پارێزگاری حەسەکە بۆ رووداو: زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەکان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی کۆشکی دادی شارەکە کۆتاییان هاتووە و لەمەودوا لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن، زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان زیاد دەکرێت. ئاشکراشی کرد کە هەر ئەمڕۆ نزیکەی 250 زیندانی ئازاد دەکرێن.
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەو ئاڵۆزییانەی لە باڵەخانەی دادوەری (کۆشکی داد) هەبوون، کۆنتڕۆڵکراون و ئەو قۆناخەمان تێپەڕاند." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەیەکی نزیکدا باڵەخانەکە بە فەرمی دەستبەکار دەبێتەوە.
زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان
یەکێک لە بڕیارە نوێیەکانی پارێزگای حەسەکە کە نوورەدین ئەحمەد بۆ رووداو ئاشکرای کرد، پەیوەستە بە زمانی کوردی. پارێزگار گوتی: "لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، نووسینی کوردی بۆ سەر تابلۆکان زیاد دەکرێت و ناوی فەرمانگە و شوێنەکان بە زمانی کوردیش دەنووسرێن."
رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی لادانی تابلۆی ناونیشانی کۆشکی دادی لە حەسەکە، کە زمانی کوردی لەسەر بوو، ئاڵۆزی دروست بوو، بەشێک لە دانیشتووانی حەسەکە هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و تابلۆ نوێیەکەیان، کە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەری نووسرابوو هێنایانە خوارەوە.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کۆشکی دادی حەسەکە، پارێزگار روونی کردەوە کە تەواوی فەرمانبەرانی کارگێڕی لە شوێنی خۆیان بەردەوام دەبن، بەڵام بۆ دادوەرەکان رێکارێکی دیکە دەگیرێتەبەر.
نوورەدین ئەحمەد گوتی: "دادوەرەکان سەردانی دیمەشق دەکەن و لەوێ لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت تاوەکو لێهاتووترینەکان هەڵبژێردرێن. بەشێکیان بە شێوەیەکی خێرا دەستبەکار دەبن و بەشەکەی دیکەشیان دەچنە پەیمانگەی باڵای دادوەری بۆ بینینی خولی زیاتر."
پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ (هەینی) بڕیاری ئازادکردنی نزیکەی 250 زیندانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە پارێزگای حەسەکە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنە لاوەکییەکان دەستیان پێکردووە.