشت کراون تاوەکو لە نزیکەوە باس لەو و کێشە و گرفتانە بکرێت کە لە دەریاچەی زرێبار هەیە".
بە گوتەی ئەو ژینگەپارێزەی مەریوان لە کۆنفرانسەکەدا باسی هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو پلانە دەکرێت، کە لە ساڵی 2010 بۆ رێکخستنەوە و چارەکردنی کێشەکانی زرێبار دانرا.
ناسیح حوسێنی گوتیشی: "بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا هەموو ئەو کێشە و گرفتانە دەستنیشان بکەین کە لە ئێستا و داهاتوودا رووبەڕووی زرێبار دەبنەوە و هەوڵدەدەین رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە و رێگری لە لەنێوچوونی زرێبار بکەین".
دکتور ئەوسەتی، پسپۆری ژینگە و مامۆستای زانکۆی کوردستان لە سنە لە بارەی کۆنفرانسەکە بە رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا کە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو کە 70 گوتار بۆ کۆنفرانسەکە هاتبوو کە پێشکێش بە ئامادەبووان کرا و هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و کۆمەڵێک وێنەی زرێبار و ئەو باڵندانەی لەو ناوچەیە دەژین نمایش کران".
دکتۆر ئەوسەتی، لە سنە ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک وۆرکشۆپ لە خۆ دەگرێت باس لەو کارانە دەکرێت کە لە زرێبار کراوە و بڕیار چی بکەن، دەکرێت.
لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە ئەو ژینگەپارێزانە خەڵات کران کە هەوڵی پاراستنی ژینگەی زرێبار دەدەن.
دەریاچەی زرێبار کۆمەڵێک مەترسیی لەسەرە، لەوانە تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و دروستکردنی خانوو لە نزیک دەریاچەکە، فڕێدانی خاشاک بۆ ناو دەریاچەکە، دروستکردنی رێگە، ئاگرکەوتنەوە لەنێو قامیشەڵانەکان کە دەیان جۆر باڵندە و زیندەوەری تێدا دەژین و وشکبوونی کانیاوەکان و کەمیی باران بەشێکیانن.
دەریاچەی زرێباری مەریوان یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و داهاتێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە هەیە.