وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانسی گۆڕان دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو کۆنفرانسی جیا و سەرنەگرتنی هیچیان بە هۆکاری جیا، بەرپرسێک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەڵێت، وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس دیاریکراوە لەم مانگەدا. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش لە گردی زەرگەتە بۆ بەشداربوونیان هەڵوێستی ئەو ئاراستەیە دەخاتەڕوو.
دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".
ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە.
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێک لە ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرچاومان روونکراوەتەوە و بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، 24 ـی ئەم مانگە بۆ کۆنفرانسی گشتیی دیاریکراوە".
هەر ئەمڕۆ نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ بەشدار بوون لە کۆنفرانس یان بەشدار نەبوون، دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێت".
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە 2100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
بەڵام بە گوێرەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) بۆ رووداو، "کۆنفرانسی داهاتووو بە گوێرەی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو دەبێت، بۆ نموونە 400 ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگیان پەسند بکەن".